فەرید دڵشاد*
روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، كە مۆسكۆ بۆ ماوەی چەندین ساڵە پشتگیری لێ دەكرد، زەڕبەیەكی كوشندە بوو لە كاریگەریی و رۆڵی روسیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەر روخانی یەكێتی سۆڤیەت گەورەترین كارەساتی جیۆپۆلەتیكی سەدەی بیستەم بوو بۆ ڤلادیمێر پوتین، ئەوا لە دەستدانی سوریا كارەساتێكی تری جیۆپۆلەتیكی بوو بۆ ورچە سپییەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوبەشێكی ستراتیجی مۆسكۆ بوو
دیمەشق هاوبەشێكی ستراتیجی مۆسكۆ بوو، روسیا لە رێگەی بنكەی دەریایی تەرتۆس و بنكەی ئاسمانی حمێمیم لەو وڵاتە، هەژموونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا هەبوو، بەڵام هاتنی هێزێكی تر بۆ شوێنگرەوەی ئەسەد، لەبەرژەوەندیی دژبەرەكانی روسیایە وەك ئەمریكا، جیا لەوەش هێشتا روون نییە ئەو هێزەی دەسەڵاتی لە سوریای گرتووەتە دەست، چۆن مامەڵە لەگەڵ روسیا دەكات.
كاتێك پوتین پشتیوانی ئەسەدی كرد، وای نیشاندا روسیا وەك هێزێكی جیهانی سەرهەڵدەداتەوە و توانای تەحەدای خۆرئاوای هەیە، بەڵام خەرجكردنی ملیارەها جونەی ئەستەرلینی لە سوریا ئەنجامەكەشی كەوتنی ئەسەد بوو، ئەوەمان بۆ دەركەوێت كە روسیا توانای سەربازی و دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نییە دەستوەردانێكی بەهێزی هەبێت لە دەرەوەی یەكێتی سۆڤییەتی پێشوو.
كەوتنی ئەسەد هەڕەشەی بۆ بنكە سەربازییەكانی روسیا لە سوریا دروستكردووە، مۆسكۆ ئەو بنكەیە بۆ ناردنی هاوكاری لۆجستی بۆ مالی، بوركینا فاسۆ و نیجەر و لیبیا بەكاردەهێنێت، كە سەرجەمیان بەم دواییە كودەتایان تێدا کراوە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ خۆرئاوا پچڕاندووە، جیا لەوەش توانای روسیا بۆ سەپاندنی هێز لە ئەفریقادا بەرەو داڕمان دەبات.
تەنیا بنكەیەكی لۆجیستی نییە
بنكەی دەریایی تەرتۆس تەنیا بنكەیەكی لۆجیستی یان بەندەری دەریاییی سنووردار نییە، بەڵكو بە خاڵی دەستپێكی سەرەكی دادەنرێت بۆ بەهێزكردنی كاریگەریی روسیا لە ئاوە گەرمەكاندا، چاودێریكردنی جموجۆڵە سەربازییەكانی ناتۆ لە ناوچەكەدا، هەربۆیە بە لەدەستدانی ئەو بنكەیە تەواوی ستراتیژی ئۆپراسیۆنی روسیا لە دەریای ناوەڕاست و ئەفریقا بە نادیاری دەمێنێتەوە.
دەبێت ئەوەش بخەینەروو، كە روسیا هەر زوو دەستوپەنجەی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا نەرمكرد و رێگەیدا سوریا ئاڵای نوێی وڵاتەكەی لە كونسوڵخانەی سوریا لە مۆسكۆ هەڵبكرێت، جیا لەوەش خەریكی دانوستانە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام بۆ مانەوەی ئەو دوو بنكە سەربازییەی لە سوریا، ئەوەش بەو مانایە دێت، روسیا بە ئاسانی ئەو بنكەیە چۆڵ ناكات.
بەرژوەندی مۆسكۆ
ئەوەی لە بەرژوەندی مۆسكۆیە ئەوەیە ئەو رژێمە نوێیەی لە سوریا دورستبووە، لە جێگەی ئەسەد بە تەواوی نەبۆتە لایەنگری وڵاتانی خۆرئاوا، روسیا نایەوێت سوریا و ناوچەكە لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەش بە خۆرئاوا بكات، رەنگە لە داهاتوودا لەناو تەحریر شام گروپی بەهێزی سەر بە روسیا جیاببنەوە یان ئەجێندای ئەو جێبەجێی بكەن. سیناریۆیەكی تر ئەوەیە مۆسكۆ پاڵپشتی عەلەوییەكانی سوریا بكات، بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی فیدراڵی بۆیان، كە دوو بنكە سەربازییەكەی روسیای لێیە، ناوچەکەش بە بڕبڕەی پشتی ئەسەد دادەنرێت، لە بەرامبەردا پشتیوانی ئەمریكا بكات بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی فیدراڵی بۆ كوردەكان لە سوریا.
* ماستەر لە زانستە سیاسییەکان
مامەڵەی روسیا چۆن دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە سوریا؟