پەروەردە و فێركردن لە سایەی شۆڕشی نوێدا

10:06 - 2024-07-11
پێشڕەو ئیسماعیل
244 خوێندراوەتەوە

لە بڕیارێكی شۆڤێنیانە و رەگەزپەرستانە و فاشیانەدا، ساڵی (1985) رژێمی گۆڕبەگۆڕی پێشووی عیراق سەرجەم قوتابخانەكانی ناوچە رزگاركراوەكانی داخست، ئەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدا بوون، بە قوتابخانەكانی باخچەی ساوایان و سەرەتایی و ناوەندی، سەرجەم مامۆستایانی كێشایەوە و گواستنێوە بۆ ئۆردوگاكان و شار و شارۆچكەكان كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بوون.

مام جەلال وتی: ئەمە دەكەینە هەل و فورسەتێك بۆ شەرمەزاركردنی رژێمی عیراق، بۆ یۆنسکۆی دەسەلمێنین كە رژێمی عیراق نەك هەر دژی مرۆڤی كوردە، بەڵكو دژی خوێندەواری و رۆشنبیری و منداڵ و قوتابخانە و پەروەردە و فێركردنیشە

بەم بڕیارەش ژمارەیەكی زۆر منداڵانی خێزانەكانی دانیشتووی دێهات و ناوچە رزگاركراوەكان بێ بەش دەبوون لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و بە نەخوێندەواری دەمانەوە. بۆ شکستپێهێنانی ئەو بڕیارە و تەحەداكردنی رژێم، ئێمە وەكو یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان (مەكتەبی سكرتارییەت)، بڕیارماندا خوێندنگاكان بكەینەوە، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەهەشتی و خوالێخۆشبوو (مام جەلال )مان كرد لە یاخسەمەر و باسی ئەو بڕیارەی رژێممان كرد بە داخستنی  قوتابخانەكانی ناوچە رزگاركراوەكان. مام وتی ئێوە سەرژمێرییەكم بۆ بكەن لەهەموو ناوچەكان چەند قوتابخانە بە سەرەتایی و ناوەندییەوە داخراوە، چەند منداڵ بە كوڕ و كچەوە بێبەش دەبن لەخوێندن و فێركردن و بیكەنە لیستێك و ئێمەش وەكو یەكێتی بەیاننامەیەك و راپۆرتێكی هاوپێچ دەكەین و دەینێرین بۆ رێكخراوی یۆنسكۆ (یۆنسكۆ دەزگای رۆشنبیری و زانست) كە سەر بە رێكخراوی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكانە، وتی لێپرسراوی یۆنسكۆ (موختار عەمبۆ)یە خەڵكی میسرەو برادەرمەو ئەمە دەكەینە هەل و فورسەتێك بۆ شەرمەزاركردنی رژێمی عیراق، بۆیان دەسەلمێنین كە رژێمی عیراق نەك هەر دژی مرۆڤی كوردە، بەڵكو دژی خوێندەواری و رۆشنبیری و منداڵ و قوتابخانە و پەروەردە و فێركردنیشە. ئێمەش لە رێگەی لیژنەكانی ناوچەكانی سەر بە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستانەوە لە سنووری مەڵبەند و تیپەكان سەرژمێرییەكەمان ئامادە كرد و لە رێگەی  بەندەوە كە ئیش و كارەكەم نزیك بوو لە یاخسەمەرەوە، گەیاندمە دەستی مام جەلال  كە ئەو كاتە كاك (ئەبو شەهاب) سكرتێری بوو. زۆری پێباش بوو، ئینجا لێی پرسیم، ئێوە وەكو یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بەنیازی چین و بەرنامەتان چیە،  لە وەڵامدا وتم ئێمە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دا بڕیارمانداوە كە دەرگای قوتابخانەكان بكەینەوە  و نەیەڵین منداڵانی كورد بێبەش بن لە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن، دەتوانین سوود لەو پێشمەرگانە وەربگرین كە خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەن، یان ئەو سەربازە هەڵاتوانەی كە لە ناوچە رزگاركراوەكان دانیشتوون و خاوەن بڕوانامەن، وەكوو مامۆستایانی شۆڕش وانە بڵێنەوە و سوود لە تواناكانیان وەربگرین، دواتر وتی من بڕیارەكەتانم زۆر پێ باشە و من چۆن هاوكاریتان بكەم، ئێمە دوو داواكاریمان هەبوو بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە، بەڕێزتان بروسكەیەك بكەن بۆ مەڵبەند و تیپەكان  و دامودەزگاكانی تری شۆڕش  كە هاوكاریمان بكەن و لەو شوێنانەی كە قوتابخانەكان دوای داخستنیان لەلایەن رژێمەوە، كراونەتە مقەر و بارەگای پێشمەرگە بە زوویی چۆڵ بكرێن، داواكاری دووەمیش بریتی بوو لەتەرخانكردنی بڕێك پارەی مانگانە بۆ مامۆستاكان، هەردوو داواكەی بۆ جێبەجێ كردین و ئەوە بوو بڕیاری دا كە بۆ هەرمامۆستایەكی شۆڕش، سەڵت (35) دینار و خێزانداریش ( 60) دینار وەربگرێ، كە ئەو كاتە پێشمەرگەی بێ خێزان (سەڵت) مانگی (25) دیاری وەردەگرت. 
ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بوو تا كۆتایی ساڵی هەشتا و حەوت و سەرەتای ساڵی هەشتا و هەشت و دەستپێكردنی  هەڵمەتەكانی ئەنفالە بەدناوەكان. بەم جۆرە ئەم پرۆسەیە لە بارودۆخێكی پڕ مەترسی و كۆمەڵێك گیروگرفت و ئاڵنگاری گەورەدا بەڕێوە چوو، كە بووە مایەی شانازی و سەروەرییەكی گەورە بۆ یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانیش، بە شكستپێهێنانی بڕیاری شۆڤێنیانەی رژێم و بێبەش نەبوونی منداڵانی كورد لەخوێندن و فێركردن و مامۆستایانی شۆڕشیش بوونە پێشمەرگەی سەنگەری پەروەردە و فێركردن.

*ئەندامی مەكتەبی سكرتارییەتی شاخی
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان


وتارەکانی نوسەر