دیداری نوگرەسەلمان

10:00 - 2024-12-09
تەها سلێمان
120 خوێندراوەتەوە

تەها سلێمان

تا ئێستا نازاندرێت(دیداری نوگرەسەلمان) کاتەکەی کەیە و ئەو توێژینەوەو بابەتانەی تیایدا پێشکەش دەکرێن چین، بەڵام دەکرێ وەک یەکێک لەهەنگاوە گرنگ و جێبایەخەکان لێی بڕواندرێ، لەهەڵدانەوەی لاپەڕە شاراوەکانی تاوانی جینۆساید و ئەنفال لە عیراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەت، چونکە هەربۆخۆی ناوی (نوگرەسەلمان) بێسنوور تاڵ و ناسۆرە لەیادەوەریی زۆرێک لەعیراقییەکان و کوردستانیاندا.
بەپێی زانیاری بەردەستە(کۆمەڵەی داکۆکی لەپرسی ئەنفال) لەدوایەمین کۆبوونەوەی خۆی لەم مانگەدا، کاتیان تەرخانکردووە بۆ گفتوگۆ لەبارەی رێوشوێنەکانی ئەنجامدانی(دیداری نوگرەسەلمان) ئەگەر بڕیاربێت ئەم دیدارە درێژکراوەی دیدار یان دروستر کۆنگرەکانی (نەجەف، لەندەن، هەولێر)ی تایبەت بەگۆڕە بەکۆمەڵەکانی تاوانی جینۆساید بێت، پێویستە ناوەکەی لەدیدارەوە بگۆڕدرێ بۆ کۆنگرەی چوارەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەگەریش پێچەوانەکەی راستە، پێشنیاز دەکەم بکرێتە کۆنگرەی یەکەمی نوگرەسەلمان. 
دروستە کۆمەڵەی داکۆکی تایبەتە بەپرسی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە ناونیشان و بابەتەکانی ئەم پڕۆژەیە تەنیا لەچوارچێوەی تاوانی ئەنفالدا قەتیس بکرێ، بەڵکو پێویستە ئەم بیرۆکە و پڕۆژەیە ئاراستە بکرێ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆی تاوانی جینۆساید و رەهەند و لێکەوتەکانی لەعیراق و کوردستاندا، کە ئەمەش ئامانجەکان گشتگیرتر و بابەتیتر دەکات و گوتاری ئاراستەکراوی شلگێرانە لەبارەی تاوانی جینۆساید بەگشتی و تاوانی جینۆسایدی ئەنفال لەعیراق و کوردستاندا بەرهەم دێنێ. 
تێدەگەم قورس و سەرئێشەی زۆرترە، بەڵام هاوکات پێشنیازی ئەوەش دەخەمە بەردەستی لیژنەی سەرپەرشتیی و ئامادەکاری(دیدار یان کۆنگره)کە، کە شوێنی ئەنجامدانی لە(گەرمیان)وە بگوێزنەوە بۆ خودی(نوگرەسەلمان)، چونکە ئەم شوێنە بۆخۆی وێنە هەرە تاڵ و کاریگەرەکەی تاوانی جینۆساید بەگشتی و جینۆسایدی ئەنفالە بەتایبەتی.
پاشان ئەنجامدانی کارێکی وا گرنگ لە(نوگرەسەلمان) نەک تەنیا چاوی گەرمیان و بەرپرسەکانی، چاوی تەواوی کوردستان و عیراق و نوێنەرایەتی وڵاتان و رێکخراوەکان و شارەزایانی تایبەت بەم بوارەی دەخاتە سەر، بێگومان ئەگەر کاری باش و پێویستی بۆ بکرێ. 
ئەوکاتەش دەتوانرێ بگوترێ کارێکی نموونەیی و جیاواز لەوانەی پێشوو ئەنجامدرا، هەروەک گرنگە ئەم بابەتە بەئاگاهی و وردییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، بۆئەوەی شوێن و جێگای راستەقینەی خۆی بگرێ و تەنیا دووبارەکردنەوەی هەنگاوەکانی پێشووتر نەبێت.

وتارەکانی نوسەر