سەرباری ئەوەی بڕیار درابوو یەکەمەکانی پۆلی 12ی ئەمساڵ دەرنەخرێن لە میدیاکانەوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا نەکرێت، بەڵام لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بە کاتێکی کەم، چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکەمەکانی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرا و خەڵک بە خوێندکارە سەرکەوتووەکانی ئەمساڵ ئاشنا بوو.
وەک باوە هەر لە کۆنەوە ساڵانە چیرۆکی زۆر سەرسوڕهێنەر لەنێو خوێندکارە یەکەمەکاندا دەبیستین لەکاتی چاوپێکەوتن لەگەڵیان چ لەسەر جۆر و ئاستی ژیانیان بێت، یاخود لەسەر شێواز و جۆری کۆشش کردنیان بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین نمرە، لەناو یەکەمەکانی ئەمساڵدا یەکێک لەو چیرۆکە بەهێزانەی بووە جێگەی سەرنج، چیرۆکی ئەحمەد کەریم ئەو کوڕە لاوە بوو کە یەکەمی قەزای کەلار و هەموو گەرمیان بوو.
لەمێژە ئێمە راهاتووین لەگەڵ چیرۆکە ناوازەکانی گەرمیان و گەرمیانییەکاندا، چیرۆکی ژیانی ئەم خوێندکارە جێگەی رێزە و نابێت هەروا بە سادەیی تێپەڕێت بەسەر کۆمەڵگەی کوردی و لایەنە بەرپرسەکاندا، بەبێ ئەوەی خەڵاتی تایبەت و سوپاس و پێزانینی پێشکەش بکرێت، ئەم خوێندکارە لە ئێوارەی بڵاوکردنەوەی نمرەکانی پۆلی 12 دا وەک هەموو ئێوارەیەکی دیکە لەسەر کار بووە کە پێیان راگەیاندووە یەکەم بووە، خوێنەری بەڕێز دەزانی کاری ئەم خوێندکارە چییە کە هاوکات لەگەڵ خوێندنەکەیدا بژێوی ژیانی پێ دابین کردووە؟!
ئەحمەد کەریم کە شایستەی نازناوی خوێندکارە نموونەییەکەی کەلار و گەرمیانە، وەستای لەفەیە و رۆژانە لەگەڵ کارەکەیدا وانەکانی خوێندووە و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ کردووە، لە ساڵی یەکەمیدا لە پۆلی 12 توانیویەتی کۆنمرەی 97,33 بە دەستبهێنێت وەک خۆی دەڵێت: «ساڵی رابردوو هیچ میدیایەک سەردانی نەکردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ نەکردووە» وێڕای ئەو نمرە بەرزەی بە دەستیهێناوە و ترسی خێزانەکەی و مامۆستاکانی لە بە دەستنەهێنانەوەی نمرەیەکی بەرز و نەخۆشکەوتنی، سوور دەبێت لەسەر مانەوەی لە پۆلی 12ەو دڵنیایە لەوەی ساڵی داهاتوو نمرەی باشتر بە دەستدەهێنێت، دەرئەنجام کۆی نمرەکانی ئەمساڵ گەیشتە 99,66 و بووە یەکەمی کەلار و گەرمیان لە یەک کاتدا.
جیاوازییەکی دیکەی ئەم خوێندکارە ئەوەیە جیا لەهەموو ئەو خوێندکارانەی دیکەی پۆلی 12کە ساڵانە نمرەی بەرزدەهێنن و هەموو خولیایان گەیشتنە بە خوێندن لە کۆلێژەکانی پزیشکیی و ئەندازیاری، ئەحمەد خوازیارە ببێتە فڕۆکەوان و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستی بە بڕیارێکی رەزامەندی دەربڕینە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بۆئەوەی بتوانێت بچێتە کۆلێژی فڕۆکەوانی لە هێزی ئاسمانی عیراق، پرسیارە گرنگ و لۆژیکییەکەی دوای ئەم چیرۆکە ئەوەیە، ئایا خوێندکارێکی وەک ئەحمەد کەریم شایستەی رێزلێنان و خەڵات کردنێکی گەورە نییە لە پای ئەو هەموو باوەڕ بەخۆبوون و بەهێزییەی لە بڕینی ئەو قۆناغە هەستیار و قورسەی ژیانیدا؟ ئایا ئەحمەد شایستەی ئاسانکاریی پێویست نییە بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی حکومەت و کارئاسانی بۆکردنی لەپێناو بوون بە فڕۆکەوانێکی بەهێزی کورد؟ دواجار دەڵێین: ئێمە زۆر بە ئەمانەتەوە چیرۆکی سەرکەوتنی خوێندکارێکی خاوەن ئیرادەمان گواستەوە و رێزلێنان و هاوکاریکردنیشی بۆ هێنانەدیی خەون و خولیاکانی دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی پەروەردە و حکومەت، لەبەرئەوەی
بەراستی ئەحمەد کەریم جێی شانازییە.