دەقیق رۆژی چوار شەممەی رابردوو، گروپی چەكداری «تەحریر ئەلشام» لە پارێزگای «ئیدلب»ەوە هێرشیان كردەسەر سەر پارێزگای «حەلەب»، كە لەژێر دەستی سوپای سوریا بوو، گروپی چەكداری تەحریر ئەلشام لە چەند رۆژێكی كەمدا بەشێكی زۆری پارێزگاكەیان كۆنتڕۆڵكرد، لەبەرامبەردا لە لایەن سوپای سوریاوە بەرگرییەكی ئەوتۆ نەكرا، ئەم رووداوە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، چونكە سوریا گۆڕەپانێكی كراوەیە بۆ ململانێی هێزە هەرێمییەكانی وەك ئێران و توركیا و هێزە نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەمریكا و روسیا.
نەخشەی نوێی سوریا
سوریا لە 14 پارێزگا پێك دێت، لە ئێستادا پارێزگای حەسەكە، رەقە و بەری خۆرهەڵاتی رووباری فورات و پارێزگای دێرەزوور بە دەست هێزەكانی سوریا دیموكراتەوەیە، لەو دوو پارێزگایە بنكەی سەربازی ئەمریكای لێیە. لە لایەكی ترەوە پارێزگای ئیدلب و بەشێكی زۆری حەلەب لە دەستی تەحریر ئەلشامدایە، بەڵام گەڕەكی شێخ مەقسود لەو پارێزگایە بەدەست كوردەوەیە، هەرچی پارێزگاكانی ترە بەدەست سوپای سوریاوەیە لەگەڵ هەردوو پارێزگای تەڕتووس و لازقییە كە بنكەی سەربازی سوپای روسیای لێیە.
تەحریر ئەلشام
گروپی تەحریر ئەلشام، گرووپێكی چەكدارییە، پێشتر ناوی بەرەی نوسرە بوو لە ساڵی 2011 دامەزراو سەر بە رێكخراوی قاعیدە بوون، بەڵام لە ساڵی 2017 جیابوونەوەی خۆیان لە قاعیدە راگەیاند، ئەبو محەمەد جۆلانی سەرۆكی گروپەكەیە، نزیكەی 30 هەزار كەس دەبن و پەیڕەوی ئایدۆلۆجیایەكی «سەلەفی و جیهادی» دەكەن و توركیا پشتیوانی لەم گروپە دەكات، بەشێك لە چەكدارەكانیان توركەكانی سوریان، ئەم گروپە لەلایەن ئەمریكا، كەنەدا، بەریتانیا و یەكێتیی ئەوروپاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
سوپرایز بۆ سوریا
هێرشی تەحریر ئەلشام بۆ سەر حەلەب لای سوریاوە پێشبینی نەكراو بوو، بەو هێرشە رێكەوتنێكی ساڵی 2019یان پێشێلكرد، كە تایبەتە بە كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ئیدلب. ئێستا ئەو گروپە چەكدارانەی لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن و پشتیوانییان لە سوپای سووریا كردووە، بەتایبەت حزبوڵڵا بە شەڕی ئیسرائیلەوە سەرقاڵن، هەروەها روسیای هاوپەیمانی بەشار ئەسەد بە جەنگی ئۆكرانیاوە سەرقاڵە، سوپای سوریا بەهۆی سەرقاڵبوونی ئێران و حزبوڵڵای هاوپەیمانی بە شەڕی ئیسرائیلەوە، روسیاش بەشەڕی ئۆكرانیاوە پشتیوانییەكانی كەمبۆتەوە.
سپۆنسەرەكە توركیایە
تەحریر ئەلشام لە لایەن توركیاوە پشتیوانی تەواو دەكرێت، ئەنقەرە دەمێكە بانگەشەی ئەوە دەكات حەلەب لە میساقی میللی بەشێكە لە توركیا، دەیەوێت لە رێگەی تەحریر ئەلشام فشاری زیاتر لە ئەسەد بكات بۆ دانوستان و تەنازول كردن، كە پێشتر ئەسەد بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا مەرجی زۆری هەبوو. هەروەها حەلەب دەكەوێتە باكووری سوریا و هاوسێی توركیایە، هەربۆیە ئەنقەرە ناوچەكە بە بەرەی پێشەوەی سەقامگیریی ئاسایشی وڵاتەكەی دەزانێت، حەلەب بەدەست پاشكۆ سوننەكانی خۆیەوە بێت باشترە وەك لە هاوپەیمانەكانی ئێران كە شیعەن، ئامانجێكی تری نیشتەجێكردنی ئاوارەكانی وڵاتەكەیەتی لە حەلەب بۆ گۆرینی دیمۆگرافیای ناوچەكە لە بەرژەوەندیی خۆی.
ئێران بێدەگ نابێت
ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت، دیارە لە بەرژەوەندیی ئێران نییە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەسام سەباغی هاوتا سوورییەكەی «جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی ئێران بۆ حكومەت، گەل و سوپای سوریا لە شەڕی دژی تیرۆردا كردۆتەوە و هێرشی گرووپە چەكدارەكانی «بە بەشێك لە نەخشەڕێژیی ئەمریكا و ئیسرائیل ناوبردووە، ئێران لە دۆستایەتیدا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی جێگەی متمانەیە و هەستی بەوە كردووە، کە دەیانەوێت نفوزی لە سوریا لاواز بكەن هەربۆیە چاوەڕوان دەكرێت هاوكاری سەربازی زیاتر رەوانە بكات بۆ سوریا.
بڕینی هێڵی لۆجستی
ئیسرائیل بە ئاشكرا هۆشداریی دایە بەشار ئەسەد، كە لە وڵاتەكەیەوە هاوكاری دەگەیەنرێتە حزبوڵڵا لە لوبنان، هەربۆیە بەگرتنی حەلەب دەیانەوێت هێڵی ئێران- سوریا- حزبوڵڵای لوبنان لاواز بكەن، بۆ ئەو مەبەستە توركیا لەسەر زەوی و ئیسرائیل بە بۆردومانەكانی بۆسەر گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران ئەو كارەیان كرد، تاكو حزبوڵڵای لوبنان چیتر هاوكاری سەربازیی لە سوریا و عیراقەوە پێ نەگات ئەوەی بە بڕینی رێگەی نێودەوڵەتیM4 و M5، جیا لەوەش بۆ كەوتنی حەلەب بە كارهێنانی درۆن رۆڵی گەورەی بینی باس لەوە دەكرێت تەحریر ئەلشام درۆنەكانی لە توركیاوە پێگەیشتبێت.
ئەمریكا گڵۆپەكەی هەڵكردووە
كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاوەو شوێنگرتنەوەی ئەو ناوچانە لە لایەن توركیا و فراوانبوونی ناوچەی نفوزی تەحریر ئەلشام كە توركیا پشتیوانییەتی، ئەو پشكە بوو كە توركیا بەری كەوت، لە گۆڕانكاری ناوچەكە و باڵانسی هێز و هاوكێشەی هێز كە پلانی بۆ دارشتبوو، بەڵام ئێستا تەحریر ئەلشام بۆتە دراوسێی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا و مەترسین بۆسەر ناوچەی نفوزی ئەو وڵاتە لە سوریا، ترسی ئەوەش هەیە دۆناڵد ترەمپ هێزەكانی بكشێنێتەوە و هاوشێوەی عەفرین هێزەکانی سەر بە تورکیا دەست بە هێرش بكەن بۆسەر ناوچە كوردییەكان.
ئەزموونی كورد لە مەترسیدایە
حەلەب ناوچەیەكی گرنگ بوو بۆ كوردی رۆژئاوای كوردستان، هەربۆیە سیناریۆیەك ئەوەیە، كە تەحریر ئەلشام بە كۆنترۆڵكردنی حەلەب، دواتر هێرشیكی فراوان دەستپێبكات بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات، وەك ناوچەكانی ئەلباب و مەنبەج و ئەعزاز و دواتریش كۆبانێ و رەقە، واتە ئێستا دراوسێی كورد گروپێكی تیرۆریستییە لە بەرگێكی نوێدا، جیا لەوەش سیناریۆكەی تر ئەوەیە، توركیا و سوریا رێكەوتنی نهێنییان هەبێت بۆ ئەوەی هاوشێوەی كۆنترۆڵكردنی عەفرین، ئەزموونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەناوبەرن، باشترین گروپیش بۆ ئەم كارە كە لەبەردەستیانە تەحریر ئەلشامە، ئێستاش گومانەكان بۆ ئەم سیناریۆیە ئەوەیە، كە سوپای سوریا زۆر بە ئاسانی حەلەبی دا بەدەستەوەو بەرگری ئەوتۆی نەكرد.
تەقە لە سوریا دەنگەكەی لە عیراق
درێژایی سنووری عیراق لەگەڵ سوریا بە رۆژئاوای كوردستانەوە 600 كیلۆمەترە، لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەرەو ئەنبار بەدرێژایی زیاتر لە 470 كیلۆمەتر دیواری كۆنكرێتی دانراوە؛ بەهۆی ئەو رووداوەی حەلەبەوە، عیراق ترسی لێ نیشتووە ئەو گروپە توندڕەوانە بپەڕنەوەی خاكی عیراق، هەربۆیە هێزی زیاتر و چەكی زیاتری رەوانەی سنوورەكان كردووە، بە تایبەت لە حەلەب چەندین زیندانی داعش لە گرتووخانەكان ئازادكراون، لەلایەكی ترەوە چاوەڕوان دەكرێت، حەشدی وەلائی لە عیراقەوە داخڵی سوریا بێت بۆ پشتیوانیكردن لە سوپای سوریا كە لە كاتی داعش چەندین ناوچەیان پاراست لە هێرشە تیرۆریستییەكان.
باشووری كوردستان هەستاوە لە خەو
لە ئەگەری هێرشكردنەسەر رۆژئاوای كوردستان، راستەوخۆ گروپێكی توندڕەوی ژێر پەردەی داعش دەبێت بە هاوسێی باشووری كوردستان، جگە لە بوونی كەمپێكی گەورەی وەك «هۆل» لە حەسەكە كە مەترسیدارترین تیرۆریستەكانی تێدایە، بەوەش راستەوخۆ هەڕەشە بۆسەر باشووری كوردستان دروست دەبێت، هاوكات ئەگەری زیندووكردنەوەی شانە نوستووەكانی داعش زیاتر دەكات لە عیراق و هەرێم بەمەش، مەترسیی ئاڵۆزبوونی دۆخەكە زیار دەبێت، كاری لە پێشینەی كورد ئەوەیە هاوكاری رۆژئاوای كوردستان بكات و هەوڵی پاراستنی ئەو ئەزموونە بدات كە لەوێ هەیە، دەبێت كورد پەند لە ساڵی 2014 وەربگرێت، كاتێك داعش هات چەند شەهیدیمان بەخشی و خاكمان لەدەستدا و بەگران وەرمان گرتەوە تەنانە هەولێری پایتەخت كەوتە مەترسییەوە.