خانمە دەستڕەنگینەکان، سلێمانی جوانتر دەکەن

10:28 - 2024-11-14
رۆزا دڵشاد مەریوانی
107 خوێندراوەتەوە


یەکێک لە سیما جوانەکانی شاری سلێمانی خانمە دەستڕەنگینەکانێتی، وەک هەمیشە نەنکم بۆی باس دەکردم و خۆی یەکێک بوو لەو خانمانەی تام و بۆی چێشتەکانی بەناوبانگ بوو، کە خانمانی سلێمانی بە دەستڕەنگینیی لە چێشتلێنان و رازاندنەوەی ماڵ و جلوبەرگە کوردییەکانیاندا جیاواز بوون و زەوق و سەلیقەیەکی تایبەتیان هەبووە. ئێستاش لەم سەردەمەدا کۆمەڵێکی زۆر لە ژنان و کچانی سلێمانی ئەو حەز و خولیا بەرزەیان بۆ جوانیی و خۆشگوزەرانیی بۆ ماوەتەوە و لەو پرۆژە بچووک و کۆمەڵانەی خەریکی کاری دەستیی جۆراوجۆرن رەنگدەداتەوە، وەک چنین و دروستکردنی خشڵ و کەرەستەی جوانکاریی تا گەیشتن بە دروستکردنی براندی تایبەت و بێ وێنەی جلوبەرگی کوردی خانمان و ..هتد.

سەرچاوەیەکی داهاتە
هاوکات ئەو بۆن و بەرامە خۆشەی خواردەمەنی و چێشتەکانی سلێمانی، ئێستا بۆتە پیشەیەک و سەرچاوەیەکی داهات بۆ زۆر کچ و ژنی ئەم شارە، بۆ ئەو ژن و خێزانانەی بیری چێشتەکانی دایک و نەنکیان دەکەن، بەڵام سەرقاڵیی و ئیشوکاری دەرەوەی ماڵ و وەزیفە رێگەیان نادات ئەو خواردنانە ئامادە بکەن و بیخۆن، بەڵام لە رێی ئەو خانمە دەستڕەنگینانەوە جار جار تامی چێشتەکانی منداڵییان دەکەن. یەکێک لە خانمە دەستڕەنگینەکان لەم ماوەیەدا ئۆفەرێکی راگەیاندبوو، ناوی نابوو ״دایە خان״ مانگانە بەشداریی دەکەیت بۆ ئەو ژنانەی بەهۆی وەزیفەوە ناتوانن رۆژانە خواردن ئامادە بکەن، بەڕاستی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە پیشانی دەدات خانمە دەستڕەنگینەکانی شار خاوەنی بیرۆکەن بۆ گەشەپێدانی کارەکەیان و گواستنەوەی بۆ ئاستێکی بەرزتر، وەک هەر جۆرە بزنسێکی دیکە و لە هەوڵی پەرەپێدانی خۆیان و کارەکانیاندان.

بەڵگەیە بۆ ئازادیی ژنان
بوونی خانمە دەستڕەنگینەکانی سلێمانی، بەڵگەیە بۆئەوەی رێژەیەکی زۆر لە ئازادی و پێشکەوتن و کرانەوەی بیرکردنەوەی خەڵکی شارەکە هەیە بەرامبەر بە کارکردنی ژنان و بگرە پاڵپشتی و پێشکەوتوویی خێزانەکانیشیان دەردەخات، کە لەبری ئەوەی بەو بەهرەیەوە بێکار دابنیشن و چاوەڕێی دامەزراندن و مووچەی حکومەت بن، خۆیان دەبنە خاوەنی کار و بزنسی خۆیان.

یادەکان دەڕازێننەوە
هەمیشە خانمە دەستڕەنگینەکانی شار یاد و بۆنە تایبەتەکان جوانتر دەکەن و بە بەرهەمە ناوازەکانیان ئەو یادانە دەڕازێننەوە و زیاتر جۆش و خرۆشی پێدەدەن، یەکێک لەوانە یادی 240 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانییە، هەموو ساڵێک لەو یادەدا کۆمەڵێک خانم بەشداری دەکەن و شەونخونی دەکەن و چەندین رۆژ خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن، ئێمەی هاووڵاتیش کاتێک بەشداری لەو بۆنانەدا دەکەین، دەتوانین بەرهەمە تایبەتەکانی ئەوان تام بکەین یان بکڕین و بەبینینی ئەو هەموو کارە جوانە رۆژەکەمان جوانتر و رازاوەتر دەبێت.
هاوڕێیەکم جارێکیان لە ئەکاونتی خۆی لە سۆشیال میدیا لەسەر خۆشەویستی بۆ سلێمانی نووسیبووی ״سلێمانی ئەو شارەی لە خۆشەویستیدا رقم لێیەتی و لە رقیشدا خۆشمدەوێ״ بەڕاستی رێک بە تەواوەتی مانای ئەو دێڕە ناتوانم شیبکەمەوە، بەڵام ئەگەر خەڵکی سلێمانی بیت یان ماوەیەکی زۆری تەمەنت لەم شارە ژیابیت دەزانیت کە رێک هەستت بەو جۆرەیە. 

وتارەکانی نوسەر