زانكۆی سلێمانی لە دامەزراندیینەوە تا ئێستا، گۆڕانكاری و پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمانەش یارمەتیدەر بوون زانكۆكە وەك دامەزراوەیەك باشتر گەشەبكات و هەمیشە بەرەوپێشەوە بچێت.
ئەم زانکۆیە، رۆڵێكی گرنگی لە دیاریكردنی چارەنووس و داڕشتنی كۆمەڵگەدا هەبووە، ئەویش لە رێگەی پەروەردەكردنی نەوەیەك لە خوێندكاران و پێشخستنی رەوتی توێژینەوە و داهێنان و بەشداریكردن لە گەشەسەندن و فراوانكردنی ئابووریدا، هەمیشە پێشەنگ بووە.
بە پاڵپشتیی رۆشنبیرانی كورد لەسەروویانەوە سەرۆک مام جەلال، لە ساڵی 1968دا دامەزراوە. لە ساڵی 1996، وەك «زانكۆی دایك» ناسێندرا، ئەویش بەوپێیەی یەكەم زانكۆیە لەسەر ئاستی هەرێم.
لە ساڵی 1992 دیسانەوە بە دەستپێشخەریی سەرۆك مام جەلال، زانكۆی سلێمانی دامەزرێنرایەوە و ماڵە زانستییەكەی ئاوەدانکرایەوە و دەرگای بەڕووی خوێندكاراندا كرایەوە، لەو كاتەوە زانكۆ لەڕووی لێهاتووییی ئەكادیمییەوە، دەستی بەگەشەكردن كردووە كۆلیژی زیاتری كردۆتەوە.
ئێستا، زانكۆی سلێمانی خاوەنی 21 كۆلێژ و84 بەشی زانستی و نزیكەی 24 بەڕێوەبەرایەتی و سەنتەر و ئۆفیسی گرنگە.
لە مساڵی نوێی خوێندنیشدا چوار بەشی نوێ بەمیتۆد و پڕۆگرامی هاوچەرخ دەكرێنەوە.
لەڕووی ئەكادیمییەوە هەردوو پرۆگرامی بەكالۆریۆس و خوێندنی باڵا پێشكەشدەكات و بڕوانامەی بەكالۆریۆس، بڕوانامەی دیبلۆمی باڵا، ماستەر و بڕوانامەی دكتۆرا دەبەخشێت.
زانكۆی سلێمانی هاوئاهەنگیی و هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆییەكان و رێكخراوە حكومی و نا حكومییەكان و بازرگانییەكاندا كردووە بۆ رەخساندنی هەلی كار كە پێویستە بۆ گەشەی ئابووریی و بەهێزیی ژێرخانی وڵات.
لەسەرانسەری جیهاندا، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ زانكۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دروستكردووە، ئەویش بە مەبەستی پێشخستنی لایەنی ئەكادیمی و ئاڵوگۆڕی توێژینەوەی زانستی.
لە رێگەی خوێندنی كوالیتیی بەرزەوە، یارمەتیی خوێندكارەكان دەدات تا هێز وتواناكانیان پەرەپێبدەن و ببنە داینەمۆی گۆڕانكاریی ئەرێنی. ئەو پرۆگرامە ئەكادیمییە بەرفراوانانەی پێشكەشی دەكات یارمەتیدەرە بۆ خوێندكاران تاكو كێبڕكێی دەستخستنی كار لە بازاڕی كاردا، ئامادە بكەن.
لە ساڵی 1968وە تاكو ئێستا زانكۆی سلێمانی توانیویەتی چەندین كادری زانستیی بەتوانا و دەستڕەنگین و لێهاتوو پێشكەش بە كاروانی خزمەتگوزاریی هەرێمی كوردستان بكات، ئێستا بە بەشی هەرەزۆری باشترین پزیشك و مامۆستا و دەرمانساز و ئەندازیار و پارێزەر و دادوەر و بوارەكانی دیكە لە دەرچووی زانكۆی سلێمانین.
ئەم زانکۆیە، لە لووتكەی زانكۆكانی كوردستان و عیراقدایە و بەپێی كۆتا ریزبەندی (Times Higher Education)ی بەریتانی، زانكۆی سلێمانی، پلەی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عیراق بەدەستدەهێنێت و لەسەر ئاستی جیهانیش لەپلەی (1001 بۆ 1200) دایە.