پەیامێکی هەڕەشەئامێزە بۆ چالاکوانان

لێدوانەکانی وەزیری ناوخۆی لیبیا بۆ سەپاندنی باڵاپۆشیی، مشتومڕی توندی لێکەوتەوە

11:14 - 2024-11-13
رۆزا دڵشاد مەریوانی
94 خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی


عیماد تەرابلوسی وەزیری ناوخۆ لە حکومەتی «یەکێتیی نیشتمانی کاتیی» لە لیبیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەندێ لێدوانی دا سەبارەت بە سەپاندنی باڵاپۆشیی لە وڵاتدا، جگە لەوەی داوای رێگریکردنی کرد لە تێکەڵبوونی نێوان هەردوو رەگەز، لە شوێنە گشتییەکاندا، هاوکات چالاککردنی پۆلیسی ئەخلاق لە شەقامەکاندا. هەروەها سوێندی خوارد «هەرکەسێک هەر ناوەڕۆکێکی نەشیاو لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوبکاتەوە دادگایی بکات» ئەو کافێیانەش دابخات کە (نێرگەلە) پێشکەش دەکەن.

لێدوانەکان مشتومڕی لێکەوتەوە
لێدوانەکانی تەرابلوسی مشتومڕی لێکەوتەوە لەنێوان لایەنگر و دژدا، کاردانەوەی جیاوازی لە سۆشیال میدیا بەدوای خۆیدا هێنا. بۆ نموونە هەندێک لە سیاسەتمەداران وتارەکەی تەرابلوسیان بە هەوڵێک دانا بۆ «سەرقاڵکردنی لیبییەکان»
چالاکوانانی مەدەنیش لێدوانەکانی وەزیری ناوخۆیان ئیدانە کرد و بەوەی زۆربەی ژنانی لیبیا خۆیان پابەندن بە پاڵاپۆشییەوە، رەبیعە ئەبو راس ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لیبیایە، هێرشی کردە سەر وەزیری ناوخۆی ئەو حکومەتە کاتییە و داوای لە سەرۆک وەزیرانی لیبیا، عەبدولحەمید دەبەیبە کرد «پێداچوونەوە بە وتاری وەزیرەکەیدا بکات».
بۆ پاراستنی پێگەی خۆیەتی
لای خۆیەوە، چالاکوانی مافی مرۆڤ تاریق لەملوم، وتارەکەی وەزیری بەوە وەسف کرد کە «تەنها دەیەوێت لە رێگەیەوە رەزامەندی بزووتنەوەیەکی ئایینی دیاریکراو بەدەستبهێنێت، لەگەڵ بۆ پاراستنی پێگەی خۆیەتی لە هەر حکومەتێکی داهاتوودا». هاوکات تیشکی خستە سەر ئەوەی هیچ ئامارێکی تایبەت نییە لە وەزارەتی ناوخۆ، یان هەر دامەزراوەیەکی فەرمی، باس لەوە بکات کە رێژەی تاوانەکانی ئەخلاق لە کۆمەڵگادا زیادی کردبێت». 
ئەو چالاکوانە پێشبینی ئەوە دەکات ئامانجی سەرەکیی وتارەکەی تەرابلوسی «بەرەنگاربوونەوەی دروستکەرانی ناوەڕۆک بێت لە سۆشیال میدیا، کە چالاکوانن و هەندێک بابەتی پەیوەست بە بەرپرسان بڵاو دەکەنەوە». تاریق لەملوم بە ئەلشەرق ئەلئەوسەتی راگەیاند: رەنگە ئەمە پەیامێکی هەڕەشەئامێز بێت بۆ ئەو چالاکوانانە، چونکە زۆربەی ئەو بابەتانەی بڵاودەکرێنەوە سیاسین».

هەوڵێک بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی خۆی
هاوکات هەندێک لە هاووڵاتیانی لیبیا گرنگیدانی تەرابلوسییان بە جلوبەرگی ژنان وەک هەوڵێک زانی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی خۆی لە دەرکردنی گروپە چەکدارەکان لە پایتەخت. 
چالاکوانی مافی مرۆڤ تاریق لەملوم ترسی هەیە لەوەی «تۆمەتی کردنی کاری نائەخلاقی بدرێتە پاڵ هەندێک لە چالاکوانانی کچ، کە تۆمەتێکی زۆر قورسە لە کۆمەڵگەی لیبیادا» جەختیشی لەوە کردەوە کە قسەکانی تەرابلوسی بە گشتی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی خۆیەتی لە چۆڵکردنی پایتەخت لە هێزە چەکدارییەکان. 

پاڵپشتیی بەشێکی زۆری شەقامی بەدەستهێناوە
بە گوتەی چاودێران بێت، سەرەڕای رەخنەی سیاسەتمەداران و چالاکوانان لە تەرابلوسی، بەڵام پاڵپشتێکی زۆریشی لەلایەن شەقامی لیبیاوە بەدەستهێناوە و داوای لێدەکەن بە زووترین کات جێبەجێیان بکات، بە هیوای ئەوەی رێگە لە داڕمانی ئەخلاقیی بگرێت لە کۆمەڵگەدا. هەر لەو بارەیەوە ئەحمەد ئەلتواتی چالاکوانی سیاسی لەبارەی لێدوانەکانی وەزیری ناوخۆوە ئاماژەی بەوەدا کە وەزیر هەوڵدەدات رەزامەندی هەندێک لە بزووتنەوەی ئایینی لە کۆمەڵگەدا بەدەستبهێنێت، هەروەها هەندێک لە سەرکردەکانی ناوچەی رۆژهەڵات، بەو هیوایەی هەر حکومەتێکی یەکگرتوو دامەزرابێت، ئەو تێیدا بەردەوام بێت» .

پێچەوانەی دەستور و ئازادییە
ئەحمەد ئەلتواتی لەم چوارچێوەیەدا بە ئەلشەرق ئەلئەوسەتی راگەیاند: وەزیری ناوخۆ (حکومەتی یەکێتی) زۆر باش دەزانێت، لێدوانەکانی پێچەوانەی جاڕنامەی دەستور و ئەو ئازادییانەیە کە بۆ هاووڵاتیانی لیبیا دانراوە، هەروەها کاریگەری حکومەتەکەی تەنها سنووردارە بۆ ناوچەی رۆژئاوا، چونکە ئەو حکومەتەی پەرلەمان پێکیهێناوە ساڵانێکە رۆژهەڵات و باشوور بەڕێوەدەبات، هەر بۆیە ئەو لێدوانانەی ئەویان تێدا جێبەجێ ناکرێت.

سەرچاوە: الشرق الاوسط

مەسەلەی باڵا پۆشی ژنان لە لیبیا مشتومڕی لێدەکەوێتەوە

وتارەکانی نوسەر