چۆن گەڕەکەکانی سلێمانی بپارێزین؟

03:58 - 2024-11-13
نەرمین عوسمان محەمەد
94 خوێندراوەتەوە

نەرمین عوسمان محەمەد

 

سلێمانی یان پایتەخی رۆشنبیری ئەو شارەی 240 ساڵە سومبولی خەبات و جوانییە.. ئەو شارەیە کە مام ناوی نا "شارەحەیاتەکە" چونکە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆیەتی، یەکێک لەو تایبەتمەندیانە جیاکردنەوەی گەڕەکانیەتی هەر یەکە و بە شوناسێک یان ناوبانگێکی خۆیەوە کە ناکرێت تۆ لە دایکبووی سلێمانی بیت و کە وتیان سەرشەقام نەڵێیت حەمامەکەی نوری یان کە وتیان سابوونکەران نەڵێیت کفتەکەی یان کە ناوی چوارباخیان هێنا تیپاو تیپەکەیت بیر نەکەوێتەوتەوە، ئەی بەردەکانی مەڵکەندی یان شێرە کوڕانی پێشمەرگەو قارەمانی حاجی حان، ئەی نەخشەی قبووڵی و بامێکەی خانووەکانی گەڕەکی عەقاری؟ بەوبەریەوە کارگەی سەهۆڵەکەی شێخ قادر کە هەتا ئێستاش بەناویەوە جادەی سەهۆڵەکە ناونراوە، خۆ ئەگەر تۆزێک سەر بکەوینە سەرووی سەهۆڵەکە ئەچینە نێو گەڕەکی شێخ محێدین، ناوی هەموو پێشمەرگە بە جەرگەکانی نێو رێکخستنەکانی شار و خەباتی دژی رژێمی پێشوومان بیر دێتەوە، ئەکرێت ئەمانە ناو و شوناسی هەندێک لە گەڕەکە دێرینەکانی سلێمانی بێت و ئەگەر پیاسەیەک بە نێو شاردا بکەین سەدەها وێنە و ناوی خانەوادە و کەسایەیتی مەرد و خاوەن چاکە و شۆڕشگێڕی ئەم شارەمان بێتەوە یاد کە بەشێکی گەورەی مێژووی جوانی ئەم شارە پێکدەهێنن.
ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت بیڵیم لەمڕۆی یادی 240 ساڵەی شارە حەیاتەکەدا شوناس و ناسنامەی ئەو گەڕەکانەی سلێمانی وەکو خۆی ماوە؟ ئایا کەلتووور و ناسنامەی هەر یەک لەو گەڕەکانە وەکو بەشێک لە مێژووی بوون و زیندوێتی ئەم باشووری کوردستانە پارێزگاری لێکراوە؟
بەداخ و حەسرەتێکی گەورەوە لە وەڵامدا دەڵێم: نەخێر.. لەبەر چەند هۆکارێک کە دەکرێت زەقتریان دوو هۆکار بێت کە تەنها خەڵکی رەسەنی شارەکە هەستی پێدەکات، چونکە لە گەڵ ئەو دوو ئازارەدا ژیاون و دەژین ئەو دوو هۆکارەش یەکەمیان کارکردنی رژێمی پێشووە لە سەر تێکدانی ئەم شارە وەکو هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان بەڵام بەچڕتر بۆ سلێمانی چونکە هە مێشە ئەو رژیمە پێیوابوو کە داڕێژەری پلانی بەرەنگاری ئەو رژێمە سلێمانی بوو، هۆکاری دووهەمیشی لەدوای راپەڕینەوە درووستبووە کە تێکچوونی دیمۆگرافیای سلێمانییە بە هۆی داڵدەدانی هەندێک نەتەوەی دیکە لە شارەکەدا، کە دەکرێت لێرەدا بڵێین راستە سلێمانی هەمیشە لانکەی پێکەوە ژیان و داڵدەدانی نەتەوەکانی دیکە بووە بەڵام بەبێ تێکدانی رووکەشی تەلارسازی و کلتووری گەڕەکانەی ئێستایەوە کە دەگوزەرێت لە لایەن هەندێک نەتەوەوە، بۆیە لەم یادەدا دەڵێم راستە وەک کورد و خەڵکی سلێمانی ئێمە هەمیشە باوەڕمان بە پێکەوەژیانە بەڵام تکایە بەبێ تێکدانی کلتوور و تەلارسازی شارەکە و داوا لە لایەنە بەرپرسەکانی کلتوور و رۆشنبیری سلێمانی دەکەم کە هەوڵێک بۆ پاراستنی سیمای گەرەکەکانی شارە حەیاتەکە بدەن وەکو ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەیی.

وتارەکانی نوسەر