ئەی نای دڵتەنگم و تۆش دڵتەنگترم کە
ئەی دەف شەیدام و تۆش شەیداترم کە
یادت بەخێر عەمو گیان...
لە توانامدا نییە شیوەننامەیەکی دیکەت بۆ بنووسمەوە و بیهۆنمەوە، کە شایستەی تۆی ئازیز و نازدار بێت و ئاگری بورکانی دڵم ساردبکاتەوە.
ناچارانە ئەو وتارەی لە کتێبی (درەوشانەوەی مێژوو)دا سەبارەت بە کۆچی دواییت نووسیبوم، لە کوردستانی نوێدا بڵاویدەکەمەوە.
ئەو لە ئاسمانێك دەچوو، بەردەوام بارانی وەفا و ئەمەكی لێ ببارێت، رووبارێك بوو، هەمیشە تینوێتیی گەرمەسێری دەشكاند و ئاوی سازگاری دەپرژاندە سەر لێوی هەڵقرچاوی ئەنفالكراوان!
هاوڕێیەتیی عەبدولڕەزاق، دەرگایەكی هەبوو کردنەوەی ئاسان بوو، بەڵام داخستنی گران و ئەستەم بوو. ئەو لە كۆڕی دۆستاندا دەمولەبزی گەزۆی پێكەنین و هاتنەكەی شیلەی خۆشەویستی بوو. ئەو لە كوێی مەجلیس بووایە، هەنگی رێز و پێزانین، بەسەر شان و ملییەوە دەنیشتنەوە.
ئەو رووبارێک بوو، هەموو جۆگەلەکانی بۆ باوەشی خۆی رادەکێشا، ئەو رێبوار و تێكۆشەر و دامەزرێنەری سادەی یەکێتی بوو.
هەڵپەهەڵپەی کورسی و مەراقی خۆدەرخستن و دانیشتنی سەرووی خەڵك و پێشەوەی نەبوو، ئاخر ئەو لە كوێ بووایە مەعنا و مەغزای بە شوێن و كورسی دەدا.
ئەو لە كەنزی قەناعەت دەچوو، دەستی لە گەنجینەی پڕی باوك و باپیرانی، بۆ کورد و یەکێتی هەڵگرت. ئەو سێ كوچكەی چەوسانەوە و غەدر و دەربەدەریی بوو، هەم كورد، هەم شیعە، هەم فەیلی بوو.
رەزاق فەیلی، یەكێك لە دەروێشەكانی جەفا و وەفای رۆژگارە سەختەكانی یەكێتی بوو. هاوڕێیەکی دانسقەی ههمووان بوو، وەکو مروارییەک لە هەموو دەریایەکدا نەبوو. ئەستێرەیەکی جیاواز بوو، لە هەموو ئاسمانێکدا پەیدا نەدەبوو.
عەموو گیان... وەك چۆن بە هێمنی ژیای، بە هێمنی خەباتت كرد، ئاواش بەهێمنی لە یاد و یادەوریی ئێمەدا هەمیشە زیندووی.
کریس کۆچێرا و عەبدولڕەزاق فەیلی ـ چۆمان 1973