ئەوەی مایەی سەرنج و هەڵوێستە لەسەر کردنە ئەوەیە كە جگە لە عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان هاشم سابر ئەلدوری و فەرحان موتڵەگ ئەلجبوری، ئەوانەی تر کە لەلیستەكەدان تائێستا دادگایی نەكراون و هەریەکەشیان بەگوێرەی پلەی سەربازی و حکومی و حزبیی خۆیان بەشدارییان لەو تاوانەدا کردووە!
دۆسێی هەڵەبجە لە دادگا، بە یەكێك لە دۆسێ هەستیارەكانی دوای 2003 ئەژماردەكرێت و یەكێكە لە جومگە سەرەكییەكانی پێكهاتەكانی جینۆسایدكردن لە باشووری كوردستان.
لە دوای ساڵی 2003، لەبەر رۆشنایی یاسای كاتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراق و دواتریش دەستووری هەمیشەیی دادگای باڵای تاوانەكان لە عیراق دامەزرا، لەناو دۆسێكانی «جینۆساید»ی گەلی كورددا، یەكێك بوو لە دۆسییە جێی بایەخەكان. سەرەتای كاركردن لە دۆسێكە دەگەڕێتەوە بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەنامە و زانیارییەكان، لە بەڵگەنامەی «نووسراو، زانیاریی پشتڕاستكراو، كاسێتی دەنگی و تۆماركراو، سكاڵاكار و شایەتحاڵەكان، ئیفادەی تۆمەتبارەكان»، پاش ئەوەی هەموو ئەوانە كۆكرانەوە و جومگە سەرەكییەكانی دۆسێكەیان پێكهێنا و لە ساڵی 2008دا دۆسێی هەڵەبجە بە تەواوی گەیەنرایە دادگای باڵای تاوانەكان ، ساڵی 2008 یەكەم دانیشتنی دادگا دەستیپێكرد، كە تا كۆتایی چەندین دانیشتنی بەخۆیەوە بینی و سەرەنجام لە سەرەتای ساڵی 2010 دۆسێكە گرەوی ئەوەی بردەوە كە یەكێكە لە تاوانەكانی جینۆساید دژبە گەلی كورد،
بەڵام سەرەتا دادگاکە، بڕیاری ناساندنی دۆسێی تاوانەكەی وەك تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساند، ئەمەش دەستەی پارێزەرانی خستە بەردەم بەرپرسیارێتی و ئەركی قورسەوە، بۆیە لە دادگای تێهەڵچوونەوە، داوای پێداچوونەوەیان بە بڕیارەكەدا كردو ئەوەشیان بە بەڵگە و دیكۆمێنت سەلماند كە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە هەم تاوانی دژی مرۆڤایەتی و هەم تاوانی جەنگ و جینۆسایدیشە، دادگاش پاش پێداچوونەوە ئەو راستییەی سەلماند و دۆسێكەی وەك جینۆساید ناساند.
تۆمەتبار و تاوانبارەكان
تۆمەتبار و تاوانبارەكانی دۆسێی جینۆسایدی هەڵەبجە، بەپێی یادداشتێكی دەستەی پارێزەرانی بەرگریكار، لە دادگاکە ئەمانەی لای خوارەوەن، كە كەمترینیان دادگایی كراون.
دیارە دادگا لەبارەی هەریەك لەم تۆمەتبارانەی خوارەوە بڕیاری كۆتایی دا، ئەگەرچی بڕیارەكەی دادگا جێگای تانەی دەستەی پارێزەرانی داكۆكیكار بوو، ئەوانیش «عەلی حەسەن مەجید بە لەسێدارەدان، سوڵتان هاشم ئەحمەد بڕیاری ئیدانەكردن و زیندانیكردن، سابر عەبدولعەزیز حسێن بڕیاری ئیدانەكردن و زیندانیكردن، فەرحان موتڵەگ ئەلجبوری ئیدانەكردن و زیندانیكردن.
ئەمەی خوارەوەش لیستی ناوی سەرجەم ئەو تۆمەتبار و تاوانبارانەیە كە دەستەی پارێزەرانی داكۆكیكار، پێشكەشی دادگایان كردبوو، هۆكار و بەڵگەی ئەوەشیان خستبووەڕوو، كە هەریەك لەم كەسانەی خوارەوە بە شێوازی جۆراوجۆر بەشداربوون لە كیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجەدا. بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج و هەڵوێستە، ئەوەیە كە جگە لەو «4» تاوانبارەی سەرەوە، ئەمانەی لەناو لیستەكەدا هاتوون، تائێستا دادگایی نەكراون، لەكاتێكدا هەریەكەیان بەپێی پلە و ئاستی بەرپرسیارێتیان بەشدارییان لە تاوانەکەدا كردووە.
ناوی تۆمەتبار و تاوانبارانی دۆسییەی كیمیابارانی هەڵەبجەش بریتییە لە: عیززەت ئیبراهیم ئەلدوری، تاریق عەزیز، عامر محەمەد رشید، د.ریحاب تەها، عامر ئەلسەعدی، حیسامەدین محەمەد ئەمین، حسێن رەشید محەمەد، عەجاج ئەحمەد حەردان ئەلتكریتی، حەكەم حەسەن عەلی، غائیب حەسون، عەلا کازم ئەلجەبابی، عەبدولستار ئەلمعێنی، زیائەدین جەمال، نیعمه فارس ئەلمحیاوی، سەعد شەمسەدین، سامیر عەبدوڵڵا نەسری، نافیع عومران ئەلتكریتی، عەممار عەبدولخالق محەمەد ئەلدەبونی، عەبدولوەهاب عەبدولڕەزاق ئەلحەدیسی، محەمەد عەلی ئەلدوری، سەڵاحەدین زێدان ئەلعانی، حەسەن عەبدولمەجید ئەلتكریتی، هەیسەم خەتاب عومەر، كەمال عەبدولستار عەبدولفەتاح، مزاحیم سەعب حەسەن، فەهد عەبدولباقی محەمەد، محەمەد ئەحمەد مەتڵوب، نەبیل نەدیم سدیق، عەبدولحسین عەلی، یەحیا حەمید، مەزی ئیبراهیم رەمزی، كەمال مستەفا خزر، مازن ئەحمەد محەمەد، موئەید سەبری جومعە، سەعدون تەلەب عەلی، محەمەد عەلی غازی، محەمەد زێدان حسێن، كەریم ساڵح سەهو، رەعد درێعی محەمەد، مەلاح نیهاد عەبدولكەریم جاسم، خەمیس حەمادی عەبدوڵڵا، عەبدولكەریم ئیسماعیل محەمەد، سەعدون فەوزی عاكیف، محەمەد مەنسور عەبدوڵڵا، حەسەن محەمەد فەتحی، لەتیف عەلی حەمود، محەمەد فەرحان زەیاب، نەبیل حازم حەواس، محەمەد نزار حەسیب، عەبدولكەریم فەتحی، عەبدولكەریم عەبدولڕەزاق، جاسم محەمەد ئەحمەد، حامید یوسف حەممادی و خالید ساجت عەزیز ئەلجەنابی.
چی بكەین بۆ هەڵەبجە؟
لەم باس و پشكنینەدا، گەیشتینە ئەم دەرەنجامانەی خوارەوە، كە بە گرنگی دەزانین لە ئاستی پێویست و جددیدا كاریان لەسەر بكرێت:
لەسەرئاستی عیراق
یەكەم: پێویستە دەستبەرداری دۆسێی كیمیاباران و جینۆسایدكردنی هەڵەبجە نەبین و هەنگاوی یەكەم كاركردنمان بێت لەسەر دادگاییكردنی تەواوی ئەو تۆمەتبارانەی بەشدارییان لە ئەنجامدانی تاوانەكەدا كردووە، لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان لە رشتەکانی»سوپا، هەواڵگری، ئەمن، حزب، هێزی ئاسمانی، جاش»و... هتد.
دووەم: دەبێت بە بەرنامە و پلان، كار لەسەر پرسی قەرەبووكردنەوەی تەواوی زیانلێكەوتووانی كیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجە بكەبن، هەنگاوی بەرایی بۆ ئەم پرسەش ئەوەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، گوشار بخرێتە سەر حكومەتی عیراق تا پابەندبێت بە بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانەوە و ئەمەش گەرەنتییە بۆ چوونە ژێرباری قەرەبووكردنەوەكە.
سێیەم: دەبێت لە هەمان چوارچێوەی خاڵی دووەمدا، حكومەتی عیراق وەك جێگرەوەی حكومەتەكانی پێش خۆی، پابەند بكرێت بەڕەسمی داوای لێبووردن لە دانیشتوانی هەڵەبجە و كەسوكاری شەهیدانی جینۆسایدی کیمیابارانەکە بكات.
لەسەر ئاستی كوردستان:
یەكەم: لە یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و ئەنفالكراواندا هاتووە كە بەخێوكەر یان سەرپەرشتیارێك دابین دەكرێت بۆ دایك و باوك و كەسی پلە یەكی شەهیدان كە هاوكاریان بێت لە كاتی نەخۆشی و پەككەوتەییدا، ئەم بڕگەیە بخرێتە خزمەتی بریندارانی چەكی كیمیایی هەڵەبجەوە. ئێستاش بریندار هەیە چاوەكانی لەدەستداوە یان جەستەی برینی سەختی پێوەیە و بێسەرپەرشتە.
دووەم: ئەو تیمەی بریندارانی هەڵەبجە دەباتە دەرەوە بۆ چارەسەر، كارەكانیان لەناو هەرێمدا بكەن و لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە جۆری دەرمانەكان و پزیشكی پسپۆڕیان بۆ بهێنرێتە كوردستان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، كە ئەمەش كارئاسانییەكی گەورە دەبێت بۆیان.
سێیەم: دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو كەسانەی بەهۆی برینداری و لە دەرەنجامی چەكی كیمیاییەوە خێزانەكانیان لەدەستداوە، یان لێیان بێزارن و جیابوونەتەوە لە دۆخێكی خراپدان و ئەركی حكومەتە چاودێرییان بكات.
چوارەم: تائێستا نزیكەی (400) بریندار لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا ناویان تۆماركردووە و لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە هاوكاریی دارایی دەكرێن بە بڕی «400» هەزار دینار، ئەو بڕەش كەمە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی برینەكانیان زۆرە و توانای كارێكی تریان نییە و خەرجیی دەرمان و تەندروستییان زۆرترە. پێشنیازی بڕی 200 هەزار دینار دەكەین بخرێتە سەر مووچەی ئەوانەی رێژەی برینەكانیان لە 50 % زیاترە.
پێنجەم: تائێستا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی «150» كەس ناویان تۆمارنەكراوە و سوودمەند نەبوون لەو هاوكارییەی حكومەت، تیمی پسپۆڕی پزیشكی بەشێوەی كاتی لە سلێمانییەوە دەچێتە ئەوێ و ئەوانەی بە تەواوی نەبینیووە، پێشناز ئەوەیە لیژنەیەكی پزیشكیی جێگر و پسپۆڕ لە هەڵەبجە جێگیر بكرێت و ئەوان راستەخۆ لە شوێنێكی دیار و جێگیردا كاری پێویستیان بۆ بكەن، نەك چاوەڕێی تیمی گەڕۆك بكەن و كارەكانیان دوا بكەوێت.
شەشەم: ئەو منداڵە ونبووانەی هەڵەبجە كە دەدۆزرێنەوە، شوێنێكی شایستەیان بۆ دابینبكرێت تا كاری یاسایی ناسینەوەیان بۆ دەكرێت، ئەوانەی لە رابردوودا دۆزراونەتەوە لە ماڵان و چەند شوێنێكدا ژیاون تا گەیشتوونەتەوە ناو خێزانی خۆیان، ئەمەش زۆر نەگونجاوە بۆ دۆخی ئەوان، وەك ئەوەی كاری ناسینەوە و رێكارە پزیشكییەكان كە بە»DNA» ناسراوە كاتێكی زۆر دەبات لە كوردستاندا لە كاتێكدا وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هاوكار و هاوبەشن لەگەڵ كەسوكاری بێسەروشوێنان و ونبوواندا لە رێكخراوی جیهانی «icmp» كە بارەگایان لە كوردستانە، دەتوانرێت ئەنجامەكان لەم رێگەیەوە خێراتر و ئاسانتر بەدەست بهێنرێت.
حەوتەم: بەرنامەڕێژیی بكرێت بۆ پاكکردنەوەی ژینگەی هەڵەبجە، لە كاریگەریی و پاشماوەی چەكە كوشندەكان و ئاوەدانكردنەوەی شارەكە لەڕووی ژێرخان و سەرخانەوە، كە تائێستا ئەوەی كراوە، لەئاستی پێویستدا نییە.
هەشتەم: مۆنۆمێنتی هەڵەبجە فراوانتر بكرێت، بە ئاستێك شایستەی ئەوەبێت كە بتوانرێت تەواوی بەڵگەنامە و كەرەستە بەجێماوەكان لە تاوانەكە لەخۆبگرێت. نۆیەم: تۆڕی رێكخراوەكانی هەڵەبجە دروستبكرێت، بۆئەوەی بتوانرێت رۆڵێكی ئەرێنی لە بەرەوپێشبردنی شاری هەڵەبجە و ئاوەدانكردنەوەیدا بگێڕن.
دەیەم: زانكۆی هەڵەبجە كۆنفرانسی ساڵانەی نێودەوڵەتی هەڵەبجە ببەستێت، بە هەرسێ زمانی «كوردی، ئنگلیزی، عەرەبی»، بە ئامانجی ناساندنی هەرچی زیاتری تاوانی كیمیابارانكردن و جینۆسایدكردنی هەڵەبجە و ئاوەدانكردنەوەی.
لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی
یەكەم: دۆسییەی كیمیاباران و جینۆسایدی هەڵەبجە، بە رەسمی بگەیەنینە تەواوی وڵاتان و پەرلەمان و حكومەتەكانیان بەشێوەیەكی بەرنامەڕێژی، ئەمەش وەك بەردەوامبوونی هەوڵەكان بۆ ناساندنی.
دووەم: داوا لە تەواوی پەرلەمان و حكومەتەكانی دنیا بكەین، بە رەسمی هەڵەبجە وەك بەشێك لە تاوانی جینۆسایدكردنی گەلەكەمان بناسێنن.
سێیەم: هەوڵبدەین، گوشارێكی نێودەوڵەتی لەسەر نەتەوە یەكگرتووەكان دروست بكرێت، بۆئەوەی بە بڕیارێكی ڕەسمی كیمیاباران و جینۆسایدكردنی هەڵەبجە بناسێنێت.
چوارەم: هەوڵدان بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیایانەی مەواد و چەكی كیمیاییان بە رژێمی پێشووی عیراق فرۆشتووە، بۆئەوەی قەرەبووی زیانەكانیان لێ وەربگیرێتەوە، ئەمەش یەكێكە لە مافە بنەڕەتییەكانی دانیشتووانی هەڵەبجە و دەوروبەری.
تێبینی:
بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لە دۆسێی هەڵەبجە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق وەرگیراوە.
ژمارەیەک لە تاوانبارانی کەیسی جینۆسایدی هەڵەبجە لە گەڕێکی دادگاییکردنیاندا