به پێی ئه‌زموونی زیاتر له 30 ساڵی كاركردنمان له‌ناو داموده‌زگاكانی راگه‌یاندندا، ده‌توانین لێره‌وه چه‌ندین فۆرمی تری توندوتیژی له‌دژی مێینه بیربخه‌ینه‌وه كه کەم و زۆر، له واقعی داموده‌زگاكانی راگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستاندا هەن
دیاردەیەکی ئاڵۆز
ته‌نیا له رۆژی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به نه‌هێشتنی توندوتیژی له‌دژی ژنان(1993ز) نا، به‌ڵكو له زۆر بۆنه‌ی تردا، ئه‌و به‌ڵگه‌نه‌ویسته بیر ده‌خرێته‌وه كه دیارده‌ی توندوتیژی دژی كچان و ژنان، یان مێینه به‌گشتی، دیارده‌یه‌كی ئاڵۆز‌و فره چه‌شنه، به‌رده‌وام پێویستیی به به‌رهه‌مهێنانی زانینی Knowledge نوێ هه‌یه له‌باره‌یه‌وه. دیارده‌كه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری نه‌گۆڕ و بونیادیشی Structural هه‌بێت كه هه‌موو جارێك له شیكاری و راڤه‌كردندا شایه‌ن به تێگه‌یشتن و گشتاندن بێت، ئه‌وا به‌پێی جیاوازیی هاوكێشه‌ی كات و شوێن، كۆمه‌ڵێك هۆكاری تایبه‌تییش هه‌ن كه پێویسته لێكۆڵێنه‌وه‌ی زانستی‌یان له‌سه‌ر بكرێت و ده‌ره‌نجامی نوێ به‌ده‌ست بخرێت.
له‌لایه‌كی تر، دیارده‌كه، ئه‌گه‌رچی به پله‌ی یه‌كه‌م، په‌یوه‌ستكراوه به توندوتیژیی جه‌سته‌ییه‌وه Physical violence و ساڵانه رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و ناشناڵهكان راپۆرتیان له باره‌وه بڵاوده‌كه‌نه‌وه، بگره به وردی ئاماری رووداو و پێشێلكارییه‌كانی جوگرافیای جیاجیای جیهانمان بۆ ده‌گوێزنه‌وه، به‌ڵام خۆی له بنه‌ڕه‌تدا دیارده‌یه‌كی فراوانتره له‌وه‌ی كه ته‌نیا له‌و ره‌هه‌نده‌دا كورت بكرێته‌وه، یان زیاتر فۆكه‌س بخرێته‌سه‌ر ئه‌م رووكاره له توندوتیژییه‌كانی دژبه ژنان. راسته جاڕنامه‌ی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژ به ژنان(1993ز) كه كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ی یه‌كگرتووه‌كان ده‌ریكردووه، وا پێناسه‌ی كردووه كه «بریتییه له هه‌ر كارێكی توندوتیژ كه ده‌مارگیریی ره‌گه‌زی پاڵنه‌ری بێت و ببێته هۆی ئازاردان یان مه‌ینه‌تیی ژن جا له رووی جه‌سته‌ییه‌وه بێت، یان سێكسی، یان ده‌روونی»، به‌ڵام هه‌موو ساڵێك، زۆربه‌ی جار، له میدیاكان و پرێس كۆنفرانسه‌كاندا لایه‌نه جه‌سته‌ییه‌كه زهقدهكرێتهوه.
جۆرەکانی تری توندوتیژی
به‌مانایه‌كی تر، دیارده‌كه، زۆر به‌روونی بیڵێین، فۆرمی تری جیاوازی هه‌یه. توندوتیژیی زاره‌كی، مه‌عنه‌وی، ره‌مزی، توندوتیژییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌گشتی، به جیاوازیی چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌رووی پیشه‌و كار‌و و رۆڵیان له كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌ر هه‌موو، پێكه‌وه، ته‌واوكه‌ری ئه‌و كۆنسێپتهن كه ده‌شێت له خوێندنه‌وه‌ی ره‌هه‌نده‌كانی دیارده‌ی توندوتیژیی له دژی ژناندا ببینرێن و ره‌چاوبكرێن.
له‌و باره‌یه‌وه، به پێی ئه‌زموونی زیاتر له 30 ساڵی كاركردنمان له‌ناو داموده‌زگاكانی راگه‌یاندندا، ده‌توانین لێره‌وه چه‌ندین فۆرمی تری توندوتیژی له‌دژی مێینه بیربخه‌ینه‌وه كه له واقعی داموده‌زگاكانی راگه‌یاندنی هه‌رێمی كوردستاندا، كه و زۆر، هه‌ن و ساڵانه‌ش هه‌ندێكیان، له‌لایه‌ن سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانه‌وه بێت یات سه‌نته‌ری میترۆ، یان رێكخراوی تر، تۆمار ده‌كرێن، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌یان هه‌ر باس ناكرێن. ئه‌و فۆرمانه‌ی توندوتیژییش بریتین له‌مانه: -
1) بینینی مێینه وه‌ك ره‌گه‌زێكی لاوه‌كی له پێسپاردنی پێگه ئیدارییه گه‌وره‌كانی ناو ده‌زگاكانی راگه‌یاندن.
2) جیاكاریی به‌رامبه‌ر به مێینه له رووی دابه‌شكردنی كاروباری پیشه‌یی ده‌زگاكانی میدیا وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك پیشه، له ئه‌زه‌له‌وه، بۆ نێرینه دانرابن و پیشه‌ی تایبه‌ت نه‌بن به ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر.
3) بێ متمانه‌یی به‌وه‌ی ژن لیده‌ری ده‌زگای میدیایی بێت و له سه‌نته‌ری بڕیارداندا بێت، بڕیاردان گوتاری میدیایی و سیاسه‌تی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌وه.
4) بوونی حاڵه‌تی زۆری قۆزتنهوهو گێچه‌ڵی سێكسی به‌رامبه‌ر به هه‌ندێك یان میدیاكارانێكی مێینه له ده‌زگاكانی راگهیاندنا، یان هه‌راسانكردنیان له‌م رووه‌وه، كه ده‌بێته هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ندێكیان و سڵه‌مینه‌وه‌ی زۆرێكی تر له‌كاركردن له‌م بواره‌ی چالاكیی مرۆیی.
5) هه‌ندێجار كه‌میی شایسته‌ی دارایی بۆ میدیاكارانی ژن به‌راورد به هاوكاره‌كانیان له ره‌گه‌زه‌كه‌ی تر.
6) دوورخستنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی زۆربه‌ی ره‌های میدیاكارانی مێینه له‌و پیشه میدیاییانه‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا كه پێویستییان به مانه‌وه بۆ كاتێكی زۆرتر، یان ئێشكگریی هه‌یه.
7) دامه‌زراندن و گرێبه‌ستكردن زیاتر بۆ ئه‌و مێیانه له ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا كه فهیسێكی جوانیان هه‌بێت و ببنه جێی سه‌رنج له‌كاتێكدا كه بواری میدیا زۆر له‌وه زیاتر پێویستیی به زیره‌كی و شاره‌زایی پیشه‌یی و كاری عه‌قڵی هه‌یه.
8) دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و میدیاكاره مێیانه له ده‌زگاكانی میدیادا كه ته‌مه‌نیان هه‌ڵده‌كشێ و هه‌مان وزه‌و به‌خششی جارانیان نابێت، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ رێكخراو و سه‌ندیكایه‌ك به‌رگریی له هه‌ندێ مافی پیشه‌ییان بكه‌ن.
9) زۆرجار ته‌ماشاكردنی ژنانی میدیاكار كه هاوسه‌رگیرییان كردووه‌و ئه‌ركی ماڵ و وه‌زیفه‌شیان هه‌یه، یان دووگیانن، وه‌ك بار‌و خه‌رجییه‌كی زیاده به‌سه‌ر ده‌زگای راگه‌یاندنه‌وه، كه زۆرجار ئه‌مه ده‌بێته هۆی دڵڕه‌نجاندن و تۆراندنی مێینه له پیشه‌كه‌ی و دواتر بۆی ناگه‌ڕێته‌وه.
10) نه‌بوونی دادپهوهرییهكی پێویست له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مافه‌كانی میدیاكارانی مێینه‌دا له ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا و زۆرجار ئه‌م دادپه‌وه‌رییه به‌پێی میزاج و خواستی به‌رپرسانی نێرینه‌ی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
11) نه‌بوونی میساقێكی میدیایی – ئیداریی له ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا كه پابه‌ندیان بكات به بوونی كۆتایهك له رێژه‌ی میدیاكاری ژن له حاڵه‌تی كه‌میی كادری راگه‌یاندنی مێینه له میدیادا، تا هانده‌ربێت بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی ژن له‌م كایه‌یه‌ی چالاكیی مرۆیی‌دا.
12) بایه‌خنه‌دانی پێویستی ده‌زگاكانی میدیا به پێگه‌یاندنی میدیاكاری ژن بۆ پیشه جیاجیاكانی ناو دنیای راگه‌یاندن له رێگه‌ی ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ی كه هه‌یانه، یان ئه‌و خولانه‌ی دهیانكهنهوه بۆ پێگه‌یاندنی هێزی كاری پیشه‌یی.
پێویستیی بەرەنگاربوونەوە
ئه‌وانه‌و زۆر فۆرمی تریش هه‌ن كه ره‌نگه لێره‌دا جێگه‌یان نه‌بێته‌وه. بێگومان له رووی میتۆدۆلۆژیی راڤه‌كردن و ته‌فسیره‌وه، ره‌نگه بوترێت زۆربه‌ی ئه‌و فۆرمانه‌ی توندوتیژی له دژی ژنان كه له ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا هه‌ن و ریزكراون، درێژكراوه‌ی هۆكاری بونیادیترن، په‌یوه‌ستن به هه‌لومه‌رجی ئابووریی ده‌زگاكان، یان كێشه كارگێڕییه‌كان، یان په‌یوه‌ستن به هۆكاری سۆسیۆلۆژی كه دیارترینیان پیاوسالاری و دابونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و كه‌میی ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تییه Social awareness، یان فراوانتر تایبه‌ته به تایبه‌تمه‌ندێتیی كولتورهوه، له سه‌رویانه‌وه كاریگه‌ریی ئاین، یان كێشه‌ی نه‌بوونی ئازادی و مۆدێرنیزهنهبوونی پێویست له رووی فكری و عه‌قڵییه‌وه، یان ره‌نگه گرێبدرێته‌وه به گرفته ده‌روونییه‌كانی وه‌ك به‌كه‌م سه‌یركردنی ره‌گه‌زی ئه‌ویتر، یان خۆبه‌كه‌مزانین، یان جیاوازیی هه‌ڵچوونه‌كان لای هه‌ردوو ره‌گه‌ز، كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش، كه‌م و زۆر راستن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناڕاسته‌و ده‌بێ به‌ره‌نگاری ببینه‌وه ئه‌وه‌یه كه، ئه‌و فۆرمانه‌ی توندوتیژی له‌دژی ژنان له‌ناو كایه‌یه‌كدا رووبدات له چالاكیی مرۆیی كه خۆی بڕیاره به‌شێك له فهنكشنهكانی بریتی بن له به‌شداری له رۆشنكردنه‌وه‌ی بیر‌و باوه‌ڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و نوێكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌و هۆشیاركردنه‌وه‌و به‌خشینی زانین و زانیاری له‌سه‌ر هه‌موو دیارده مرۆیی و كۆمه‌ڵگه‌ییه دزێو و دواكه‌وتووه‌كان و مشتومڕكردن له‌باره‌ی هه‌موو دیارده نامرۆیی و ناشارستانییهكانی كۆمه‌ڵگه‌و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی گه‌لان و كه‌ڵچه‌رو بیروباوه‌ڕو پێشكه‌وتنه‌كانیان.
*ئەم وتارە لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان-ەوە پاڵپشتی دەکرێت.
*مامۆستای زانكۆ و دكتۆرا له‌بواری ماسمیدیا.