ئه‌گه‌ر وا گریمانه بكرێت كه عیراق، وه‌ك ده‌وڵه‌ت، له روانگه‌ی ده‌ستوور و یاساوه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی مووچه‌ی هه‌رێمدا ده‌كات، ئه‌وا ده‌ره‌نجامه سیاسییه‌كانی ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه، ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه كه قه‌یرانه‌كه جه‌دوای سیاسیشی بۆ به‌غدا هه‌یه و پێگه‌ی ئه‌وی له هاوكێشه‌كه‌دا به‌هێزكردووه.
ئێستا هیچ نه‌بێ ئاماژه‌ی روونی ئه‌وه بۆ رای گشتیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌ركه‌وتووه كه ده‌توانرێت دۆسێی مووچه بپێچرێته‌وه به ئارگیۆمێنتی یاسایی و ده‌ستوورییه‌وه، یان رێكکهوتننامهكان و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵییه‌وه، له ئه‌نجامیشدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێم (بژارده‌ی تری نییه)، دواجار ناچاره كه بێته ژێربار. واته به‌مه مووچه له مافێكی ده‌ستوورییه‌وه، خۆبه‌خۆ ببێته كارتێكی سیاسییش، كارتێك كه بێگومان به‌غدا به‌ده‌نگی به‌رز، یان راسته‌وخۆ، نایدات به‌گوێی هه‌رێمدا، به‌ڵام سروشتی دۆسێكه خۆی له‌لایه‌ك و بۆشایی پلان Bی هه‌رێم له‌لایه‌كی تر، كردوێتییه دیفاكتۆ.
ره‌نگه بوترێت هه‌رێم ده‌توانێت بایكۆتی پرۆسه‌ی سیاسی بكات، ئاو و كاره‌با له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشوور بگرێته‌وه، دۆسته ئه‌مریكی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له به‌رامبه‌ر به‌غدادا بجوڵێنێت، ئه‌مانه‌و گره‌وی تریش. به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه ته‌واوی ئه‌م گره‌وانه، به‌بێ گره‌نتیكردنی ئه‌وه‌ی كه چاره‌سه‌رێكی ئیمێرجێنسی و دڵخوازی بۆ هه‌رێم هه‌بێت، وه‌ك جۆرێك له ریسككردن وایه. كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و بژاردانه خۆشیان روون نین. باشه با وا دابنێین بایكۆتی پرۆسه‌ی سیاسی كرا، ئه‌ی به‌چی چاره‌سه‌ری قه‌یرانی مووچه ده‌كرێت؟ بڕینی ئاو و كاره‌باش، هه‌ڵوێستێكی گونجاو نییه، له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ نێوبانگی هه‌رێمیش باش نابێت و هاوسۆز بۆ به‌غدا زیاتر ده‌كات و ره‌نگه له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رێم رووبه‌ڕووی سزای تریش ببێته‌وه، هه‌رچی گره‌وكردنه له‌سه‌ر ئه‌مریكییه‌كان و دۆستانی تر، ئه‌وا تا ئه‌و شوێنه جێده‌گرێت كه به‌غدا بڕیاری دابێت لهدۆسێكانی تردا له فشاره‌كانی واشنتۆن تێنه‌گات!. به‌غدا نه‌ك هه‌ر تێگه‌یشتووه، به‌ڵكو مێنتاڵێتیی(كۆشكی سپیی نوێ)ی خوێندۆته‌وه‌و سه‌رگه‌رمی رامكردنی گروپه چه‌كداره‌كان و ئیغراكردنی كۆمپانیا بازرگانییه‌كانی ئه‌مریكایه بۆ سه‌رمایه‌گوزاریی زیاتر له عیراقدا، بۆیه كه هه‌رێم و هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانمان رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدادا ده‌كه‌نه بژارده، تێده‌گه‌ن باره‌كه لاره‌و گره‌وه‌كانی تر بێ گرفت نین، به‌ڵام ئایا ئه‌مه ئیتر واتا هه‌ڵكردنی ئاڵای سپی؟!.
بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌رێم پلان B ئاماده نه‌كات، ئازاده، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌ژێر گوشاری گه‌وره‌ی به‌غدادا ده‌مێنێته‌وه، دۆسێ بۆ دۆسێیش شكۆی نامێنێت. ته‌نانه‌ت رێككه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غداو چوونه ژێرباری داواكارییه‌كانیشی، قه‌یرانی مووچه بۆ هه‌میشه بنهبڕناكات. هه‌ر خۆی ئێستا دڵه‌ڕاوكێ بۆ رێككه‌وتنه‌كه و مسۆگه‌ركردنی مووچه‌كانی مانگی 6 و 7 هاتۆته ئاراوه. مه‌به‌ست له پلان B لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه هه‌رێم، شانبه‌شانی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ماوه‌ی كه‌متر له شه‌ش مانگدا دیراسه‌ی پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن بكات. سیاسه‌تی پیاچوونه‌وه به خه‌رجییه‌كان، زیادكردنی سه‌رچاوه‌ی تری داهات، كۆنترۆڵكردنی گه‌نده‌ڵی، نه‌هێشتنی قاچاخچێتیی رێكخراو، هاندانی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه، سیستمێكی نوێی باج و خه‌راج، جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی، دادپه‌روه‌ری له سیستمی مووچه، نه‌هێشتنی ئیمتیازاتی به‌رپرسان، گێڕانه‌وه‌ی موڵكه‌كانی ده‌وڵه‌ت، كۆتاییهێنان به بێكاریی دهمامكراو، كاراكردنی كه‌رته‌كانی بازرگانی، كشتوكاڵی، گه‌شتیاری و زۆر رێكاری تر بگرێته‌به‌ر. هه‌موو ئه‌وه‌ش ته‌نیا له پێناوی ئه‌وه نا كه قه‌یرانی مووچه كۆتایی بێت، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی ئه‌م قه‌یرانه، وه‌ك كارتێكی سیاسی به‌كارنه‌هێنرێت و له هه‌موو دۆسێكانی تردا له‌پێگه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدادا بكرێت، له‌وه‌ش زیاتر بۆ وڵاتان بسه‌لمێنرێت كه عیراقه پابه‌ندی ئیلیزاماتی ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی نییه.