موشەکی حوسییەکان و ئاسایشی ئیسرائیل

10:13 - 2025-01-07
پ. د.جەزا تۆفیق تالیب*
239 خوێندراوەتەوە

پرۆفیسۆری یەکەم د.جەزا تۆفیق تالیب*

لە دوای هەرەسهێنانی رژێمی ئەسەد لە سوریا و پەکخستنی نیمچە تەواوی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵای لوبنان، و خاپوورکردنی کەرتی غەزە و ئیفلیجکردنی نیمچە تەواوی جموجۆڵە سەربازییەکانی بزوتنەوەی حەماس، ئەوەی ئێستا بووەتە مایەی بێزاری و نائارامی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا و خۆرئاوا بە گشتی، بریتییە لە حوسییەکانی یەمەن، بەو پێیەی بە بەردەوامی ئیسرائیل و بە تایبەتیش تەل ئەبیبی پایتەخت بە ئامانج دەگرن و جۆرە نائارامییەک لە ئیسرائیلدا هاتۆتە گۆڕێ، هەروەها گەرووی بابولمەندەبیش کە رێڕەوێکی بایەخداری گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزەو هاتووچۆی نێودەوڵەتییە، کەوتۆتە بەر مەترسییەوەو بارهەڵگرە بازرگانی و پاپۆڕە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، دووچاری گورزی سەربازی دەبنەوە.
 ئەوەی ئێستا کە جێگای مەترسییە بۆ ئیسرائیل، بەردەوامی هێرشەکانی حوسییەکانە بۆ سەر سەرجەم بنکەو شارەکانی ئیسرائیل و نەدۆزینەوەی میکانیزمێکی سەربازییە، تاوەکو بیگرێتەبەر، بە مەبەستی نەهێشتن و لە ناوبردنی هێزی سەربازی حوسییەکان.

هۆکارەکانی بەردەوامی بۆردومانی حوسییەکان
بەهۆی نەمان و لە ناوچوونی بەرەکانی مەترسی بۆ ئیسرائیل لە سوریا و لوبنان و کەرتی غەزە، ئێستا هەموو هێزی بەرەی بەرگری لە حوسییەکاندا چڕبووەتەوە، تائێستاشی لەگەڵدا بێت، ئیسرائیل بە شێوەیەکی ریشەیی نەیتوانیوە هێرش و بۆردومانکردنی حوسییەکان نەهێڵێت و لەناوبەرێت ئەویش لەبەر ئەم چەند هۆکارە: 
یەکەم: دووری جوگرافی لە نێوان ئیسرائیل و یەمەندا، کە زیاترە لە (2000کم)، بەمەش هێزەکانی ئیسرائیل (ئاسمانی و وشکانی و دەریایی) بە ئاسانی و پڕبەدەست ناتوانێت هاوشێوەی ‌هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سوریا و کەرتی غەززە بە وردی و سەرکەوتووانە ئامانجەکانی لە یەمەن بپێکێت و لەناوبەرێت، ئەوەی تائێستا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە هێرش و بۆردومانکردندا ئەنجامی دەدات، بریتین لە بۆردوومانکردنی دامەزراوە و بنکە ئابووری و بازرگانییەکان لە بەندەری حودەیدە و سەنعای پایتەخت.
دووەم: ئیسرائیل کەمترین زانیاری هەواڵگری لەسەر حوسییەکان لەبەردەستدایە، لەبەرئەوەی یەمەن تا مێژووییەکی زۆر نزیک، لە وڵاتانی لە پێشینە نەبووە بۆ ئیسرائیل، تاوەکو وەک هێزەکانی پلەیەکی دوژمن و نەیار لێی بڕوانرێت، بەڵکو کۆکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکان زیاتر بۆ وڵاتانی وەک (سوریا و لوبنان و میسر و ئوردن و عێراق)بووە، لەبەرئەوە ئیسرائیل لە دوای ساڵی 2015ەوە مەترسی حوسییەکانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بۆ بەدەرکەوت، هەروەها حوسییەکان وەک دەوڵەت و دامەزراوەی فەرمی بنکە و شوێنی سەربازی و دامەزراوەکانی دیار نین و زیاتر خەسڵەتی میلشیایی پێوە دیارە و پەیوەستی سیستمی دەوڵەتداری نین.
سێیەم: خەسڵەتی رووی زەوی وڵاتی یەمەن و ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حوسییەکان، بریتییە لە تۆبۆگرافیایەکی سەخت و شاخاوی و ئاڵۆز و بوار بۆ حوسییەکان دەڕەخسێنێت کە جبەخانە و بنکەی مووشەکی و فڕۆکە ئاراستەکراوەکانی تێدا حەشار بدەن و رووبەری یەمەنیش گەورە و بەربڵاوە و دەتوانرێت شاردنەوەی چەک و جێگۆڕکێ بە بنکەو پلاتفۆڕمە رۆکێتی و فڕۆکە ئاراستەکراوەکان بکرێت.

چەکە مەترسیدارەکانی حوسییەکان
حوسییەکان لەم دوو ساڵەی کۆتادا بوونەتە خاوەنی چەندین چەکی قورسی مەترسیدار، کە دەتوانن ئاسایشی سەربازی وڵاتانی کەنەدا و ئیسرائیلیش بخەنە ژێر مەترسییەوە، بە کردەوەش لە ساڵی 2024دا چەند جارێک بە رۆکێتی (بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بەندەری ئیلات و تەڵئەبیبی پایتەختیشیان بۆردومان کرد، هەڵدان و هاویشتنی رۆکێتی بالیستی کە بگاتە تەلئەبیب بۆ مەودای زیاتر لە (2000کم)، مانای ئەوەیە حوسییەکان دەستیان گەیشتووە بە رۆکێتی پێشکەوتوو کە بە شێوەیەکی جددی دەتوانێت ئاسایشی سەربازی ئیسرائیل بخاتە ژێر مەترسییەوە، بڕوانە نەخشەی ژمارە (1)، لە نەخشەکەوە دەردەکەوێت، کە حوسییەکان خاوەنی (موشەکی فەلەستین2) و (فڕۆکەی ئاراستەکراوی وەعید)ن، کە مەودایان لە 2000 کم زیاترە.
حوسییەکان هەروەها توانیویانە، ببنە خاوەنی (رۆکێتی حەتام) و (ئاراستەکراوی سەماد 3)، کە مەوداکانیان 1800کم، جگە لەم دوو جۆرەش، حوسییەکان عەمبارێکی زۆریان لە هەردوو موشەکی (فالق و بورکان3,2) و (ئاراستەکراوی جۆری سەماد2,1) لەبەردەستدایە، کە مەوداکانیان دەگاتە 1300-1000کم.
پلانی ئایندەی ئیسرائیل
پلان و هەڵبژاردەکانی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی ئەم توانا ستراتیژییەی هێزی سەربازی حوسییەکان خراوەتەگەڕ، کە ئایا جۆرێک لە هاوپەیمانی ئەمریکی و بەریتانی و ئیسرائیلی لە دەریای سووردا پێکدەهێنرێت بۆ لێدانی حوسییەکان؟ یان لە رێگەی فشارخستنە سەر ئێرانەوە دەبێت، تا هێرشی حوسییەکان رابگرن؟ هەروەها بە راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسیش لە غەززە، دەکرێت هێرشی حوسییەکان رابگیرێت، لەلایەکی دیکەشەوە ئیسرائیل بیر لە هەڵبژاردەی سەپاندنی ئابڵوقەی دەریایی بەسەر حوسییەکاندا دەکاتەوە، بە مەبەستی دەستنەگەیشتنیان بە چەک و تەقەمەنی، هەروەها دەکرێت رووداو و گۆڕانکاری نوێش دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ بێتە ئاراوە، کە ئاقاری ململانێ و قەیرانەکان بە ئاراستەیەکی تردا ببات.
* پسپۆڕی جیۆسیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی

 

وتارەکانی نوسەر