یەكێتی كلیلی دەرگاكەی لەلایە

10:46 - 2024-11-27
فەرید دڵشاد
54 خوێندراوەتەوە

پرسی پێكهێنانی دەیەمین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆتە باس ‌و خواسی ئەم رۆژانە و هەر میدیایە و بەجۆرێك سیناریۆی بۆ دروستدەكات، هەر پارتە و بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی بیر لە حكومەتی داهاتوو دەكاتەوە، هاووڵاتیان چاویان  لە دەنگەكانی خۆیانە، چاوەڕێن دەنگەكانیان بخەنە سەر مێزی دانووستانەكان و لە چوار ساڵی داهاتوودا خزمەت بكرێن.
ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پێمان دەڵێت، پێكهێنانی حكومەتی، بەبێ‌ بەشداریی ئەم دوو هێزە مەحاڵە، چونكە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەجۆرێكە، كە تەنها ژمارەی كورسی بڕیار نادات، بەڵكو هێز و سنووری جوگرافیا، پەیوەندییەكانی دەرەوە هێشتا رۆڵی كاریگەریان بۆ رەنگڕێژكردنی حكومەتی داهاتوو، هەریۆیە پارتی هەرچەندە براوەی یەكەمە، بەڵام ناتوانێ‌ بەبێ‌ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە تائێستاش هەمیشە دەرگایەكی بۆ یەكێتی بە كراوەیی هێشتووەتەوە.
هەرچەندە لەم قۆناغەدا وا باشترە كە تەنیا پارتی و یەكێتی حكومەت دروستبكەن، هێزەكانی دیكەش وەك ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە، بەجۆرێك حكومەتێكی بەهێز و ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز زیاتر خزمەت بەپرۆسەی سیاسی دەكات، بەڵام پێناچێت پارتی بیەوێت ئەو هەموو لایەنە بە ئۆپۆزیسیۆنی بمێننەوە، بۆ ئەوەی  حكومەتی داهاتوو ئاستەنگی زۆری بۆ دروست نەبێت.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گوشار هەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووە حكومەت پێكبهێنرێت، وەك دەبینێت پەیتا پەیتا باڵیۆز و كونسوڵی وڵاتان لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی و پارتی  كۆدەبنەوە و داوایان لێ دەكەن هەرچی زووە حكومەت پێكبهێنن، چونكە رەوشی ناوچەكە وادەخوازێت حكومەتی نوێ‌ زۆر بكەوێتە سەر كار، بەڵام رەوشی ناوخۆی هەرێم پێمان دەڵێت پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت.
یەكێتی بەڵێنی بە دەنگدەرانی داوە و سەرۆكەكەشی لە دیداری مێری وتی سازشی لێ ناكەین، ئەمجارە هەم داواكارییەكانی یەكێتی زۆرە بۆ وەرگرتنی پۆستی سیادیی زیاتر، هەم دەسەڵاتی زیاتری دەوێت و خۆسەپاندنیش قبووڵ ناكات، پارتیش ئەگەر دەیەوێت حكومەت زوو پێكبێت دەبێت بە سنگێكی فراوانەوە دەست و پەنجە لەگەڵ یەكێتی نوێ‌ نەرم بكات.
چەندین ساڵە یەكێتی هاوشێوەی ئێستا یەك دەنگ و یەك رەنگ نەبووە، پرۆسەی بڕیاردان لای زۆر ئاسان بووە، ئەمەش رێگەكەی بۆ پارتی ئاسانكردووە، ئەگەر پارتی بیەوێت دەتوانێت بە كۆبوونەوەیەكی لووتكەیی و سازشكردن بۆی، كلیلی حكومەتی داهاتوو لە یەكێتی وەربگرێت و دەرگای ئەنجومەنی وەزیران بۆ چوار ساڵی داهاتوو بكاتەوە، ئەم هەنگاوەش لەبەرژەوەندیی هەردوو لایانە.
ئەو هۆكارانەی سەرەوە وادەخوازن پارتی پەلەی پێكهێنانی حكومەتی هەبێت، ئەمەش لەگەڵ ئەو داواكارییانەی خۆی هەیەتی سازش بۆ یەكێتی بكات، ئەگەر بشیەوێت بە حزبی تر سەرئێشە بۆ یەكێتی دروستبكات، چارەنووسی پێكهێنانی حكومەت دەچێتە تونێلێكی تاریكەوە، ئەمەش وادەكات هەرێمی كوردستان دووبارە بكەوێتە نێو قەیرانی پێكهێنانی حكومەت.
ئەگەر لەماوەی یاسایی خۆیدا نەتوانرێت حكومەت دروست بكرێت، دیسان مەترسی ئەوە هەیە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، ئەمەش هەرێم تووشی قەیرانێكی گەورە دەكات و نقوومی كێشەكان دەبێت و رێگە خۆش دەكات بۆ دەستتێوەردانی زیاتری دەرەکی لە كاروباری نێوخۆیی هەرێمی كوردستاندا.

وتارەکانی نوسەر