رۆژبەڕۆژ گرژی و سەپاندنی رێژەی باج لەنێوان ئەمریکا و چین زیاددەبێت، ئەمەش دۆخێکی ئابووری ناپەسەند و خاوبوونەوەی بازڕگانی لە جیهان دروستکردووە. وڵاتان بەگشتی و ئەمریکا و چین لە هەوڵی ئەوەدان وڵاتەکەیان کەمترین زیان بکات، بۆ ئەوەش هەوڵی زیادکردن و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ دەدەن بۆ ساغکردنەوەی شمەک و کاڵاکانیان.
ئاماری رێکخراوی بازرگانی جیهانی، پێشبینی دەکات لەم ساڵدا هەناردەی چین بۆ ئەمریکا بە رێژەی %77 دابەزێت، واتە یەکێک لە گەورەترین پەیوەندییە بازرگانییەکانی جیهان دەڕووخێت کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر ئابووری ئەو دوو دوڵاتە و جیهان بەگشتی.
بازاڕی نوێ
بەرزبوونەوەی بەرچاوی باج و کەمبوونەوەی بەرچاوی هاوردەی ئەمریکا لە چینەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا پشتبەستنی بە چین کەمدەکاتەوە، مەزەندە دەکرێت هەناردەکردن لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەمریکا بە رێژەی %22 زیاد بکات.
لەبەرامبەردا بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بازاڕی گەورەی ئەمریکا، چین روو لە بازاڕەکانی وەک وڵاتانی دیکەی ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور، ئەوروپا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
ئەمەش وا دەکات گەرموگوڕییەکی زیاتر روو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و وڵاتانی ئاسیا بەتایبەتی بکات، چونکە هەردوو وڵات ئەمریکا و چین هەژموونێکی بەهێزیان بەسەر ئەو بازاڕەوە هەیە، لێرە بەدواوە کێشمەکێشەکە زیاتر دەبێت بۆ راکێشانی وڵاتانی تر بۆ خۆیان، ئەو دوو وڵاتە رکابەرە ناچارن بەگرتنەبەری شێوازی جیاواز وەک گوشار و هەندێکجار بەخشینی پاداشت ئەو کارەبکەن کە دەیخوازن.
عیراق و وڵاتانی ناوچەکە
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا وڵاتانی خۆرهەڵات و ئاسیا کام بەرەیە زیاتر هەڵدەبژێرن، بەڵام ئەمریکا لێناگەڕێت وڵاتان دەستکراوە بن لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ چین، بۆ ئەو مەستە ئەمریکا لیستی ناوی حەفتا وڵاتی ئامادەکردووە بەوەی لەکاتی بازرگانی و هاوردەکردنی شمەک و کەلوپەلی چینیدا بەهەمان شێوەی چین رێژەی باج بخاتە سەر کاڵانیان، ئەمەش گوشارێکی دیکەی ئەمریکایە بەرامبەر چین.
لەناو ئەو وڵاتانەی کە وڵاتی چین چاوی لەسەریەتی و خوازیارە بازرگانی لەگەڵدا زیادبکات، عیراقە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لە ساڵی 2024دا گەیشتبووە 50 ملیار دۆلار، ئەمەش بەڕێژەی %10 لەچاو ساڵی 2023دا زیادیکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەناردەی شمەک و کەلوپەلی ئەمریکا بۆ عیراق لە ساڵی 2024دا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بۆ 1.66 ملیار دۆلار، کە بەراورد بە ساڵی 2023 کە هەناردەکردنی گەیشتبووەتە 2.255 ملیار دۆلار ئەمەش ئەوەدەردەخات بەڕێژەی %26.4 کەمبووەتەوە.
ململانێی بازرگانییەکە دێتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست