ئەکرەم ئەمین
ئامار و سەرژمێری یەکێکە لە ئامرازە گرنگەگانی هەر وڵاتێک بۆ زانینی کۆمەڵێک خاڵ و کارکردن لەسەر ئەنجامەکەی.
لە زۆربەی وڵاتان و بەتایبەتی وڵاتە پێشکەووتووەکان، سەرژمێری ساڵانە یان چەند ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، لەوێوە کار لەسەر خاڵە باشەکان و چارەسەری خاڵە لاوازەکان دەکەن، بەگشتی ئامارەکان یارمەتیی وڵاتان دەدەن بۆ باشترکردنی ئەدای ئابووری و کۆمەڵایەتی و توانای بڕیاردانی ستراتیژی، بەڵام لە عیراق چەند دەیەیەکە ئەنجام نەدراوە، هەندێکی لە ترس و هەندێکی لەبەر پرس.
کورد مارانگازە
کورد زۆر لە سەرژمێری ناڕوون و بە گومان دەترسێت، چونکە دەمێک ساڵە کار لەسەر کەمکردنەوەی ژمارە و ناوچەکانی دەکرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە خاکی کوردن و رژێمە یەک لە دوا یەکەکانی عیراق نکۆڵی لە کوردبوونیان دەکەن. بۆیە ئەگەر سەرژمێرەییەکە دروست نەبێت، ئەوا کورد لەچەند لایەنێکەوە زیان پێ دەگات:
1 - لە دەستدانی بەشێک لەو ناوچانەی کە داگیرکراون، بەشێوەیەک کە ناتوانێت بەدەستیان بهێنێتەوە.
2 - کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتوانەکەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەشە بەرکەوتە و بەشە بودجە.
سوودی سەرژمێری بۆ وڵاتان چییە؟
ئامار رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەوەی وڵاتان سوودمەندبن لە داتاکانیان و شیکردنەوەی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆیان. لێرەدا چەند سوودێک دەخەینەڕوو کە وڵاتان دەتوانن بە بەکارهێنانی سەرژمێری بەدەستی بهێنن:
1 - پلاندانان بۆ سیاسەتی نیشتمانی
سەرژمێری یارمەتی حکومەتەکان دەدات بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری، لەسەر دانیشتوان و ئابووری، ئەمەش توانای حکومەتەکان بەرزدەکاتەوە بۆ بڕیاردانی ئاگادارانە، بۆ سیاسەتی گەشەپێدان و ئابووری.
2 - چاودێری و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری
لە رێگەی ئامارەوە، وڵاتان دەتوانن پەیڕەوی لە پێوەرە ئابورییەکانی وەک گەشەی ئابووری، هەڵاوسان، بێکاری و داهاتی نیشتمانیی بکەن، ئەمەش یارمەتیدەرە لە بڕیاردان بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری.
3 - دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان
سەرژمێری یارمەتی حکومەتەکان دەدات بۆ زانینی دابەشبوونی دانیشتوان و ئەو ناوچانەی زۆرترین پێویستییان هەیە، ئەمەش بەشدارە لە تەرخانکردنی سەرچاوە و بودجە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و کاریگەر.
4 - ئامادەکردنی بودجەی گشتی
بە کەڵک وەرگرتن لە داتای ئاماری وڵات، دەتوانن داهات و خەرجییەکان دیاری بکەن و قەبارەی کورتهێنان یان زیادەی بودجە بخەمڵێنن، ئەمەش بەشدارە لە پلاندانانی دارایی دروست.
5 - شیکردنەوەی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان
سەرژمێری یارمەتیدەرە بۆ لێکۆڵینەوە لە پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە بوارەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و نیشتەجێبوون، ئەمەش پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک بەرز دەکاتەوە کە پێداویستییەکانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دابین بکات.
6 - پێشبینیکردنی ئایندە
لە رێگەی ئامارەوە، وڵاتان دەتوانن پێشبینی داهاتوو لە چەند بوارێکدا بکەن، وەک زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، گۆڕانکاری لە بازاڕی کار یان کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش یارمەتیدەرە لە داڕشتنی ستراتیژی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی داهاتوو.