کۆد و کلیل

کەبابی پرسە

10:03 - 2024-12-04
پرژە زاهیر جەلال
45 خوێندراوەتەوە

پرژە زاهیر جەلال 

پرسە، ئەو مەراسیمە خەم ئامێزەیە کە تێیدا خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی کۆدەبنەوە بۆ نزاکردن و ستایشکردنی رەفتارە جوانەکانی کەسی کۆچکردوو، بۆئەوەی پیشانی بدەن چەند رێزدار و خۆشەویست بووە لە ژیاندا.
جاران پرسەگێڕان سێ رۆژی دەخایاند، دواتر بە بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف گۆڕا بۆ یەک رۆژ، ئەمەش بەهۆی چەند هۆکارێکەوە بوو، لێرەدا گرنگە باسی چەند لایەنێکی نەرێنیی پرسە بکەین و بیخەینەڕوو.
یەکێک لەو لایەنە زیانبەخشانە لە بەرچاو نەگرتنی دۆخی دارایی خاوەن پرسەیە، کە سەرەڕای خەم و ئازاری لە دەستدانەکە و دۆزینەوەی شوێنێک بۆ بەخاک سپاردن و پارەی گۆڕهەڵکەن و کێل و مردوو شۆر، ناچاریشن هەرچۆنێک بێت بڕێکی زۆر لە خواردن و خواردنەوە ئامادەبکەن بۆ میوانەکانیان، بۆ چەند ژەمێک، چ خۆیان ئامادەی بکەن یاخود لە خواردنگەکانی دەرەوە داوای بکەن، ئەمە خەرجییەکی زۆری دەوێت کە زۆرجار خاوەن پرسە هیچ دەرامەتێکی ئەوتۆیان نییە و ناچار بە قەرز ئامادەی بکەن، لەبەرئەوەی لە هەندێک پرسەدا میوانەکان بە برنج و شلە رازی نین و داوای کەباب دەکەن، ئەوە جگە لەوەی ئەو مامۆستا ئاینییەی لە رۆژی پرسەکەدا قورئان دەخوێنێت، لە کۆتایی رۆژەکەدا دەبێت بڕی 75 هەزار دیناری پێ بدرێت.
زیانێکی دیکە ئەوەیە ئەم تێکەڵ بوون و جەنجاڵییە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی چەندین نەخۆشی جیاواز، هاوکات هەڵدانی چادر لەنێو کۆڵانەکاندا دەبێتە هۆی گرتنی رێگەی هاتووچۆی خەڵک و هەراسانکردنی دراوسێکان.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دروست بوونی چەندین کۆمپانیا بۆ بەڕێوەبردنی پرسە بەشێوەی ستاف، ئەرکەکەیان سەختتر و رەسمیتر کردووە، بە جۆرێک ئەوەی کۆمپانیا پرسەکەی بەڕێوە ببات، واتا زەنگینە.
لەگەڵ ئەمانەدا دیاردەی ئامادەکردنی جوانترین جلوبەرگ و ئێکسسوارات بۆ پرسەکان جێی سەرسوڕمانە، چونکە جاران تەنیا بۆ ئاهەنگەکان خەڵکی خۆیان دەڕازاندەوە، بەڵام ئێستا بۆ شین و شایی هەمان شتە.
دەتوانین چارەسەری ئەم دیاردە نەخوازراوانە بکەین بەوەی پرسەکان تەنیا لە مزگەوتەکاندا بەڕێوەبچێت بۆ ژنان و پیاوان دواتر چادر هەڵنەدرێت، بەم شێوەیە کۆڵانەکان ناگیرێن، رێوڕەسمەکە بە هێمنی، بێ گلەیی، بەبێ ستاف و جەنجاڵی بەڕێوە دەچێت، بە هەمان شێوەی شاری قەڵادزێ خزمان و دۆستان نەک نابن بە ئەرک، بەڵکو ئەرک لەکۆڵ خاوەن پرسە دەکەنەوە، بەوەی هەریەک لە ماڵی خۆیەوە رۆژانی پرسەکە سینییەک خواردن دەبات بۆ ماڵی خاوەن پرسە بۆ دوو ژەم، ئەمە دەبێتە هۆی سەبووری و مانەوەی هەڵوێستی جوان و هاوخەم بوونی راستەقینەی کەسوکاری خاوەن پرسەکە.
مامۆستایانی ئایینیش پێویستە لە وتارەکانیاندا هاووڵاتیان ئاگادار بکەنەوە سەبارەت ئاسانکاری و سووککردنی باری سەرشانی خاوەن پرسەکە.

وتارەکانی نوسەر