ململانێی نەوەکان و نایەکسانیی جێندەری*

11:10 - 2024-12-19
د. شەماڵ لەتیف
85 خوێندراوەتەوە

پەیوەندیی نێوان نایەکسانی جێندەری و ململانێی نەوەکان، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، کە بنەماکانی لە دابەشکردنی دەسەڵات و دەرفەتەکان لە نێوان ژن و پیاو سەرچاوە دەگرێت

نایەکسانی جێندەری و ململانێی نەوەکان دوو بابەتی پەیوەندیدارن، دیالێکتیکیانە لەتەک یەکتردا دەرگیرن. نایەکسانی جێندەری، واتا جیاوازی و نابەرابەری نێوان ژنان و پیاوان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان. ململانێی نەوەکانیش ئاماژەیە بۆ جیاوازی تێگەیشتن و بۆچوونی نەوە جیاوازەکان سەبارەت بە بابەتە کۆمەڵایەتی، کەلتوری، ئایدۆلۆژی، جێندەری و سیاسییەکان.

دیاردە کۆمەڵایەتییە تازەکان
پەیوەندیی نێوان نایەکسانی جێندەری و ململانێی نەوەکان، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، کە بنەماکانی لە دابەشکردنی دەسەڵات و دەرفەتەکان لە نێوان ژن و پیاو سەرچاوە دەگرێت. ئەم دوو چەمکە بە شێوەیەکی قووڵ کاریگەریان لەسەر یەکتر هەیە. بۆ نموونە، نەوەی گەنج زۆرجار هەڵگری بیرۆکەی پێشکەوتووتر و یەکسانیخوازترن، بەڵام لە هەمان کاتدا رووبەڕووی دەیان ئاڵنگاری کەلتوری دەبنەوە. هەرچی نەوەی کۆنە ئایدیای نەریتی و بنەمایی تێدا ئایدیای زاڵە، کە بە دیدگایەکی پارێزگاریخوازانەوە تەماشای دیاردە کۆمەڵایەتییە تازەکان دەکەن. جا ئەگەر دیاردەکە تایبەت بێت بە پرسی جێندەر، ئەوە ئەگەری دروستبوونی ململانێ لە نێوان نەوەکاندا ئەگەرێکی بەهێزترە. گەنجان زۆرتر داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتیی دەکەن و پێیان وایە پێویستە دەرفەتەکان بۆ هەردوو رەگەز یەکسان بن، بەڵام نەوەی کۆن زۆرجار بەرگری لە یاسا و نەریتە کۆنەکان دەکەن کە نایەکسانی جێندەری بەردەوام دەکەن. نەوەی گەنج زۆرجار دژ بەو سیستەمە دەوەستنەوە کە نایەکسانی جێندەری تیایدا بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەوان داوای یەکسانی فەرمی و کردەیی دەکەن و دەیانەوێت سنوورەکانی پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو بشکێنن. لەلایەکی تر، نەوەی کۆن زۆرتر ئامادەن بۆ پاراستنی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی کە تیایدا گەورە بوون و فێری ئەو بەهایانە بوون کە نایەکسانی جێندەری بەردەوام دەکات.

بیرکردنەوەی نەوەکان
کاریگەریی ململانێی نەوەکان لەسەر نایەکسانی جێندەری، لە چەند پرسێکی گرنگدا خۆیان دەنوێنن: پرسی ستاتیک/دینامیکییەتی بیرکردنەوەی نەوەکان. بۆ نموونە: نەوەی گەنج بە شێوەیەکی بەرچاو روانگەیەکی پێشکەوتووتر و ئازادتریان لە نەوەی کۆن بۆ بابەتی جێندەر هەیە. لای ئەم نەوەیە بەرەنگاربوونەوەی سترۆتایپە کۆنەکانی جێندەری بەدیدەکرێت، گرنگییەکی زۆریش بە پەسندکردنی جۆرە جیاوازەکانی شوناسی جێندەری دەدرێت. نەوەی نوێ بیرکردنەوەی دینامیکییە و نەوەی کۆن بیرکردنەوەی ستاتیک.

هەموو ئەو ئەدگارە نوێیانە رەتدەکەنەوە
پرسە یاساییەکان سەبارەت بە جێندەر لای نەوەی نوێ، بریتیین لە داواکاریی یاسا یەکسانیخوازەکان و بەرگریکردن لە مافەکانی کەمینەکان، وەک هۆمۆکان و ترانسجێندەرەکان، دروستکردنی یاسای پاراستنی مافی دڵخوازی جێندەریی، بەڵام لای نەوەی کۆن رێسا کۆمەڵایەتی و دابە خێڵەکییەکان زیاتر نرخیان پێدەدرێت و هەموو ئەو ئەدگارە نوێیانە رەتدەکەنەوە کە کاریگەریی لەسەر رەوشتی گشتی دروست دەکات. 
لە پەیوەندیدا بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان، وەک گۆڕانی پێگەی ژنان لە بازاڕی کاردا، بەشداریی زیاتری ژنان لە بواری سیاسی و بڕیاردان، هەوڵدان بۆ لاوازکردنی سیستەمی باوکسالاریی لە ژێر کاریگەریی تیۆرە هاوچەرخە فیمینییەکان و بزوتنەوە فێمینستییەکان لای نەوەی نوێ بابەتی گرنگن و رەچاو دەکرێن، بەڵام لای نەوەی کۆن بە پارێزەوە لێیان دەڕواندرێت.

نەهێشتنی جیاکاریی جێندەری
پرسی پەروەردەیی وەک، پەروەردەی یەکسان بۆ کچان و کوڕان کە رۆژگارێک لای نەوەی کۆن تەنیا ئەم مافە بۆ رەگەزی نێر بوو، فراوانبوونی دەرفەتەکانی خوێندن، نەهێشتنی جیاکاریی جێندەری لە سیستەمی پەروەردەدا و هەوڵدان بۆ یەکسانی لە ئاستە جیاجیاکاندا.
هەروەها پرسی ئابووریی وەک بەشداریی یەکسانی ژنان لە بازاڕی کاردا، تێکۆشان بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی جیاوازیی مووچە و کرێ لە نێوان پیاوان و ژنان لە پەیوەندیدا بە ئایدیای تواناکانەوە، بیرکردنەوە لە رەخساندنی دەرفەتی یەکسانی پیشەیی ئەمەش بێگومان هۆکارە بۆ دروستبوونی ململانێ و گۆڕان لە عەقڵییەتی چەسپاو.
پەرەپێدانی گوتارێکی یەکسانیخواز
هەرچی تایبەتە بە پرسی میدیا و میدیای دیجیتاڵی، وەک نمایشکردنی جۆرە جیاوازەکانی رۆڵی جێندەری، پەرەپێدانی گوتارێکی یەکسانیخواز، رەخنەگرتن لە سترۆتایپە کۆنەکان، هەروەها بەشداریی گەنجان (ژنان، کچان) وەک کادری میدیایی و پەیامنێر لە کەناڵە ناوخۆیی و جیهانییەکان، ناوبانگ و مۆدێلیستە دیارەکان لە نێو دنیای مەجازیدا، بە تایبەت ئەم گۆڕانکارییە لە کوردستان وێڕای کۆسپەکانی بەردەم خانمان، لەم چەند ساڵەی دوایدا بەرچاوە.
پاشان پرسە کەلتورییەکان وەک پەسندکردن/رەتدانەوەی جۆرە جیاوازەکانی پەیوەندیی، گۆڕانی تێڕوانین بۆ رۆڵەکانی جێندەری، فراوانبوونی ئازادییە تاکە کەسییەکان، دروستکردنی گروپی هونەری ژنان لە کایە و ژانرە جیاوازەکانی هونەردا وەک گروپی شانۆیی، موزیک، بالێ و ئۆپێڕادا. هەوڵی نەوەی نوێ بۆ شکاندنی تابۆی کەلتوری لە کۆمەڵگەدا لە سەر ئاستی تاک و گروپی کۆمەڵایەتی، ئەم ململانێیانە لە نێوان نەوەکاندا بە پێی داخران/کرانەوەی کۆمەڵگەکان رۆڵیان هەیە لە گەورەکردن/بچوکرنەوەی نایەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگەدا. 
* ئەم وتارە لە لایەن رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت

وتارەکانی نوسەر