چرۆ شەهاب
لە رووی پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە، زانکۆی سلێمانی بەهۆی پێگە بەهێزە ئەکادیمییەکەیەوە، ئەو قونسوڵییەتە گەورانەی لە کوردستان هەن لە کێبڕکێدان، بۆئەوەی کامیان متمانەی بەدەستبهێنن، تا گۆشەی خۆیان لە زانکۆکەدا بکەنەوە
زانکۆی سلێمانی بەردەوام لە گەشەدایە، زانکۆیەکە پڕ لە ژیان و بەردەوامیی و گەشەی زانستیی و کۆمەڵایەتیی، گەشە زانستییەکەی خۆی لە کۆی بوارە زانستییەکانی وەک توێژینەوە و کۆڕ و کۆنفرانس و دیدار و وۆرک شۆپە زانستییەکاندا دەبینێتەوە، کە لە ماوەیەکی کەمدا توانای بەڕێوەبردنی سەدان بۆنەی زانستیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی هەیە، بە داهاتی ناوخۆیی خۆی و توانیویەتی دەیان توێژەری دیاری نێودەوڵەتیی، ئەکادیمیی، بهێنێتە بۆنە زانستییەکانی و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی ئەکادیمیی لە نێوان زانکۆکانی دنیا و زانکۆی دایکدا دروست بکات، کە بێگومان هەر ئەم پەیوەندییە ئەکادیمییانەیە وایکردووە زانکۆی سلێمانی هەنگاوەکانی کێبڕکێ بنێ لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و لەئاستی یەکەمدا بێت. ئەمەش جگەلەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ زانکۆی سلێمانی، شانازییەکی گەورەترە بۆ سلێمانی و سەرۆکایەتی زانکۆ و سەرجەم خوێندکار و فەرمانبەرەکانی، چونکە بێگومان لەپشت سەرکەوتنەکانەوە هێزێکی گەورەی سەرچاوەی مرۆیی لەم زانکۆیەدا هەیە کە سەرۆکی زانکۆکەی توانیویەتی ئیدارەیەکی بەهێزی بدات.
لایەنێکی تری گەورەیی و سەرکەوتنی زانکۆی سلێمانی هەموو ئەو پرۆتۆکۆلە گەورانەیە لەنێوان زانکۆی سلێمانی و زانکۆکانی جیهان و دامەزراوە جیهانیی و ناوخۆییەکان ئیمزا دەکرێن، بە مەبەستی کاری هاوبەش.
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە زانکۆی سلێمانی توانیویەتی پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان سەرۆکایەتی و فەرمانبەران و مامۆستایانیدا دروست بکات، ئەمەش لە رووی زانستی پەیوەندییە گشتییەکانەوە، راستەوخۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی پەیوەندییە گشتییەکانە کە سەرۆکی دامەزراوە دەبێت گرنگیی بە جەماوەری ناوخۆیی خۆی بدات، چونکە ئەگەر هەر دامەزراوەیەک ئەم گرنگییەی نەبێت بۆ ناوخۆی خۆ، ناتوانێت لەگەڵ جەماوەری دەرەکیی پەیوەندیدار بە کارەکەیەوە سەرکەوتووبێت.
لایەنێکی دیکەی سەرکەوتنەکانی زانکۆی سلێمانی دروستکردنی هەماهەنگییە لەگەڵ کۆی کەرتەکانی کۆمەڵگە، هەر لە کەرتی پەروەردە و تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵگە و کەرتەکانی دیکەی کۆمەڵگەوە لە رێگەی سەنتەری هەماهەنگییەوە دەیان وۆرک شۆپ و خولی بۆ سەرجەم کەرتەکانی کۆمەڵگە کردۆتەوە و بەردەوامە.
لە رووی پەیوەندیی دیپلۆماسییەوە بە هەمانشێوە زانکۆی سلێمانی بەهۆی پێگە بەهێزە ئەکادیمییەکەیەوە، ئەو قونسوڵییەتە گەورانەی لە کوردستان هەن لە کێبڕکێدان، بۆئەوەی کامیان متمانەی زانکۆی سلێمانی بەدەستبهێنن تا گۆشەی خۆیان لە زانکۆکەدا بکەنەوە. ئەمەش بێگومان لە خۆڕا نییە کە هەمووان چاویان لەسەر ئەم زانکۆیەیە، لەبەرئەوە زۆر گرنگە لە رووی ئیداریی و ئابووریی و پەیوەندیی نێودەوڵەتییەوە بەرپرسانی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی داهاتوودا، جۆرێک لە دەسەڵاتی زیاتر بەم زانکۆیە بدەن، بە شێوەیەکی جیاوازتر سەیر بکرێت لە پای ئەو هەموو دەستکەوتە گەورانەی زانکۆی سلێمانی لە ماوەیەکی کەمدا بەدەستیهێناون، بێگومان ئەمەش وادەکات کێبڕکێ لە نێوان زانکۆکاندا دروست ببێت لە بەدەستهێنانی ناو و ناوبانگی ئەکادیمییدا، دواجار بەمەش ئاستی خوێندی باڵا سەرکەوتنێکی گەورەی نێودەوڵەتیی بەدەست دەهێنێت و لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە، زانکۆ دەبێتە جێگەی شانازیی نەتەوەی کورد و هەموو کوردستان و زانکۆ دەبێت بە شکۆیەک لە داهێنان.