سکرتاریەتی مام جەلال تەلەفۆنیان بۆ کردم، وتیان: هەموو برادەران لە قەڵاچۆلانن، مام جەلال دەڵێت بابێت بۆ ئێرە. منیش دەمودەست بە یەک سەیارە بەرەو قەڵاچۆلان، بەرێکەوتم، شار چۆڵ و خامۆش و بۆنی مەرگی لێدەهات!
م. موحسین عەلی ئەکبەر
لەدڵەوە ئەم بیرەوەرییانە بۆ مامۆستا موحسینی خاڵم دەگێرمەوە کە دەزانم لە گۆڕیشدا هەر دەنگی من دەبیستێ.
31ی ئاب و «وما أدراک ما» 31ی ئاب؟
31ی ئاب، کارەساتێکی گەورەی هاوچەرخی کوردایەتی و دەرەنجامی شەڕی نەگریسی ناوخۆ بوو، ریسی دەسکەوتەکانی راپەڕینی کردەوە بە خوریی ناکۆکییە تاڵەکان.
لەو سەردەمەدا لێپرسراوی بەشێکی رێکخراوە دیموکراتییەکانی زۆنی سەوز بووم، ئەم دەستەواژەیەش تازە هاتبووە ناو قامووسی بزوتنەوەی سیاسیی کوردییەوە.
مام جەلال تەلەفۆنی بۆ کردم
ئەو رۆژە لە بارەگای مەکتەب بووم لە شەقامی سەهۆڵەکە، بەیانی نزیکەی سەعات 10، زەنگی تەلەفۆنی نۆرماڵی ناوخۆی ئۆفیسەکەم لێیدا، هەڵمگرت مام جەلال بوو، وتی: بەیانیت باش عیماد، وەڵامم دایەوە و یەکسەر وتی: عیماد هەر ئیستا بڕۆ بۆ مەعەسکەر سەلام بۆ لای هێزەکەی مەجلسی ئەعلای ئیسلامی لە عیراق، بزانە هیچیان پێویستە؟
دوای تەواوبونی تەلەفۆنەکە یەکسەر رۆیشتم بۆ ئەوێ و سۆراخمکردن و بۆم دەرکەوت کە شەوی پێشووتر رۆیشتوون بۆ مەیدان، نزیکی سەرتەک و بەمۆ.
هەواڵەکەم بەتەلەفۆن گەیاندەوە مام جەلال، تا نزیکەی عەسر لەوێ مامەوە و لە دواییدا سکرتاریەتی مام جەلال تەلەفۆنیان بۆ کردم، وتیان: هەموو برادەران لە قەڵاچۆلانن، مام جەلال دەڵێت بابێت بۆ ئێرە. منیش دەمودەست بە یەک سەیارە بەرەو قەڵاچۆلان، بەرێکەوتم، شار چۆل و خامۆش و بۆنی مەرگی لێدەهات!.
گەیشتمە ئەوێ، کار لە کار ترازا بوو، هەمووان خۆیان ئامادەکردبوو بەڕێبکەون بەرەو سنوور، بەشێک رۆیشتن بۆ سەیرانبەند، ئێمەش لەگەڵ مام جەلال بەرەو شاناخسێ بەڕێکەوتین، شەو درەنگ گەیشتینە ئەوێ.
بۆ بەیانییەکەی لەگەڵ مام جەلال لەناو داربەڕووەکان بووین، جووتیارێکی دێیەکە جامێک ماست و چەند نانێکی بۆ مام جەلال هێنا، مام کەمێکی لێخوارد و باقییەکەی دا بە دەوروبەرەکەی، مام وتی: ماو سیتۆنگ وتەنی «هيا الى صعود الجبال» کە ئەمەی وت زۆر بە ورە بوو، بەرچاوی روون بوو، وتیشی تووشی شکستێکی سەربازیی کاتیی هاتووین نەک شکستی سیاسی، لەڕووی سیاسییەوە پارتی دۆڕاون و ئێمە براوەین. هەر لەوێ کاک قوبادم بینی قەناسێکی لە شاندا بوو، بەراستی جوانیی لێدەباریی.
بۆ دوای نیوەڕۆ، مام جەلال و هێرۆ خان یەکەم وەجبەی رۆیشتوو بوون بۆ دیوی ئێران، مام وتی: عیماد تۆیش وەرە لەگەڵماندا، ئەو رۆیشت بۆ بانە و منیش لەگەڵ هێرۆ خان بەرەو قاسمەڕەش بەڕێکەوتین.
چوونمان بەرەو سنوور
مام جەلال دوای رۆژێک هاتەوە لامان، پێی باش نەبوو لە قاسمەڕەش بمێنینەوە، چونکە دەیووت خاکی ئێرانە، رۆیشتین بۆ زەڵێ و یەکسەر کۆبوونەوەیەکی فراوانی بە پێشمەرگە و سەرکردایەتی و ئەو کادرانە کرد کە کەوتبوونە ئەو قۆڵەوە، زۆر بە ئومێد و بە بەرچاوڕوونیی رێبەرێکی خاوەن ئەزموون و پشوودرێژەوە، بارودۆخەکەی شیکردەوە.
دوایی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی «الموجود»ی ساز کرد، واتە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو سەرکردایەتییەی لەو قۆڵە بوون، هەندێ بڕیاردرا و ئەرکەکان سەرلەنوێ دابەش کرانەوە.
کاک عومەری سەید عەلی، بوو بە لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن و کاک ئەرسەلان بایز بوو بە لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و منیش کرام بە لێپرسراوی مەڵبەند سلێمانی.
لە کۆبوونەوەیەکی تریشدا میحوەرەکان دابەشکران، کاک جەبار فەرمان بۆ میحوەری دەربەندیخان بەرەو سلێمانی و کاک فەرەیدون بۆ میحوەری پێنجوێن بەرەو سلێمانی و کاک کۆسرەت بۆ میحوەری شاناخسێ بۆ سلێمانی و مام جەلال خۆیشی بۆ محوەری قەڵادزێ و رانیە.
لەگەڵ هەر میحوەرێک ژمارەیەک لە ئەندامانی (م- س) و سەرکردایەتی و کادری پێشکەوتووی سیاسی و عەسکەریی لە گەڵیاندا بوون. هەر بۆ مێژوو، بنچینەی بەرنامەکە کاک سالار عەزیز پێشکەشی کرد.
پاش ماوەیەکی کەم کاک دلێری سەید مەجید لە لەندەنەوە بە شەڕوال و ئەدیداسێکەوە هات بۆ لامان، ئەمەش هەر لە خۆی دەوەشێتەوە کە چەند پیاوێکی بە وەفا و دڵسۆزی یەکێتی و هاوڕێکانییەتی، بەڕاستی لەو شکست و لێقەومانەدا مەگەر هەر کەسانی تێکۆشەری سەر راستی وەک کاک دلێر، لەندەن بۆ شاخ و بۆ لای هاوڕێکانی بەجێبهێڵێت. ئاخر بە پێچەوانەی ئەوەوە، برادەری واشمان هەبوو لەو وەختەدا دەیویست بەجێمان بهێڵیت و بچێت بۆ دەرەوە بەناوی کاری نوێوە.
من لەگەڵ ژمارەیەک کادری رێکخستن و سەربازیی لە شاناخسێ دابەزیم، دوای چەند رۆژێک رەتڵەکەی کاک کۆسرەت هات و بەرنامەکە لە هەموو میحوەرەکان سەرکەوت و گەڕاینەوە شارەکانی زۆنی خۆمان، بێجگە لە هەولێر.
مێژوویەکی پڕ لە شانازی
بۆ من لەوساتەوەختەدا جێی شانازی بوو لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانیم لە ئەستۆدا بوو، لەگەڵ ژمارەیەک کادری دەگمەن و لێهاتوو و دڵسۆز، ئەرکی سەختی ئەو رۆژانەمان گرتە ئەستۆ و سەرکەوتنی گەورەشمان بەدەستهێنا کە لە راستیدا بوو بە مایەی شانازیی بۆ هەموو لایەکمان.
لەو رۆژگارەدا ئەرکی مەڵبەند هەمەلایەن بوو: رێکخستن و کاری عەسکەریی و ئیداری و سیاسی بوو، لەگەڵ کادری جۆراوجۆر کارمان دەکرد، وەکو جەمال ئاغا و حەسەن حوسێن و حوسەڕەش کە ئێستا یادیان بەخێر ئێمەیان جێهیشتووە، بەڵام بیرەوەریی جوانیان لە دڵ و دەروونماندا نەخشاندووە.
شایانی ئاماژەیە، هەڤاڵ سەرکەوت زەکی لەگەڵ کاک ئەنوەر دۆڵانی لەو وەختەدا لە کۆمیتەکەی قەرەداخ مابوونەوە و لە ناوچەی قەرەداخ بوون، ناکرێت باسی شرینی خێزانی شەهید عەلی نەکەین کە ماوەیەک قائیمقامی قەرەداخ بوو، دایکی بە جلێکی کوردی و بەقاچاخ هێنای بۆ لامان لە شاناخسێ و لەگەڵماندا مایەوە، وەکو ئەندامی مەڵبەند و پێشمەرگە تا سەرکەوتنی پرۆسەکە.
هەروەها ناکرێ لێرەدا باسی رۆڵی دکتۆر ساجد نەکەین کە پێشوەخت و بە نهێنیی لە شاناخسێوە رۆیشت بۆ ناو سلێمانی بۆ رێکخستنەوەی کاروبارەکانی شار و توانییان دەستبگرن بەسەر پارەکانی بانکی سلێمانیدا و نەهێڵن بەر تاڵان بکەوێ و دواتر تەسلیمی پارێزگایان کرد.
بێگومان جگە لەو کادرە دێرینانەی سەرەوە، لەهەمان کاتدا لە مەڵبەند لەگەڵ نەوەیەکی رۆشنبیر و گەنجی تازە هەڵکەوتووی ناو کایەی حزبی و سیاسی کارمان دەکرد کە داخەکەم دەرفەتم نییە ناوی یەکەیەکەی ئەو هەموو هەڤاڵانە بهێنم کە دەتوانم بڵێم هەریەکەیان لە ئاستی خۆیەوە رۆڵی بەرچاویان گێڕا لە سەرکەوتن و چالاکییەکانی مەڵبەندی سلێمانی لەو سەردەمەدا، ئەوانە لای من ئەڵماسی درەوشاوەی خەباتی رێکخراوەیی بە دیسپلین بوون.
داوای لێبوردن دەکەم و سەری رێز بۆ ئەو ئەستێرانە دادەنەوێنم کە لە ئاسمانی ئەو داستانە پرشنگدارەدا بوون، نەمتوانی لەبەر چوارچێوەی تەسکی وتارەکە ناویان بهێنم.
لەو سەردەمەدا توانیمان لەبەر «کەڕ و فەڕی» شەڕی ناوخۆ، رێکخستنێکی نهێنیی بۆ مەڵبەندی سلێمانی دامەزرێنین و هێزی پێشمەرگەی ژنان بە پشتیوانیی مام جەلال و هیمەتی ژنانی مەڵبەند دروستبکەین.
من کە جارێکی تریش لە سەروبەندی رووخاندنی رژێمی فاشی و دیکتاتۆریدا لە عیراق، بووم بە لێپرسرای مەڵبەندی سلێمانی، دەتوانم بڵێم زاخاوی خەباتی سیاسی و مەدەنیی خۆم دایەوە و زیاتر ئاشنای کاری سیاسی بووم لەناو ئەم شارە زیندووەی سەرمەشقی بزووتنەوەی کوردایەتی.
ئەو رۆژگارانە هەرگیز نامرن، چونکە وەکو فیلم هەردەم دێنەوە بەردیدە و لە یادەوەریماندا لە ناو دڵ و دەروونماندا جێگیرن و وێردی تاڵ و شیرینی سەر زوبانن.
- ئەم نوسینە بەشێکە لە بەرگی دووەمی کتێبی درەوشانەوەی مێژوو کە هیوادارم لە کۆتایی ئەم زنجیرە وتارانەدا، بتوانم بەزوویی بە چاپی بگەیەنم.