سمکۆ چنارەیی
بە دەستهێنانی متمانە و نەمانی ترس و گومان، تاقیکردنەوەیەکی باشە بۆ منداڵ و بە قۆناغێکی سەرکەوتوو دادەنرێت لە ژیانیدا
هەموو مرۆڤێک بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی ترسان بووە و دەکرێت بڵێین ترس بەشێکە لە ژیان، تەنانەت لە تەمەنی گەورەبوونیشدا رووبەڕووی جۆرێک لە ترس بووینەتەوە و تاڕادەیەک گەورەکان دەتوانن خۆیان لە ترس رزگار بکەن.
ئەویش چ بە نکۆڵیکردن بێت، یاخود دۆزینەوەی چارەسەر بۆی، بەڵام منداڵان زۆر جیاوازن لە گەورەساڵان و ئەوان ناتوانن و نازانن چۆن چارەسەری ترس بکەن، بەبێ هاوکاری و یاریدەی گەورەکان و کەسانی تر، خۆ ئەگەر دەستی یارمەتی گەورەیان پێ نەگات، ئەوا ترسەکە دەبێتە نەخۆشی ترسناک و دۆخی دەروونی و تەنانەت جەستەشیان تووشی پەشێوی و ناسەقامگیری دەبێتەوە، جۆری ترسەکانی منداڵان زۆرن، سەبارەت بە ترس لە خوێندن، لەبەرئەم هۆکارانەیە:
*شەڕ فرۆشتن و گاڵتەپێکردن لەلایەن هاوڕێکانییەوە.
*شکاندنەوە و بە لاواز ناساندنی ئاستی زانستیی لەلایەن مامۆستایانەوە، لە کاتێکدا کە دەرناچێت لە تاقیکردنەوەکاندا.
*هەژاری و مەیسەرنەبوونی پێداویستییەکانی خوێندن.
*دەرنەخستن و کپکردنی ئەو بەهرە و توانا شاراوەیەی ناو ناخی و بەپێچەوانەی ئەویش گرنگی زۆرپێدان بەو هاوڕێیانەی کە بەهرەکانیان بەرز دەنرخێنرێت و بە دیار دەخرێن و ستایش دەکرێن.
*پشتگوێ خستنی بە بەردەوامی و پێ نەسپاردنی هیچ کارێک لە خوێندنگەکەی.
*دووری خوێندنگە، گواستنەوەی خوێندنگەکەی و کۆمەڵێک هۆکاری تر دەبنە مایەی ترسی منداڵ بۆ خوێندن.
زوو درک پێکردن و چارەسەرکرنی کێشەکەی لە کاتی خۆیدا، دەبێتە هۆی رەوینەوە و دڵخۆش بوونی منداڵ، ئەوکاتەش لە جیاتی ترس لە خوێندن، بە پێچەوانەوە چێژێکی زۆر لە خوێندن و خوێندنگە دەبینێت، کە گەورەش بوو ئەو ئاسوودەبوونە بە کار و پیشەکەیەوە دەبینرێت و سەرکەوتووانە کارەکانی بەڕێوە دەبات (ئێریکسن) ی زانا دەڵێت: بە دەستهێنانی متمانە و نەمانی ترس و گومان، تاقیکردنەوەیەکی باشە بۆ منداڵ و بە قۆناغێکی سەرکەوتوو دادەنرێت لە ژیانیدا.