دیداری یەكێتی وێستگەیەكی تری شانازی

09:50 - 2022-06-05
مامۆستا پێشڕەو
406 خوێندراوەتەوە

 لە رۆژی شەممە رێكەوتی 28-5-2022 لە هۆڵی وەرزشی پێشمەرگە دیداری گشتی یەكێتيی نیشتیمانیي كوردستان بە بەشداری سەرجەم كادرانی مەڵبەندەكان و مەكتەبەكان و رێكخراوەكان و كادرانی هێزی پێشمەرگە و دامودەزگاكانی تری یەكێتی دەستی پێكردو و چوار رۆژی خایاند، واتە رۆژی 31-5-2022 كۆتایی هات، بە پێشكەشكردنی چواردە راپۆرتی، چواردە لیژنەی بوارە جیاوازەكان بەسەرپەرشتیاری گشتی دیدار، تا بەڕێزیشی لەلای خۆیەوە تەسلیمی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەکێتی بكات بۆ راستاندنی (تصدیق). دواتر دەست بكرێت بە میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی راسپاردەكانی دیدار و لیژنەیەكیش دابنرێت بۆ بەدواداچون و چاودێری كردنی جێبەجێكردنی خاڵەكانی راپۆرتی لیژنەكان.
 دیداری یەكێتی داهێنانێكی تری نوێی یەكێتییەو هەنگاوێكی راستەقینەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، وێستگەیەكە بۆ نوێبوونەوە و چاكسازی یان دۆزینەوەی میكانیزمە بۆ چارەسەركردنی كێشەو ئاریشەكان.
 دەتوانم بڵێم دیدار تەواوكەری كۆنگرەبوو، ئاشتبوونەوەی یەكێتی بوو لەگەڵ سەرجەم كادر و دۆست و لایەنگرانی، داڕشتنەوەی بەرنامە و ستراتیژی یەكێتیی بوو، یان روئیایەكی نوێی یەكێتیە بۆ سەرجەم سێكتەرەكان، بە جۆرێك راسپاردەكانی دیدار دەبێتە نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەركردنی كێشە و هەڵە و كەموكوڕییەكان. هەر لەسەرەتاوە چواردە لیژنە پێكهات كەبریتی بوون لە لیژنەكانی (پەیڕەوی ناوخۆ، پەروەردەی حزبی، پەیوەندییەكان، پێشمەرگە، شەهیدان و كەمئەندامان و تێكۆشەرە دێرینەكان، سیاسەتی كولتوری (رۆشنبیری و ئایین و پێكهاتەكان، ئابووری و وەبەرهێنان، ناوچە دابڕاوەكان، گەنجان و لاوان و خوێندكاران و وەرزشوانان، ژنان، دەستور و سیستەمی سیاسی، رێكخراوەكان، هەڵبژاردن، راگەیاندن، حكومەت و پەرلەمان)، هەر یەك لەم لیژنانە چەند لیژنەی بچووك و فەرعی لێ دروست كرابوو كە بەدرێژایی چەند مانگێك بە بەردەوامی سەرقاڵی تاووتوێكردنی بەرنامەی كارەكانیان بوون. 
لێرەدا چەند سەرنج و تێبینییەك دەخەمەڕوو دەربارەی دیدارەكە بەگشتی:. دروستكردنی ئەم لیژنانە و سەرقاڵكردنیان و بەپەرۆشەوە كاركردنیان بۆ ماوەی چوار رۆژ بە بەردەوامی، لەكۆنگرەدا نەدەكرا، چونكە كۆنگرە هەڵبژاردنی تیایە و هەموو سەرقاڵ دەبوون بە دروستكردنی لیست و لیست كاری، بەجۆرێك كاری لیژنەكانیان فەرامۆش دەكرد و هەر كەس خەریكی كۆكردنەوەی دەنگ دەبوو بۆ خۆی یان بۆ كەسێكی تر. . ئەوەی تێبینیم كرد كە كادرانی ناوچە دابڕاوەكان و ناوچە گەرمەكان و ناوچەكانی هێڵی تەماس لەگەڵ عێراق بەشدارییان زیاتربوو لە كادرانی مەڵبەندەكان و مەكتەبەكان و رێكخراوەكانی یەكێتی لە سنووری هەرێمی كوردستان دا.
 تێبینیم كرد كە ژمارەیەكی زۆر ی گەنجان و لاوان و خوێندكاران و ژنان بە پەرۆش و دڵسۆزییەوە لە سەرجەم لیژنەكاندا بەشداری بەرچاویان هەبوو. .پێم باشە ئەگەر بكرێ هەموو ساڵێك یان چەند ساڵ جارێك دیدار دووبارە بكرێتەوە، بە مەرجێك هەڵبژاردنی تیا نەبێت.

وتارەکانی نوسەر