خانەوادەی شەهیدان چاوەڕوانی خزمەتی زیاتر دەکەن

10:18 - 2024-11-24
فەرمان شەهید حسێن دەروێش
29 خوێندراوەتەوە

شاعیری گەورەی گەلەکەمان شێرکۆبێکەس، لە دەقێکدا دەڵێت: کانییەکانی وڵاتەکەم خۆشەویستن، لە هەموویان خۆشەویستتر ئەو کانییەی تینویەتی زۆرترین رێبواری شکاند، بە ئیجازەی شێرکۆ بێکەس لەڕۆژی شەهیدی یەکێتیدا ئێمەش دەبێ بڵێین: شەهیدانی وڵاتەکەمان خۆشەویستن، لەهەموویان خۆشەویست ترئەوانەن سەرمەشقی گیانبازی بوون و  یەکەم جار ترسی مەرگیان شکاند.

سەرۆک مام جەلال هەمیشە لە خەم و خزمەتی خانەوادەی شەهیداندا بوو، چونکە لە گرنگی و پێگەی شەهیدەکان و خانەوادەکانیان بە وردی تێگەشتبوو

وێنە گەورەكەی مێژوو
یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێشەوەی خەبات و بەرخۆدان بووە و لە باشترین سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌كانی‌ خۆی كردووە بە قوربانیی‌ بۆ ئه‌م گه‌له‌، بەم ستراتیژی نیشتمانپەروەرییەوە بوو بە خاوه‌نی‌ شۆڕشی‌ نوێ و راپه‌ڕین و سه‌دان داستان و سه‌روه‌ریی‌ تۆمارکرد، هەر لەبەرئەوەیە هەموو رۆژەكانی پڕن لە تۆماری سەربەرزی و گیانبازی، سەرقافڵەی ئەم كاروانە نەپساوەیە شەهیدانی سەرکردە، خاڵە شیهاب و جەعفەرعەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب) بوون، كە لەرۆژی 21-11-1976 لە زیندانەكانی رژێمی بەعسی فاشیست، بە دروشمی كەم بژی و كەڵ بژی، گیانیان لەپێناوی ئازادی و سەربەخۆیی كورد و كوردستان بەخشی.
لە راستیدا ئەم حزبە نیشتمانپەروەرە، زیاتر لە 26000 شەهیدی بەخشیوە بەخاک و گەلی کوردستان، لەناو كاروانی شەهیدان و سەروەراندا  هەزاران تێكۆشەر لە نێو زیندان، لەچالاكییەكانی نێو شار، لە سەنگەرەكانی بەرگریدا بەگیان و خوێنی خۆیان چەندین داستانی نەبەردی و روبەڕوبونەوەیان بەرامبەر بە جەلادەكان و نۆكەر و هێزەكانی رژێمی بەعسی رووخاو تۆمار كردووە، بۆ هەمیشە بە نەمری لە دڵ و ویژدانی هەموو كوردێكی تێكۆشەر دەمێننەوە. 
 سەۆک مام جەلال و خانەوادەی شەهیدان
لەکۆبوونەوەیەکیدا، لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکاران لە قەڵاچوالان، بیرمە سەرۆک مام جەلال پێی وتین:
چەند شەرمەزارییە هەندێ لە میللەتە گەورەكان بپاڕێنەوە بۆ تۆزێك لە ئایندە، نەخێر ئەوە دوورە لە رەفتاری هەموو کوردێکی رەسەن و بەشەرەف، بەڵکو دەبێت خۆمان ئایندە بنیاد بنێین و بیخەینەوە خزمەت خەڵک و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان.
سەرۆک مام جەلال هەمیشە لە خەم و خزمەتی خانەوادەی شەهیداندا بوو، چونکە لە گرنگی و پێگەی شەهیدەکان و خانەوادەکانیان بە وردی تێگەشتبوو، بۆیە فەرمانی کرد بە دامەزراندنی مەکتەبی شەهیدان و دانانی سندووقی کۆمەک بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە پڕنەکراوەکانی خانەوادەی شەهیدان، تا ئێستاش مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران بەردەوامە لە خزمەتکردن بە کەیسی شەهیدان و جینۆساید و ئەنفال.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و خانەوادەی شەهیدان
لە رابردوودا، سەرۆک مام جەلال، لوتفی نواند و داواکاریی خانەوادەی شەهیدانی گەیاندە ئاکام بۆ دامەزراندنی سندوقی هاوکاری و کۆمەکی خانەوادەی شەهیدان، بەڵام بە چەندین هۆکاری جیاواز بە ناچاریی  ئەو سندوقە ناکارا کرا، بۆیە ئێستا روومان دەکەینە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کە باشترین و گونجاوترین کاتە بۆکاراکردنەوەی ئەو سندووقە و لوتف بکەن بڕیار بدرێت بە کاراکردن و دانانی سندووقی پاڵپشتی و دەسبار بۆ خانەوادەی شەهیدان، بەمەرجێک دەستێکی ئەمین و راستگۆ و دڵسوز و پیشەیی و پسپۆڕ بۆ سەرجەمی سێکتەرەکانی خزمەتکردن سەرپەرشتیی بکەن ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بەمەکتەبی سەرۆکەوە. 
 گرنگیی کاراکردنەوەی ئەم سندووقە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە بۆ دابینکردنی ئەو پێویستیانەیە کە راستەوخۆ پەیوەستن بە تەندروستی و باری دارایی و کۆمەڵایەتی و تەندروستیی دەروونی خانەوادەی شەهیدان.
لەو خاڵەی سەرەوە گرنگتر، ئەوەیە کە تیمی یەکێتی لە حکومەت، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان وەربگرینەوە و بیکەینە داینەمۆی خزمەت.
سەرۆک بافڵ خۆی پێی وتین، ئەوەی دەیڵێم جێبەجێی دەکەم، روون و ئاشکرایە سەرکەوتنە گەورەکەی کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پشکی گەورەی سەرکەوتنمان لە ئەستۆی خانەوادە و کەسوکاری شەهیدان بوو، مەبەستمانە پشکی شێری خزمەتیشیان بەربکەوێت و ئەمانەوێت داواکارییەکانیان جێبەجێبکەین، پارێزەری مافی خانەوادەی شەهیدان بین، ئەمەش بە حکومەت دەکرێت، بەڵێنمان پێ بدەن وەرگرتنەوەی وەزارەتی شەهیدان یەکێک بێت لە خاڵەکانی بەشداریی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئامڕازێکی باشی دروستی حکومڕانی بێت بۆ خزمەتکردن و کەسی شیاو بخەینە ئەم سێکتەرەی خزمەتکردن بە باشترین شێوەی سەردەمیانە.
هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وەک پێزانین بۆ خەبات و گیانبازی شەهیدان و تێکۆشەران لوتف بفەرموون بە بونیادنان و دروستکردنی مۆنۆمێنتی شەهیدان و شۆڕش، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەبات و گیانبازییەکانیان و دەچینە ریزی ئەو میللەتانەی پێزانینیان هەبووە بۆ گیانبازی و بەرخۆدان و شەهیدان و شۆڕشەکانیان، بە شێوەی دامەزراوەیی و دروست.

مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران
لە هەموو کات زیاتر، ئێستا پێویستمان بەوە هەیە مەکتەبی شەهیدان و تێکۆشەران بکرێت بە ناوەندێکی ئەکادیمی سەردەمییانە کە لە ئاست گەورەیی پێگەی کەیسی شەهیدان و جینۆساید و ئەنفال بێت.
لەم رێگەشەوە، دەتوانین لە یادەکان و بۆنە تەقلیدییە سواوەکان دەربچین و لە داهاتوو بەشێوەی ئەکادیمیتر و چڕتر، خزمەت بکەین.
بەپێی زانیارییەکانمان دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال، لە پلانیاندا هەیە باخچەیەکی شایستە لە شاری سلێمانی دروستبکەن کە ژمارەی دار و نەمامەکانی هێندەی ژمارەی شەهیدەکان بێت، وەک ئاماژەیەک بۆ شەهیدان هەر دارێکیش هێمایە بۆ پێزانینی خەباتیان.

وتارەکانی نوسەر