د. دارەوان حاجی حەمید
لە حەفتاو نۆ وڵاتی جیهان هێشتا ژنان لەڕووی کارو مووچەوە لەگەڵ پیاوان هاوتانین و مافی هەموو کارێکیان نییە
لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژی ژنان، سڵاو دەنێرم بۆ كچه ئازا و ئازادهكانی كوردستان، له پێشمهرگه و فیداكارهكانیان، دڵنیام کە دەتوانن شان بهشانی رۆڵه بهجهرگهكانی ئهم گهله، به زیندووێتی و كارایی و ههست و نهستی بهرزی خۆیان، كۆمهڵگهیهكی داهێنهر، پڕ له گهشه و، نیشتمانێكیی زیندوو، ئاوهدان و ئازاد بۆ هەرێمی کوردستان بهرههم بێنن.
خۆشبەختانە ساڵ لە دوای ساڵ ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و خانمان لە هەرێمی کوردستان کەمی کردوە، ئەمەش بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ژنانی کوردستان و ڕێکخراوەکانە کە چالاکیە بەردەوامەکانیان بووەتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە خانمان و ژنان.
هەر چەندە لە ئێستادا توند و تیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام راستییەکی تاڵە کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تەنها لە هەرێمی کوردستان نییە و لە هەموو جیهان بوونی هەیە، ئەوەتا ئەم ساڵیش هاوشانی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن دەزگاکانی چاودێری بارودۆخی ژنان لە جیهاندا لیستێکی خەمناک دەبینین.
ئەو لیستەی پێمان ئەڵێت رۆژانە 599 ملیۆن ژن لە هەندێک وڵاتی جیهاندا توشی ئەشکەنجە و لێدان و سوکایەتی ئەبنەوە کە لەو وڵاتانەدا توندوتیژی دژی ژنان (تاوان) نییە. 700 ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش تەمەنی 16 ساڵی بە شوودراون. 130 ملیۆن کچ لە جیهاندا خەتەنە کراون. لەهەر دە ژنێک لانی کەم یەکێکیان لە جیهاندا روبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆتەوە. ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار ژن بە تاوانی شەرەف ئەکوژرێن.
پێشێلکردنی مافەکان
لە 15 وڵاتی جیهان ژنان بەبێ رەزامەندی باوک یان مێرد بۆیان نییە نە کار بکەن نە سەفەر. لە حەفتاو نۆ وڵاتی جیهان هێشتا ژنان لەڕووی کارو مووچەوە لەگەڵ پیاوان هاوتانین و مافی هەموو کارێکیان نییە. زیاتر لە 45 ملیۆن ژنی لەشفرۆش لە جیهاندا هەن کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان 13 تا 25 ساڵدایە.
بەردەوامبوونی تراژیدیای توندوتیژی دژی ژنان، دەستدرێژی بە هەموو جۆرەکانیەوە، ناهاوتایی و پێشێلکردنی مافەکانیان لەسەراپای جیهاندا بەتایبەتی لە جیهانە دواکەوتوەکان و ژێر دەستەی دەسەڵاتی نەریتی و دیکتاتۆری و ئایینی و پیاو سالارییەکاندا ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە هێشتا ئەم نیوەیەی مرۆڤایەتی زۆر دوورە لەوەی هاوتای نیوەکەی دی بژی.
نیوەی کۆمەڵ دایک و پەروەردەکار، نیوەکەی دیش کە تاکە خواست و پرسیاری لە پیاو ئەوەیە کەی ئەمیش ئەبێتە خاوەنی جەستەی خۆی؟ دوای 364 ڕۆژ لە ماندوویی پێنەزانراوو لەبیرکراوی نیوەکەی دی، هەرگیز یەکسان نەبوونیان بە پیاو، چیان لە پیاوان خواست و بە چ ئومێدێکەوە چاوەڕوانی ساڵێکی نوێیان لێ ئەکەن؟
لەم سەردەمی پێشکەوتنەدا توندوتیژی هەر هەیە
ژنان بێ ئومێدن کە پیاوان پاش چەندین سەدەی پێکەوە بنیاتنانی شارستانیەتی مرۆڤ ، لە داوا سادەکانی ناخیان بگەن، کە ببنە هاوڕێی ڕاستەقینەی ژیان و بنیاتنەری هاوبەشی خێزانەکانیان و خەم و ئارەزووەکانیان، ئەو پیاوانەی کە جگە لەو ساتانەی شەو نەبێت کە بەتەنیشت هاوژینەکانیانەوە (ڕاستتر ژنەکانیانەوە) پرخەیان دێت، ساتەکانی دی ژیانیان لە دەرەوەی جیهانی هاوژینەکانیانەوە بەسەرئەبەن، تەنانەت هەندێک پیاو دان بە 364 ڕۆژی تەنیایی و ناهاوتایی و چەوساندنەوەی ژناندا بنێن.
ژنانێک تاکە ئاواتیان ئەوەیە کە خەون بە خاوەندارێتی بوونی جەستەی خۆیانەوە ببینن و ئەو موڵکایەتییە لە کۆمەڵگەو پیاوان بسەننەوە، چونکە هیچ ئازادییەک لە ئازادبوونی جەستە زیاتر مانایەکی نییە بۆ ژن و ژنان قوربانی یەکەمن و جگە لە کوشتنیان ئەکرێنە بابەتی کۆیلایەتی و فرۆشتن و دەستدرێژی بەردەوامی سێکسی.
داواکارم ڕێکاری توندتر بگیرێتەبەر بەرامبەر هەرکەسێک دەبێتە هۆی ئازار و عەزیەت دانی دەروونیی کچان و خانمان و ژنان، کچان و ژنان و خانمان هەرچی بکەن و گەورەترین تاوانیش ئەنجام بدەن، مافی ئەوەمان نییە نە دەستیان لێ بەرزبکەینەوە، نە بیان کوژین، نە ئازاریان بدەین،
هاوسەرگیری و جیابوونەوە
تاکە مافێک کە خواش لە قورئان بۆ هەردوو ڕەگەزەکەی داناوە لە کاتێ نەگونجان تەنها جیابونەوەیە بێ ئەوەی ئازاریان بدەین و سوکایەتیان پێ بکەین!.
سەبارەت بە خۆم هەشت ساڵ پێش ئێستا خوای گەورە شانسی ئەوەی پێ بەخشیم کە بڕۆمە ناو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و حەوت ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیریم بە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانەوە بەڕێزەوە ئەنجام دا و بەڕێزەوەش کۆتایمان پێ هێنا، تەنانەت بۆ فەرەنسییەکان کۆتایی پێهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری لە بەرزترین ئاستی ڕێزدا بڕواپێنەکراوبوو! لە ساڵی ڕابردووش سەرباری ناسینی کەسانی بەڕێز، بەڵام بە چەندین شێوە ئازاردراوین و وەڵامی ئازاردانمان هەندێک جار بەبێ دەنگی و هەندێک جار بە بەرگری داوەتەوە! چونکە رێگە راستەکە لەڕێزگرتندایە نەک لە تووندوتیژی بەرنگاربوونەوە!.
مەدرید،
25 تشرینی دووەمی 2024