رۆزا دڵشاد مەریوانی
(31)
چی وا لە گەنجی ئێستا دەکات بڕیاری شووکردن و ژنهێنان دوابخات؟ دەبێت لە زۆر لایەنەوە تەماشای ئەم بابەتە بکەین، بێگومان لە پێش هەموویانەوە هۆکارەکەی ماددییە، بۆیە دەبینین زۆرێک لەوانەی ئێستا لە رووی فیسیۆلۆجییەوە تەمەنی گونجاویان هەیە بۆ زەواج نایکەن، هەروەها کچی ئێستا وەک جاران زۆربەی بە ژیانێکی سادە رازینابێت، رەنگیشە زۆربەمان بۆئەوە سەرزەنشتیان بکەین کە بۆچی بەو شێوەیەن، بەڵام من رام وایە چ کچان و چ کوڕان ئاساییە بەو جۆرە بیربکەنەوە، چونکە لەلایەک پەروەردەکەیان لە جاران جیاوازە، لەلایەکی دیکەوە کرانەوەی وڵاتەکەمان بە رووی دنیادا و بینینی ئەو هەموو ئۆفەرە بۆ ژیانێکی باشتر و جوانتر وایانلێدەکات بیرلەوە بکەنەوە ئەگەر ژیانم بۆ باشتر نەگۆڕم ئیتر بۆچی خۆم بخەمە ژیانێکی کوللەمەرگییەوە، تەنیا لەبەرئەوەی شەمەندۆفێری زەواج بەجێمنەهێڵێ، بەتایبەتی ئەو کچانەی خاوەن داهات و وەزیفەیەکن و ژیانێکی باش یان مامناوەند دەژین.
دەبێت بەدوای چارەسەری کۆمەڵایەتیدا بگەڕێین، بۆئەوەی زەواج وەک کۆت و بەند تەماشا نەکەن و لەو بارەیەوە هوشیار بکرێنەوە
واتا ناکرێت کچی جاران کە بە سێتێک قاپوقاچاغ و دەستەیەک نوێن رازیبوون و شوویان کردووە، هەمان ئەو سەردەمە بکەینە قاڵبێکی ستاندار و بە زۆر بیکەین بە بەری کچی ئێستادا، بێگومان هیچ کامێکیشیان هەڵە نین و هەر یەکەیان بۆ سەردەمی خۆی گونجاو بووە.
هاوکات دەبێت بەدوای چارەسەری کۆمەڵایەتیدا بگەڕێین بۆئەوەی کچان و کوڕان پرۆسەی زەواج وەک کۆت و بەند تەماشا نەکەن، لایەنە باشەکانی ئەو ژیانەیان بۆ روونبکرێتەوە و لەو بارەیەوە هوشیار بکرێنەوە، جگە لە چارەسەرکردنی دۆخی دارایی گەنجان کە مەسەلەیەکی ئابوورییە، پێویستە لەلایەن حکومەتەوە چارەسەر بکرێت و پەنا بۆ پسپۆری ئابووریی ببرێت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دارایی گەنجان و دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆیان.
ئەوەشی لەسەر شانی خێزانە ئەوەیە، ئەگەر خۆمان لەگەڵ هاوسەرەکانماندا ژیانێکی سەرکەوتوو دەژین، نموونەیەکی باڵا بین بۆیان کە لە بڕیاردان لەو پرۆسەیە نەترسن، هەروەها ئەگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان شکستمان هێناوە و جیابووینەتەوە، ئەوە نەکەینە گرێیەک لای منداڵەکانمان و هۆکار و هەڵەکانی هەردوولا بەڕوونی بخەینە روو، کە رەنگە هەندێکجار نەگونجانی سروشتی دوو کەس پێکەوە لەیەک ماڵدا هۆکار بێت، ئەوەش وەک بابەتێکی ئاسایی بۆیان شیبکرێتەوە کە نەترسن لەوەی زەواج بکەن و جیاببنەوە، بەڵکو بترسن لەوەی هەلی تاقیکردنەوەی ژیان و ئەزموونێکی نوێ لە ئارادابێت و نەیکەن و لە داهاتوودا پەشیمان ببنەوە.