پلانی ژەنەڕاڵەکان و باکووری غەززە

10:27 - 2024-11-27
پ. د.جەزا تۆفیق تالیب*
169 خوێندراوەتەوە


 ئامانجی پلانی ژەنەڕاڵەکان لە ئایندەدا بریتییە لە گۆڕینی ئەرکی باکووری غەززە بۆ(ناوچەیەکی سەربازی داخراو)، تاوەکو بە شێوەیەکی یەکجارەکی لەم بەشەی کەرتی غەززەدا بزوتنەوەی حەماس بوونی نەمێنێت

هەر لە سەرەتای جەنگی غەززەوە سوپای ئیسرائیل چەندین پلان و ستراتیژی سەربازی تاوتوێ کردووە و مەبەستی بووە، بۆ کۆتایهاتنی جەنگ و پاشتریش بۆ زامنکردنی ئاسایشی خاکی ئیسرائیل، پلانی ئەوە دابڕێژێت کە ناوچە سنورییەکانی ئیسرائیل لە باکووری کەرتی غەززەوە لانی کەم مەترسی رۆکێت و بۆردومانکردنی لە نێو کەرتی غەززەوە  لە ئایندەدا لەسەر کەمبێتەوە، لەم پێناوەشدا فەرماندەو ژەنەڕاڵەکانی سوپای ئیسرائیل چەندین بەرنامە و پلانیان پێشکەشی دەستەی ئەرکان و حکومەتی ئیسرائیل کرد، بەڵام هیچ پلان و بەرنامەیەکیان، ئەوەندەی پلانی ژەنەراڵەکان دەنگدانەوەی نەبوو.

پلانی ژەنەڕاڵەکان
پلانی ژەنەراڵەکان چییە؟ ئەم پلانە بریتییە لە پلانێکی سەربازی کە ژەنەڕاڵی پێشووی سوپای ئیسرائیل(غیۆرا ئایلاند) پێشکەشی بنیامین نەتیناهۆی کرد، و پاشان ژمارەیەکی زۆری دیکەی ژەنەڕاڵی سوپای ئیسرائیل پشتگیری ئەم پلانەیان کرد، و بە پلانی ژەنەڕاڵەکان ناسراو لە نێو دەستەی ئەرکانی ئیسرائیل و سوپاشدا دەنگدانەوەی هەبوو، پشتگیری لێکرا.
پلانەکە لە مانگی ئەیلولی 2024 دا داڕێژرا، کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لە راگواستنی دانیشتوانی باکووری کەرتی غەززە، ئەویش لە رێگەی سەپاندنی ئابڵوقەیەکی گشتی لەسەر باکووری غەززە، بەشێوەیەک کە قەدەغەی چوونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بکرێت، بەمەبەستی برسیکردنی ئەوانەی کە لە باکووری غەززەدا جێگیرن، جا چ سڤیل بن یان ئەوانەی سەر بە چەکدارانی حەماسن، بەمەبەستی ئەوەی لە باکووری کەرتی غەززەدا دەمێنێتەوە لە بەردەم دووڕیانی مردن یان خۆبەدەستەوەدان دا دەبن.

جێبەجێکردنی پلانەکە
ئامانجی ئەم پلانە لە ئایندەدا بریتییە لە گۆڕینی ئەرکی باکووری غەززە بۆ(ناوچەیەکی سەربازی داخراو)، تاوەکو بە شێوەیەکی یەکجارەکی لەم بەشەی کەرتی غەززەدا بزوتنەوەی حەماس بوونی نەمێنێت، و سنورەکانی ئیسرائیل و قوڵایی نێو ئیسرائیلیش جۆرێک لە ئاسایش و ئارامیان بۆ بگەڕێتەوە.
سەرەتای جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاگادارکردنەوەی دانیشتوانی باکووری غەززە دەستیپێکرد، کە پێویستە بەرەو باشووری دۆڵی غەززە کۆچ بکەن و ناوچەکە چۆڵ بکەن و هەر کەسێک لە باکووری غەززەدا بوونی هەبێت وەک ئامانجێکی سەربازی نەیار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لەبەر ئەوەی پێویستە وەک ناوچەیەکی سەربازی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لێرەدا وا پێویست دەکات کە سنووری باکووری غەززە دەستنیشان بکرێت، تاوەکو سنووری چۆڵکردنی دانیشتوان بزانرێت، بۆ ئەم مەبەستە پلانی ژەنەڕاڵەکان ئەوەی لە خۆگرتووە کە وا پێویست دەکات کەرتی غەززە دابەش بکرێت بەسەر دوو ناوچەدا، یەکێکیان لە باکوور، کە پلانی چۆڵکردنی هەیە و ئەوەی دیکەیان لە باشوور، ئەم دابەشکردنەش لە رێگەی هێڵی(نەتساریم)ەوە دەبێت.

هێڵی نەتساریم و پلانی ژەنەڕاڵەکان
لە رێگەی دەروازەی نەتساریمەوە دەتوانرێت باکووری غەززە لە باشووری جیابکرێتەوە و پلانی ژەنەراڵەکان جێبەجێ بکرێت، ئەم دەروازەیە دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای شاری غەززە و خۆرهەڵاتی کەرتی غەززە دەگەیەنێت بە خۆرئاوای و دەگاتە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، و درێژیەکەی نزیکەی 7کم دەبێت و ناوچەی ئەم دەروازە جیاکەرەوەیە بە ناوی نشینگەی(نەتساریم)ی جوونشینەوە بووە، کە لە رابردوودا هەبووە، بڕوانە نەخشەی ژمارە(1).
کەواتە چۆڵکردن و جیاکردنەوەی باکووری کەرتی غەززە و زیندووکردنەوەی  هێڵ و دەروازەی(نەتساریم) کە ئەوپەڕی خۆرهەڵاتی غەززە دەگەیەنێت بە ئەوپەڕی خۆرئاوا و بە دەریای ناوەڕاست و لێدانی رێگەیەکی 7 کیلۆمەتری، رۆڵی بەربەستێک دەبینێت بۆ جیاکردنەوەی باکووری غەززە، ئەم پلانەی ژەنەڕاڵەکان ریشەیەکی مێژوویی هەیە، کاتێک(ئارێل شارۆن) سەرۆک وەزیرانی پێشوتری ئیسرائیل، لە ساڵی 1971 دا فەرماندەی لەشکری باشووری ئیسرائیل بووە، کەرتی غەززەی دابەشکردبوو بۆ چەند ناوچەیەکی سەربازی، لەوانەش دەروازەی نەتساریم کە هەمان رۆڵی ئێستای پلانی ژەنەڕاڵەکانی پێدرابوو، ئەم پلانە بە کورتی مەبەستی هێنانەکایەی بوارێکی جیۆپۆلەتیکی ئاسایشە بۆ نشینگە جووەکانی باشووری ئیسرائیل، لەم روانگەشەوە پلانی داهاتووی ئیسرائیل لە دوای جەنگی غەززەدا، خۆی لە دۆزینەوەی میکانیزمێکی بەڕێوەبردن لە کەرتی غەزەدا دەبینێتەوە کە بە پلەی یەکەم ئاسایشی باشووری ئیسرائیل زامن بکات.
*پسپۆڕی جيۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی

وتارەکانی نوسەر