تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە بەشێکی بنەڕەتی لە ژیانی تاکەکاندا، وەڵامدانەوەی بڵاوکراوەکانی سەر ئەو تۆڕانە، رەنگدانەوەی کەسایەتی بەکارهێنەران و ئاستی هۆشیاری و رێزگرتنیانە بۆ کەسانی دیکە.
گرنگیی کۆمێنتی دروست لەسەر ناوەرۆکی هەر بڵاوکراوەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێکە لە بەرزی و بەهای رەفتار.
کۆمێنتی دروست چییە؟
کۆمێنتی دروست ئەو کۆمێنتەیە کە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندییە، لەوانە راستەوخۆ پەیوەستە بە ناوەرۆکی بڵاوکراوەکەوە و رێز لە ناوەرۆکەکەی دەگرێت و هەستی بریندار ناکات، لەگەڵیشیدا بەهایەکی نوێ دەخاتە سەر بڵاوکراوەکە، وەک دەربڕینی بیرۆکەیەکی نوێ و بە پێزترکردنی بابەتەکە.
کۆمێنت تەنها بریتی نییە لە پەرچەکردارێکی سۆزدارییانەی خێرا، بەڵکو بەشداریکردنێکی هۆشیارانەیە لە دیالۆگێکی گشتیدا بە بەکارهێنانی چەند وشەیەک لە دەرەوەی گاڵتەجاڕی و بریندارکردندا.
خۆ ئەگەر رەخنە گرتنیش بێت ئاساییە، بە مەرجێک دروستکەر و هاندەری باشتر بێت. پێویستە ئەم کۆمێنتە لە رێڕەوی گشتی بڵاوکراوەکە لانەدات و نەکرێتە کۆمەڵێک گفتوگۆی لاوەکی و پەلاماردانی کەسایەتی نووسەرەکە و ئاشکرا و ئاسان بێت بۆ تێگەیشتن، ئەو زانیارییانەش کە دەیانخاتەڕوو، دووربن لە تەشەری ناشیرین و گومان لێکردن.
دەبێت ئەوەی کۆمێنت دەنووسێت و رای خۆی دەردەبڕێت، باوەڕی بە رای جیاواز و رێزگرتنیشیان هەبێت.
ئایا کۆمێنتەکانی نێو سۆشیال میدیای ئێمە تاچەند نزیکە لە مەرج و تایبەتمەندێتی کۆمێنتی دروستەوە؟ لەوەڵامدا دەڵێین: بەداخەوە لەوانەیە بە رێژەیەکی کەم کۆمێنتەکانی ناو بڵاوکراوەکانی سۆشیال میدیای ئێمە دروست و زانستی بن، چۆن؟
1- زەقترین نموونە پەیجی ئەلکترۆنیی رۆژنامە و گۆڤارەکانە، ئەو کۆمێنتانەی بۆیان نووسراوە و دەیخوێنیتەوە، دەبینیت ناشیرین و هێرشبەرانەن و تەنها کاریان پەلاماردانی ئەو پەیجانەیە.
2- ئەو کۆمێنتانەی بۆ خانمان دەنووسرێت، رەچاوی بەها کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی تێدا ناکرێت، بەڕادەیەک هەندێکجار ژیانی تایبەتیی ئەو خانمانە پەلامار دەدرێت.
3- نەشیاوترین کۆمێنت کە بەشێوەیەکی زۆر بازاڕیانە دەنووسرێت، ئەوانەن کە ئاڕاستەی کەسایەتییە سیاسی و ناودارەکانی تر دەکرێن، راستە ئەمە لەسەر ئاستی جیهان بەربڵاوە، بەڵام بەو جۆرەی لای خۆمان نییە.
4- ئەو کۆمێنتانەی ئاڕاستەی هونەرمەندان دەکرێت، سووکایەتی پێکردنێکی رەهایە و کەسیش لێی بەرپرس نییە و سزانادرێن، یان ئەوانەی لەبەرامبەر کاڵا و ریکلامی بیانی دەنووسرێن، بێویژدانانەن و لە دەرەوەی هەڵسەنگاندنی زانستیانەن.
دڵنیام ئەگەر کەسێکی پڕۆفیشناڵ لە بواری سۆشیال میدیا و پێگەکانیدا بدوێنین، هەزارەها نموونەی دیکەمان پێدەڵێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها بۆ بەسەربردنی کاتی خۆش نییە، بەڵکو چەندین هەلی گەورە بۆ گفتوگۆکردن و راگۆڕینەوەی بونیادنەرانە لەخۆدەگرێت، بۆیە کۆمێنتی دروستیش تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو هونەرێکیشە پێویستی بە هۆشیاری و نەرمونیانی و کارامەیی هەیە لە دەربڕیندا، بەمەش کۆمەڵگەیەکی تەندروست بنیات دەنێین.