لە یادی یوبێلی زێڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا

ستراتیژ و بەرنامەی كاركرن لەبواری جینۆساید و ئەنفالدا

10:31 - 2025-06-02
تەها سلێمان
65 خوێندراوەتەوە

كورد و كوردستان لە باشوور و باكوور، لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەلایەن رژێمە داگیركەرەكانەوە بەردەوام رووبەڕووی تاوانی جۆراوجۆر بۆتەوە، كە لە باشووری كوردستان دیارترین ئەو تاوانانە دەتوانرێ‌ بەم شێوەیە پۆلێن بكرێن: (تاوان لە دژی گوندی سۆریا، تاوانی ئەشكەوتی دەكان، تاوانی جینۆساید لە زیوێ، تاوانی جینۆسایدی فەیلییەكان، تاوانی جینۆسایدی بارزانییەكان، تاوانی جینۆساید و بۆمبارانی قەڵادزێ‌، تاوانی كیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجە، تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، تاوانی جینۆسایدی سەید سادق، تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەكان) و چەندین تاوانی تری جۆراوجۆر وەک تاوانی راگواستن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی لە مەندەلی و خانەقینەوە تا كەركوك و شەنگال. 
ئەم بابەتەی بەردەستت، كڵێشەیەكی ئامادەكراوە لە یادی یوبێلی زێڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەیخەینەڕوو، بەو ئامانجەی ببێتە بەشێک لە ستراتیژ و بەرنامەی کارکردن و پاش گفتوگۆكردنی بتوانرێ‌ بكرێتە کارنامە و وەك نەخشەڕێگای كاركرن تایبەت بە جینۆساید و ئەنفال، كە دڵنیام بە تێبینی و سەرنجی هەموو لایەک دەتوانین ئەم كڵێشەیە دەوڵەمەند بكەین و دواتریش هەر بە پشتیوانی هەموو لایەک كار لەسەر جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی بە پێی پلانی گونجاو بكەین، لە ئێستا و داهاتووی دوور و نزیکدا.
لێرەوە رەنگە ئەو پرسیارە بکرێ، بۆچی ئەم پرۆژەیە ئاڕاستەی یەکێتی دەکرێ؟ وڵامەکە ئاسانە، چونکە یەکێتی حزبێکی گەورە و کاریگەرە لە چوارچێوەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان و عیراق و تۆڕێکی پەیوەندیی فراوانی لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیای دەرەوە هەیە و دەتوانێ ئەم ئەرکە راپەڕێنێت. 

لەسەر ئاستی عیراق 
یەکەم: فشار خستنە سەر حكومەتی عیراقی بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان و كەس و كاری قوربانیانی جینۆساید، ئەمەش لە رێگای پرۆژە یاسایەکەوە رێك بخرێت و هەماهەنگی لەنێوان پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە بكرێ‌، بە تایبەت هەردوو فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و لە پەرلەمانی عیراق دەتوانن ئەم پرسە بجوڵێنن. 
دووەم: كاركردن بۆ ئەوەی حكومەتی عیراق وەك میراتگرەوەی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان، بەفەرمیی داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان بكات لە بەرامبەر جینۆساید و تاوانە جیاجیاكان كە بەرامبەر گەلی كوردستان لە لایەن حكومەتەكانی پێش خۆیەوە کراوە.
سێیەم: هەمواركردنەوەی یاسای گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە عیراق و دەستنیشانكردنی بەرپرسیارێتی و ئەرکی حکومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم لە یاساكە و كاركردن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و هێنانەوەی رووفاتەكانیان بۆ نیشتمان.
چوارەم: كاركردن بۆ ئەوەی حكومەتی عیراقی بە ئامانجی ئەوەی رێكەوتننامەی رۆمای ساڵی 1998 واژۆ بكات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، چەسپاندنی ئەم پرسە یەكێكە لە گەرەنتییەكانی دووبارە نەبوونەوەی جینۆسایدكردنەوەی گەلەكەمان.
پێنجەم: سەردانیكردن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عیراق و بەدواداچوون بۆ دۆسێیەی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و كوردستان، ئەوانەی بڕیاریان لە بارەوە دراوە و ئەوانەشی كە تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
شەشەم: دانانی یاسای تاوانكاریی جینۆساید لە عیراق، كە ئەمەش دەبێتە رێگا خۆشكەر بۆ ناسینەوەی تاوانەكانی جینۆساید دژ بە گەلەكەمان و چەسپاندنیان.
حەوتەم: كاركردن لەسەرئەوەی هەر سێ‌ سەرۆكایەتی لە عیراقی فیدراڵ كە نامەیەك ئاڕاستەی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان بكات بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و هەرێمی كوردستان تەخویل بكرێت بۆ جوڵاندنی ئەو دۆسێیە.

 

حكومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر دامەزراندنی دەزگایەكی ئەرشیڤی نەتەوەیی بدات بۆ پاراستنی هەموو ئەو دۆكیۆمێنت و بەڵگەنامە بینراو و بیستراو و خوێندراوانەی لەسەر هەموو تاوانەكانی دژ بە گەلی كوردستان هەن

 

لەسەر ئاستی پەرلەمانی كوردستان 
یەکەم: پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەر بكات و بەرپرسیارێتی حكومەتی عیراقی و حكومەتی هەرێم دەستنیشان بكات و ئەركەكانی هەردوولا بەڕوونی دیاریی بكات. 
دووەم: كاركردن بۆ سازدانی ژمارەیەك كۆنفرانس لە پەرلەمانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا و وڵاتە عەرەبییەكان و وڵاتانی دراوسێ‌، بۆ ناساندنی تاوانەكانی جینۆساید دژ بە گەلی كورد و كوردستان.
سێیەم: كاركردن بۆ گۆڕینی دەستەواژەی هەڵەی (بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال) بۆ (بەدونیاناساندنی جینۆسایدی ئەنفال) لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئەمەش بە بڕیارێك لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پشتڕاست بكرێتەوە و بگشتێندرێ‌.
چوارەم: كاركردن بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بە جینۆساید بناسینێ، كە ئەمەش هێزی گەورە دەداتە لایەنی كوردستانی و لاوازكردنی ئەو تۆمەتەی هەمیشە دەدرێتە پاڵ كورد بە بەشداریكردنی لە جینۆسایدی ئەرمەنەكان.
پێنجەم: دەركردنی بڕیاری جینۆسایدی تاوانی شەنگال و دەوروبەری لە پەرلەمانی كوردستان، بە پشت بەستن بەو پرۆژە بڕیارانەی لە پەرلەمانی كوردستانن و خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە.
شەشەم: دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی بزربووانی جینۆسایدكردنەكانی گەلەكەمان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.
حەوتەم: پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی تایبەت بە تاوانەكانی جینۆساید بكات و رێ و شوێنە یاسایی و گونجاوەكان بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بگرێتە بەر.
هەشتەم: پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك دەستەواژەی «كارەسات» بۆ ناساندنی تاوانەكانی «جینۆساید، ئەنفال، كیمیاباران» یاساغ بكات و وەك هەڵەی باوی نادروست بیانناسێنێ‌، نەك پێچەوانەكەی.
نۆیەم: پێویستە پەرلەمانی كوردستان بە وردی و لە رێگای لیژنە تایبەتمەندەكانییەوە، بەدواداچوون بۆ تێكڕای ئەو خاڵ و پێشنیاز و بابەتانەی سەرەوە بكات، كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ئەنجومەنی وەزیران و بەشێك لە وەزارەت و فەرمانگەكانی حكومەتەوە هەیە، ئەمەش بە پلان و بەرنامەی گونجاو دەبێت نەك بە كاری سەرپێی و دوور لە بەرنامەڕێژی.

لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان
یەکەم: دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی شایستە بۆ گۆڕستانی «دێبنە» لە گەرمیان، كە بتواندرێ‌ هەموو كار و چالاكی و كۆڕ و كۆنفرانسەكانی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفالی تێدا بکرێ‌.
دووەم: پێكهێنان و دروستكردنی سەنتەرێكی نیشتمانی بۆ سەرجەم دۆسێیەكانی تاوانەكانی جینۆسایدكردنی گەلەكەمان.
سێیەم: وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان ئاگاداری سەرجەم وەزارەتەكانی تر بكاتەوە بۆ كاركردن لەسەر جینۆساید و كیمیاباران و شاڵاوی ئەنفال، لەوانە وەزارەتی تەندروستی كار بكات لەسەر برینەكانی بەركەوتووی چەكی كیمیاوی و چارەسەركردنیان بخاتە ئەستۆی وەزارەت و ئەم بابەتە لە یاسای وەزارەتدا جێ بكاتەوە، هەروەها دروستكردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەركردنی خانەوادەی ئەنفالكراوان و شەهیدان لەسەرجەم ئەو ناوچانەی كە ئەنفال و كیمیاباران كراون.
چوارەم: دانانی تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال لە پرۆگرامەكانی خوێندنی زانكۆ، بۆ ئەم مەبەستەش كۆنفرانسێكی زانستی ببەسترێ‌ و پلانی گونجاوی بۆ دابندرێت‌.
پێنجەم: دەستگیركردن و رادەستكردنی هەموو ئەو سەرۆك جاش و موستەشارانەی كە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە داواكراون، بۆ ئەوەی دادگا بێ تاوانی یان جۆری تاوانەكانیان ساغ بكاتەوە.
شەشەم: هەمواركردنەوە و داڕشتنەوەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بە جۆرێك زامنی پێداویستییەكانیان بكات.
حەوتەم: حكومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر دامەزراندنی دەزگایەكی ئەرشیڤی نەتەوەیی بدات بۆ پاراستنی هەموو ئەو دۆكیۆمێنت و بەڵگەنامە بینراو و بیستراو و خوێندراوانەی لەسەر هەموو تاوانەكانی دژ بە گەلی كوردستان هەن، تاوەكو بنێتە سەرچاوەی زانیاری بۆ دەزگایەكی ستراتیژیی لێكۆڵینەوە و دیراساتی لەسەر بكات بۆ ئەوەی بتوانێت مێژووی تاوانەكان كە بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە بۆ نەوەی نوێ‌ بپارێزێت و لەهەمان كاتدا بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی كوردستان بۆ رای گشتی جیهانی زانیاری لەمەڕ ئەم تاوانانە كۆ بكاتەوە و دۆكیۆمێنتیان بكات. 
هەشتەم: دانانی سیستمی (داتا بەیس) كە ناوی هەموو بێ سەر و شوێنكراوەکان و بەڵگەنامەكان بە هەر دوو شێوازی بەڵگەیی و ئەلیكترۆنی لەخۆ بگرێت، بەمەبەستی یەكپارچەكردن لە پاشكەوتكردنی زانیارییەكان و كۆكردنەوەیان لە یەك شوێن، هەروەها پاكسازیكردنی لیستی ناوەكان.
نۆیەم: حكومەتی هەرێم بە شێوەیەكی بەرفراوانتر سوود لە ئەزمونی كۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری بێ سەر و شوێنكراوەكان (ICMP) وەربگرێت، کە تاكە رێكخراوی نێودەوڵەتییە بە تایبەتی لە بواری دۆسێی بێ سەر و شوێنكراوەكان كار دەكات.
دەیەم: وەزارەتی رۆشنبیری و دەزگا پەیوەندیدارەكانی تر گرنگی تایبەت بە كاری هونەری و دورستكردنی فیلم و دراما لەبارەی ئەنفال و جینۆسایدەوە بدەن، بۆ ئەم مەبەستەش سندوقێكی تایبەت بۆ پاڵپشتیكردنی دارایی دروست بكرێت‌.
یازدەیەم: پشتیوانیكردنی ماددی و مەعنەوی رێكخراوەكانی تایبەت بە جینۆساید لەلایەن حكومەت و وەزەراتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانەوە بکرێت.
دوازدەیەم: تۆماركردنی داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كۆمپانیایانەی كە چەكی قەدەغەكراو و كیمیاویان بە رژێمی بەعس فرۆشتووە.
سیازدەیەم: وەرگێڕانی كتێب و دیكۆمێنتەكانی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفال بە زمانە زیندووەكانی دونیا، بەشێوەیەكی سیستماتیك و پلان بۆ دانراو لەلایەن دەزگاكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندیدارەكان.
چواردەیەم: گەرمیان «چەمچەماڵ» بكرێتە پایتەختی تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال، ئەمەش دەبێتە هاندەری زیاتر بۆ ناسین و دانپێدانانی تاوانەكانی جینۆساید.
پازدەیەم: دووبارە كاراكردنەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق و دەست نیشانكردنی بەرپرسیارێتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەڵسوڕاندنی كاروبارەكانی دادگا.
شازدەیەم: لەكاتی دانانی بودجە لە سندوقی داهاتە نەوتییەكان، بڕی بودجەی شایستە بۆ كاركردن لەسەر دۆسێیەی تاوانەكانی جینۆساید لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە تەرخان بكرێ‌.
حەڤدەیەم: مەدالیایەكی تایبەت و شایستە بە كەس و كاری قوربانیانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلەكەمان دروست بكرێ‌ و هەموو خانەوادەیەكی خاوەن قوربانی ئەو مەدالیایەی پێشكەش بكرێ‌.
هەژدەیەم: زیادكردنی مووچەی بریندارەكانی هەڵەبجە و دەربازبووانی ئەنفال و دروستكردنی ناسنامەی تایبەت بۆ ئەوان و تەواوی كەس و كاری قوربانیان وەك ناسنامەی رێزلێنان و ناسینەوەیان لە هەموو كوردستان.
نۆزدەیەم: دانانی دەزگای (دی ئین ئەی) لەسەر ئاستێكی پێشكەوتوو، بە پشت بەستن بە ئەزموونی پێشكەوتووی وڵاتانی دنیا لەم بوارەدا بۆ ناسینەوە و جیاكردنەوەی مافی خاوەندارێتی قوربانی و كەس و كاری قوربانییەكانی جینۆساید.
بیستەم: دامەزراندنی تەواوی منداڵانی قوربانیانی جینۆساید و ئەنفال، بە بێ‌ هیچ مەرجێك لە داو و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
بیست و یەك: هەموو مۆنۆمێنتەكانی «چەمچەماڵ، هەڵەبجە، كەسنەزان و دهۆك» رێکبخرێن و بخرێنەسەر ئەو سەنتەرە نیشتمانییەی کە لە خاڵی دووەمدا باس كراوە.
بیست و دوو: بەشێك لەو خوێندكارانەی بە مەبەستی خوێندن دەنێردرێنە دەرەوە، لەسەریان بكرێتە مەرج توێژینەوەی ماستەر و دكتۆراكانیان، لەسەر تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال و كیمیابارانی گەلەكەمان بەو زمانانەی پێی دەخوێنن، بێت.
بیست و سێ: هەواڵدان بۆ پێكهێنانی دادگایەكی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان بە ناوی دادگای باڵای تاوانەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆسێیەكانی تاوانی جینۆساید.
بیست و چوار: (عەدالەتی ئینتقالی) تاكە رێگەیە بۆ دابینكردنی دادپەروەری و قەرەبوكردنەوەی قوربانییەكان، بە بێ (عەدالەتی ئینتقالی) ئاشتەوایی نیشتمانی دابین ناكرێت و لە هەرێمی كوردستانیشدا تا ئەم شێوازە لە دادپەروەری پەیڕەو نەكرێت، برینی تاوانی جینۆسایدی فەیلییەكان و جینۆسایدی بارزانییەكان و جینۆسایدی ئەنفال و شنگال و برینەكانی دیكە سارێژ نابن و ئەگەری دووبارە بوونەوە و رشتنی خوێنی زیاتر لە ئارادا دەبێت.

2-2
چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ دەربازبووانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان
یەکەم: ئەو دەربازبووانە پێویستە لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ دەربهێندرێن. كە ئێستا سێ كەسیان لە ریزەكانی سوپا و ئاسایشدان. چونكە دوور نییە بەهۆی چەك هەڵگرتنەوە لە چركە ساتێكدا بگەڕێنەوە بۆ یادەوەری تاوانی كۆمەڵكوژییەكە و تاوانێک بکەن.
دووەم: لەیادی كۆمەڵكوژی ئەنفالدا، لە كاتێكی جیاوازدا مەراسیمێكی رێزلێنانی شایستەیان لەسەر ئاستی هەرێم بۆ ساز بدرێت، (وسامی شەرف) یان مەدالیای رێزلێنانیان پێببەخشرێ ‌‌و ئەوانەشی لە ژیاندا نەماون هەمان مەدالیا و ئیمتیازات بدرێتە نزیكترین كەسیان، چونكە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە چوار كەسیان لە ژیاندا نەماون.
سێیەم: لەهەر كوێیەك كە گونجاو بێت ئۆفیسێكی تایبەت بەو 10 كەسەی لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان رزگاریان بووە و لە ژیاندان بكرێتەوە و ناوبندرێت (ماڵی ناسنامەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان یان ئازادی) و سەر بە دامەزراوەی نیشتمانی بۆ پرسەكانی جینۆساید بێت كە لە خاڵی دووی راسپاردەكانی تایبەت بۆ حكومەت و لەسەرەوە ئاماژەی بۆ كراوە بێت، بۆ ئەوەی لەسەرئاستی ناوخۆ.
چوارەم: دەرەوە ببێتە شوێنی بینینی ئەو كەسایەتیانە و لەلایەن لێكۆڵیار و رۆژنامەنووسان ‌و كەسایەتیی چالاك لە بواری مافی مرۆڤ كە بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر جینۆسایدكردنی كورد دێنە كوردستان، بتوانن سەردانیان بكەن ‌ و زانیاریان لێوەربگرن.
پێنجەم: ئەوانەی لەژیاندا نەماون، لە نزیكترین شار كە لەشوێنی نیشتەجێیانەوە نزیكە، پەیكەریان بۆ دروست بكرێت (ئەنوەر تەیار – لەشاری چەمچەماڵ ‌و حەمەعەلی عالیان لە شاری كەلار ‌و فەتاح كورێمێی لە شاری دهۆك، بەنگین مستەفا عەبدولقادر لە قەزای ئامێدی).
شەشەم: ئەوانەی ئێستا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ‌و سوید دەژین، بانگهێشت بكرێنەوە بۆ نیشتمان ‌و ئەگەر بخوازن بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە لە كوردستان بژین، ژیانی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت، لەڕووی تەندروستی ‌و ئەمنییەوە پارێزراو بن‌ و مووچەیەكی شایستەیان بە پێی ژمارەی خێزان ‌و تایبەتمەندێتی خۆیان بۆ ببڕدرێتەوە .
حەوتەم: كەناڵی تایبەت ‌و گشتییان بەڕووی جیهاندا بۆ بكرێتەوە، چونكە ئەو مرۆڤانە ناسنامەی جینۆسایدی نەتەوەیەكن ‌و دەشێت سوودێكی زۆر بە دواڕۆژی گەلی كوردستان بگەیەنن.
هەشتەم: لە كۆڕ و كۆبوونەوە و مەراسیمەكانی تایبەت بە ئەنفال و جینۆسایددا، ئەم دەربازبووانە بە فەرمی بانگهێشت بكرین و شوێنی تایبەت بەدانیشتنیان هەبێت.
نۆیەم: بۆ كۆنگرە و كۆنفرانسەكانی دەرەوەی وڵات بەشدارییان پێبكریت و بناسێندرێن .
دەیەم: بەدەر لە دەربازبووەكانی ئەنفال دەربازبووەكانی ئێزدییەكان هەمان ئیمتیازەكانی سەرەوە بیانگریتەوە و دەرفەتی زیاتریان پێبدرێت بۆچوونە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی گێڕانەوەی چۆنێتی كۆمەڵكوژییەكە و دەربازبوونیان .

لەسەر ئاستی رێكخراوەكان 
یەکەم: دروستكردنی تۆڕێكی پەیوەندیی لە نێوان هەرچوار پارچەی كوردستان و هەوڵدان بۆ پێكەوە كاركردن لەسەر ناساندنی تاوانەكانی جینۆساید لەسەر ئاستی هەر چوار پارچە.
دووەم: سوود وەرگرتن لە ئەزموونی كاركردنی ریكخراوە جیهانییەكانی تایبەت بە جینۆساید و دروستكردنی پردێكی تۆكمەی پەیوەندیی لەگەڵیان بە ئاڕاستەی بەدونیا ناساندنی تاوانەكانی دژ بە میللەتەكەمان.
سێیەم: دروستكردنی تۆڕی سەرجەم رێكخراوەكانی بواری جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران لەسەر ئاستی كوردستان، بۆ ئەوەی یەك گوتاری ئاڕاستەكراومان هەبێت لەكاركردن لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان و بە فەرمی كردنەوەی نوێنەرایەتی تۆڕەكە لە سەنتەری وڵاتانی ئەوروپا و خۆرئاوا و هەروەها وڵاتانی هەرێمایەتی.
چوارەم: بكرێتە مەرج كە هەموو كۆڕ و كۆنفرانس و شاندێكی رێكخراوەكان بۆ دەرەوەی وڵات، لە 50 % ی لە كەس و كاری قوربانییەكان بن وەك بەهێزترین شایەتحاڵی تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران.

ئەركی میدیایی لەبەرامبەر دۆسێی جینۆساید و ئەنفال
یەكەم: لەسەر ئاستی ناوخۆ
- پێش هەموو شتێك دەستبەرداری دەستەواژەی «كارەسات» بێت بۆ گوزارشتكردن لە تاوانەكانی كیمیاباران و جینۆساید و ئەنفال و تێكڕای یادەوەرییەكانی تایبەت بەم بوارە. 
- بەردەوام هۆكار و هاندەر بێت بۆ کۆمەڵگا و حزب و دەسەڵات و خەڵک بۆ ئەوەی بەلایەنی كەم شارەزاییان لە مێژووی تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفالكردنی گەلەكەمان هەبێت. 
- بە پێی نەخشە و بەرنامە، بەشداریی كارا و جددی بكات لە مەراسیمی یادەوەرییەكانی تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال بکات.
- میدیا دەبێت تێكڕای ئەو ئەركانەی لەبواری جینۆساید و ئەنفال، پەیوەندییان بە سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عیراقەوە هەیە، كاری جددی و بەردەوام بۆ جێبەجێكردنیان بكات.
- داخوازی و داواكارییەكانی كەسوكاری قوربانیانی جینۆساید و ئەنفال، بكرێتە یەكێك لەبنەما سەرەكییەكانی گوتاری ئاڕاستەكراو بۆ رای گشتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. 
- پشتگیریكردنی رێكخراوەكانی بواری جینۆساید و ئەنفال، گوێگرتن لێیان، یەكێك بێت لە بنەماكانی كاركردنی. 
- میدیای «بینراو، بیستراو، نووسراو، ئەلیكترۆنی، سۆشیال میدیا» بایەخی جددی و بە بەرنامە نەك وەرزی، بە گفتوگۆ و كاری دۆكۆمێنتاری و لێكۆڵینەوە و نووسین، داخوازی و داواكارییەكانی كەسوكاری قوربانییەكان، لەبواری تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال بدەن و كات و پانتایی پێویست بۆ ئەم بابەتە تەرخان بكەن. 
- دروستكردنی كتێبخانەیەكی تایبەت بە سەرچاوەكانی جینۆساید و ئەنفال، ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێكی باش بۆ دەست راگەیشتن بە سەرچاوە و زانیارییەكان.
 دووەم: لەسەر ئاستی پارچەكانی تری كوردستان 
- بایەخدانی بە بەرنامە و هەوڵ بدرێت تۆڕێكی پەیوەندیی لەنێوان پارچەكانی تری كوردستان دروست بكرێت، تایبەت بە تاوانەكانی جینۆساید لە هەر چوارپارچەی كوردستان. 
- هەوڵدان بۆ بەستنی كۆنفرانسێك بە چاودێری و سەرپەرشتی لایەنی بەرپرس لەسەر جینۆساید لە هەر چوارپارچەی كوردستان. 
- هەوڵدان بۆ گۆڕینی سەرچاوەكانی تایبەت بە جینۆساید لە باشووری كوردستان بۆ سەر شێوەزاری كرمانجی و لەسەر جینۆسایدی كورد لە باكوور و رۆژئاوا بۆ سەر شێوەزاری سۆرانی. 
- كار لەسەر ئەوە بكرێ‌ تۆڕی رێكخراوەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەبواری جینۆسایدی گەلی كورد و كوردستان دروست بكرێ‌. 
سێیەم: لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و وڵاتانی عەرەبی 
میدیا وەک تۆڕێکی کارا پەیوەندیی فراوانی لەسەر ئاستی وڵاتانی هەرێمایەتی و عەرەبی دروست بکات، بۆیە گرنگە ئەم هەنگاوانە لەبواری ناساندنی جینۆساید و ئەنفالی باشووری كوردستان بنێ‌:
- پێویستە یەكێك لە روكنەكانی پەیوەندییەكانمان لە هەموو دانیشتن و گفتوگۆكاندا، پرسی جینۆساید و ئەنفالی گەلەكەمان بێت.
- بەردەوام داوایان لێبكرێ‌، دان بە ناساندنی جینۆساید و ئەنفالكردنی گەلی كوردا بنێن و بەفەرمی بیناسێنن.
- داوایان لێبكرێ‌، پشتگیری گەلی كورد بكەن وەك گەلێكی جینۆسایدكراو لەلایەن حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عیراقەوە.
- بۆ هەموو دیدار و سەردانێك سەرچاوە و بەڵگەنامەی پێویست، ئامادە بكرێ‌ و پێشكەشیان بكرێت.

 چوارەم: لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، جگە لە پەیوەندییە گشتییەكانی، خاوەنی هێزێكی گەورەی مرۆییە، لەڕووی رێكخستنەوە، بۆیە دەبێت بە بایەخەوە ئەم هەنگاوانە بنێ‌ و میدیاکەی رۆڵی گرنگی تێدا بگێڕێ: 
- بەستنی كۆنفرانس و کۆبوونەوە و سمینار لە دەرەوە، تایبەت بە جینۆساید و ئەنفال، ئامانج لێیان گفتوگۆ و بەرچاوڕوونی بێت بۆ دەرەوە و میكانیزم و شێوازی كاركردنیان تایبەت بە هەوڵدان بۆ ناساندنی جینۆساید و ئەنفال. 
- تێكڕای پەیوەندییەکانمان رابسپێردرێن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی تۆكمە و بەهێزیان لەگەڵ نوێنەرایەتییەكانی حكومەت لە دەرەوە و كونسڵخانەكانی عیراق هەبێت، بە ئامانجی هاوكاری و هەماهەنگی لەكاركردن لە سەرپرس و بابەتەكانی جینۆساید و ئەنفال.
- لە رێگای پەیوەندییەكانمان بە رێكخراوە سۆسیال دیموكرات و چەپەكان و تەواوی ئەو حزبانەی تر پەیوەندیی لەگەڵیان هەیە، دۆسیەی جینۆساید و ئەنفال، ببێتە بەشێك لە ئەجێندای كاركردنمان و ناساندنی و داوایان لێبكرێ‌ بەفەرمی تاوانەكە بناسێنن. 
- بەهێزكردنی تۆڕی پەیوەندیی لەگەڵ پەرلەمان و حكومەتەكانی وڵاتان، بە ئامانجی ناساندنی زیاتری تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال پێیان و داواكردن لێیان هاوشێوەی هەندێ‌ وڵات بەفەرمی تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال بناسن.
- هەوڵدان بۆ دروستكردنی پەیوەندیی لە رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و جینۆساید، لەسەر ئاستی ئەو وڵاتانەی بوونیان هەیە.
- بەشداریكردن لەو كۆنفرانس و سمینارانەی لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە ساز دەكرێن، تایبەت بە تاوانەكانی «جینۆساید، مافی مرۆڤ، جەنگ» و گەیاندنی پەیامی جینۆساید و ئەنفالكردنی گەلەكەمان. 
 کۆی ئەوانەی باسمان کرد و وەک بیرۆکە خستمانەڕوو، پێویستی بە بۆرد یان دامەزراوەیەکی تایبەت هەیە، ئەو بۆرد و دامەزراوەیە پێش هەمووان دەبێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بیری لێبکاتەوە و کاری بۆ بکات.

هەڵدانەوی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی کورێمی، (خەیاڵ) لەتەرمی هاوسەرەکەی دەگەڕێ

وتارەکانی نوسەر