ناوەڕاستی مانگی دووی 1999، وەکو وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی کاک کۆسرەت و ئەندامێتی کاک ئەرسەلان بایز و کاک سەعدی و کاک بەهرۆز گەڵاڵی، کە ئەوکاتە نوێنەری یەکێتی بوو، لەگەڵ بەندە لە تاران بووین، مەبەستی سەردانەکەشمان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان بوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکات سەردانی لایەنە شیعەکان و باڵیۆزخانەی هەندێ لە وڵاتانیشمان کرد، لەوانە بالێۆزخانەی تورکیا لە تاران.
هەواڵی دەستگیرکردنی ئۆجەلان
سەرلەبەیانی رۆژی (15/2/1999)، خۆمان ئامادەکرد بۆ سەردانی بالیۆزخانەی تورکیا و کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆز، لەو سەروبەندەدا کاک بەهرۆز گەڵاڵی هەواڵ و دەنگۆی دەستگیرکردنی سەرۆک عەبدوڵڵا ئۆجەلان-ی لە نایرۆبی پایتەختی کینیا پێ راگەیاندین، کە ئەو لە هەندێ سەرچاوەی بیانی وەریگرتبوو، ئەو هەواڵە هەموومانی تووشی شۆک کرد و نیگەرانی کردین.
لەو ساتەوەختەدا هەزاران پرسیاری قووڵ لە یەک کاتد دەهاتن و دەچوون بە مێشکماندا، ئایا دۆخی کورد لە تورکیا چی بەسەر دێت؟ دوای ئەمەش مەسەلەی کورد و چارەنووسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە کوێ دەگات؟!
کاک کۆسرەت بە باڵیۆزی وت: بە گرتنی ئۆجەلان کێشەی نێوان کورد و تورکیا چارەسەر نابێت، بیر لە چارەسەرکرنی ئاشتییانەی مەسەلەی کورد بکەنەوە
کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا
رێکەوتەکە زۆر ئاڵۆز بوو بۆ ئێمە، بەتایبەت کە لە خۆمان دەپرسی: ئایا بچین بۆ ئەو کۆبوونەوەیە یان نا؟ کاک کۆسرەت بێ سێ و دوو، وتی: با بچین و کۆبوونەوەی خۆمان بکەین و بزانین چی روویداوە!؟
لە کات و شوێنی کۆبوونەوەکەدا ئامادە بووین، باڵیۆز و چەند دیپلۆماتکارێکی تورک لە لایەک دانیشتبوون و ئێمەش لە لایەک، ژووری کۆبوونەوەکە هۆڵێکی گەورە بوو، پەنجەرەکانی گەورە و بەرز بوون، دیوار و ئەرز و پەردە و کەرەستەی ناو ژوورەکە رەنگی قاوەیی کاڵ بوو.
دوای نزیکەی سەعاتێک لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە، کارمەندێکی باڵیۆزخانەی تورکیا هات و قسەیەکی بە گوێی باڵیۆزدا چرپاند، باڵیۆز روخسەتی خواست و بەدوایدا رۆیشت، کاتێک هاتەوە وەکو تاوسێکی لە خۆبایی، سەرمەستی سەرکەوتنی پرۆسەی گرتنەکەی ئۆجەلان بوو، هەر بەپێوە وتی: ئۆجەلان-مان دەستگیر کرد، ئێستا لە ناو فڕۆکەدایە بەرەو ئەنکەرە دەیهێنن.
هەڤاڵان کۆسرەت رەسوڵ و عیماد ئەحمەد
هەواڵەکە شۆکهێنەر بوو
هەواڵەکە بۆ ئێمە و هەموو کوردێک شۆکهێنەر بوو، ئۆجەلانێک لە کاروانی خەباتی خۆیدا، گەیشتە خاڵێک کە ئەو هەموو دنیا پان و بەرینە جێگەی ئەوی تێدا نەبێتەوە، بەو هەواڵە ئەوان رۆژی شاییان و مەست و حەیرانی گرتنەکەی بوون، ئێمەش خەفەتبار و تووشی حاڵەتێکی سەیر بووین، لە ناخدا سووتاو و لە دەرووندا ناڕەحەت و پر حەسرەت و قین، هەر کە باڵیۆز هەواڵەکەی بە ئێمە وت، یەکسەر کاک کۆسرەت هاتە دەست، وەک ئەوەی کەوتبینە کەمینێکەوە و ئازایانە دەست بکاتەوە، بە شێوازی زیرەکانەی خۆی وتی: بە گرتنی ئۆجەڵان کێشەی نێوان کورد و تورکیا چارەسەر نابێت، بیر لە چارەسەرکرنی ئاشتییانەی مەسەلەی کورد بکەنەوە.
بەم دەربڕین و هەڵوێستەی کاک کۆسرەت، وەک ئەوەی ئاوی سازگاری چیای هەڵگوردی کردبێتە گەروومانەوە و ساردی کردبینەوە وابوو.
کۆبوونەوەکەمان بە ساردیی کۆتایی هات و گەڕاینەوە هۆتیل، هەمووشمان دەستخۆشیمان لە کاک کۆسرەت کرد، بۆ ئەو هەڵوێستە جوامێر و مەردانە و کەم وێنەیەی.
لە گەڕانەوەماندا بۆ وڵات و لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا هەمووان دەستخۆشییان لە کاک کۆسرەت کرد، بەتایبەتی مام جەلال کە وتی: هەر ئەمە لە کاک کۆسرەت چاوەڕوان دەکرێت.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
ئێستا دوای نزیکەی(26) ساڵ، پرۆسەی ئاشتی بۆ چارەسەرکرنی کێشەی کوردستانی باکوور هاتۆتە ئاراوە، بە بەشداریی راستەوخۆی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تورکیا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاوەدانی و برایەتی لە ناوچەکەدا.
هەموومان ئەو راستییە دەزانین کە چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بیرۆکەی مام جەلال بووە. بۆیە پێویستە بە هەموو لایەک پشتیوانی پرۆسەکە بین و ببین بە بەشێک لە چارەسەر لە پێناو ئاشتی و ئازادیی و مافی گەلی خۆمان و گەلانی ناوچەکە.
سەد حەیف و مەخابن ئێستا کاک کۆسرەت لەبەر باری تەندروستی، تا رادەیەک دوورە لە مەیدانی کاری سیاسی، بەڵام ئەو وەڵامەی لە ساتەوەختی گرتنی ئۆجەلاندا بە رووی باڵیۆزی تورکیا درکاندی، بۆ ئەو کات و ئێستاش هەر راستە، چونکە دواجار دەرکەوت بەکارهێنانی تووندوتیژیی و چەک هەرچەندە رەواش بێت، ناگاتە ئامانجێک کە خزمەتی دۆزی رەوای میللەتەکەمان بکات. لەبەرئەوە پێویستە ستراتیژی کورد لەم سەردەمە تازە و پڕ گۆڕانکارییەدا ئاشتی بێت، هەروەها دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی و ئەمنی هاوبەش و دادپەروەرانەی هەموو گەلانی ناوچەکە بێت، کە زامنی ماف و داخوازی کورد بکات وەکو گەلێکی ئاشتی پەروەر.
بژاردەی راست و پێویست بۆ کورد
رووداوەکانی ناو مێژووی دوورودرێژی گەلان سەلماندویانە، هاوکێشە و مامەڵەی دەوڵەتان و کاری سیاسی راست و دروست بووبێت یان نا، ئەوا ئاشتی و پێکەوە ژیان هەمیشە بژاردەی هەرە راست و هەرە پێویست بووە بۆ کورد.