چەند پێشنيازێك بۆ كەرتى خوێندنى باڵا

09:04 - 2022-06-08
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
436 خوێندراوەتەوە

لە عیراق و كوردستان، بابەتى مووچە و بژێوى، ئەوەندەى پەيوەنديدار كراوە بە ئاستى بڕوانامە، ئەوەندە پابەند و پاڵپشت نيیە بە تواناى كاركردنى كەسەكان و هەڵگرانى بڕوانامەكان. 
ئەگەر سەيرى پلەکانی مووچە بكەين، دەبینین بە پێى بڕوانامەكان هەڵدەكشێ واتە مووچە و دەرماڵەكان زياد دەكات، ئەمەش واى كردووە كە خەڵك بە لێشاو روو لە خوێندنى زانكۆيى و باڵا بكەن. 
كەرتى تايبەت و گشتى بە ناڕێكى و بێ ئامار و بنەما و پێويستیى زانكۆ و پەيمانگا كراوەتەوە. لە چەند ساڵى ئايندە كێشە و گرفتێكى گەورە لەسەر ئەم بابەتە رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە.
 ئەوەى پێويستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى بیکات ئەمانەن:-
1- 
پێداچوونەوە بە ميكانیزمى كردنەوەى دەزگاكانى خوێندنى باڵاى گشتى و تايبەت. 
2- پێداچوونەوە بە ميكانیزم و شێوازى وەرگرتن لە خوێندنى بەرايى.

ئەگەر سەيرى پلەکانی مووچە بكەين، دەبینین بە پێى بڕوانامەكان هەڵدەكشێ، واتا مووچە و دەرماڵەكان زياد دەكات، ئەمەش واى كردووە كە خەڵك بە لێشاو روو لە خوێندنى زانكۆيى و باڵا بكەن

3- نابێ ماوەى چوونە دەرەوە بدەين بۆ خوێندنى بەرايى و باڵا، بۆ ئەمە دەبێ فلتەرەكان قورستر بكەين.
4- دەبێ بۆردێكى هاوبەش هەبێ لە نێوان خوێندنى باڵا و (پەروەردە و پلان دانان و كار و كاروبارى كۆمەڵايەتى) ديدى هاوبەش هەبێ بۆ ئەو پڕۆسەيە، دەست بكرێت بە چاكسازى تەواو و ديدى هاوبەش بدۆزرێتەوە.
5- هەموو بڕوانامەيەكى زانكۆيى دەبێ لە سەرەتادا بە فلتەرى وەزارەتدا تێپەڕێت، واتا نابێت لە دەرەوەى وەزارەت هيچ دەزگا و لايەنێك بڕوانامەى باڵا ببەخشێت، هيچ بڕوانامەيەك نەكرێت بەبێ فلتەرى وەزارەت.
6- واتە ئەو پێوەرانەى كە بۆ خوێندنى باڵا (دیپلۆمى باڵا و ماستەر و دكتۆرا) بۆ ناوخۆ دانراوە، رەچاوى ئەوەش بكرێت كە ئەوانەى دەچنە دەرەوە دەخوێنن كێن و توانا و كۆ نمرەيان چەندە و بەراوردێك هەبێ لەگەڵ ناوخۆ.
7- هيچ كەسێك لەهەر پلە و پۆستێك بێت لە دەرەوەى كوردستان و عیراق بەبێ بوونى (فلتەرى وەزارەت) و مۆڵەت و خۆتەرخان كردن ماوەى نەدرێت بخوێنێت، چونكە سەدان نموونەمان هەيە كە خەڵكى هەرێم هەر لە پۆستەكانيان بوون و لە دەرەوە و ناوەوە بڕوانامەى باڵايان بەدەست هێناوە. ئەمەش جۆرێكە لە بێ نرخ كردنى بڕوانامەكان، چونكە (خۆتەرخان كردن و مۆڵەتيان نەبووە). 
8- پێداچوونەوەى خێرا بە گشت بەشەكانى زانكۆ و پەيمانگاكان بكرێت (حكومى و تايبەت) و لەكاتى جێبەجێ نەكردنى ياساى ژمارە 10ى ساڵى 2008، ئەوا داخستن ياخود (هەڵپەساردنيان) بۆ بكرێت تا ئەوكاتەى كەم و كووڕیيەكانيان چارەسەردەكەن.
9- پێداچوونەوە بە بابەتى (ئيعارە) چونكە هيچ رێنماييەكى وردى بۆ دەرنەچووە لە ئەنجومەنى وەزارەتەوە و خەريكە زيان بە كەرتى گشتى دەگەيەنێ.
10- كەرتى خزمەتگوزارى گشتى (گواستنەوە، رێگاوبان، ئاو و كارەبا....هتد) چەندين گرفت و كێشەى بۆ هاووڵاتيانى هەرێم دروست كردووە و حكومەتيش ناتوانێت وەكو پێويست ئەم خزمەتگوزاريانە بەباشى دابين بكات. كەچى كەرتى تايبەت زۆر لە دواوەيە بۆ ئەم بابەتانە، بەڵام بۆ هەردوو كەرتى (پەروەردە و خوێندنى باڵا) هاتوونەتە پێشەوە زۆر بەخێرايى و لە فراوان بووندان. 
 هەندێك جار دەبينين كە گەشەى ئەم كەرتە لەسەر حسابى كەرتى گشتيیە، ئەگەر بە وردى چاودێرى ئەم كەرتە نەكرێت و توندوتۆڵ نەكرێت لە ئايندەدا زيانى گەورە دەگەيەنێ و مەترسيدارە. بۆيە دەبێ وەزارەتى خوێندنى باڵا بەپەلە كارى لەسەر بكات، چونکە بە لیژنە و هەنگاوی كاتى ناكرێت دەبێ چڕتربێ.
11- بنەماى فێربوون بۆ هەموان، زۆر جيايە لەگەڵ خوێندنى باڵا بۆ هەموان، لە هەموو وڵاتانى دونيا نوخبە هەيە و فلتەرەكان بەهێزن بۆ دروستكردن و پێگەياندنى زانا و خاوەن توانا، ناكرێت و نابێت لەژێر هيچ بيانوو و پاڵەپەستۆيەك فلتەرەكان لاببرێن و بڕوانامەكان بێ هێز و بێ ناوەرۆك بكرێن. خوێندنى باڵا دەبێ پاڵەوانى زانست و زانين دروست بكات، نەك تەنها بڕوانامەيەكى دێكۆمینتى بێ ناوەرۆك ببەخشرێت.
12- پێويستە گوێ لە بۆچوون و پێشنياز و داواكاني خەڵک بگيرێت، بەڵام ناكرێت هەركەس داواى ئەو (پێوانە و پێوەرە) بكات كە بۆ بەری ئەو دەبێ. 
دەكرێت خەڵك بڕوانامەى باڵاش بەدەست بهێنن، بەڵام مەرج نيیە ببن بە مامۆستاى زانكۆ و خوێندنى باڵا.
13- هەزاران كەس لە زانكۆكان مامۆستان، بەڵام بەشێكى بەرچاويان نەبوون بە مامۆستاى زانكۆ. بۆ چارەسەرى ئەم بابەتە دەبێ بە رێنماييەكانى دڵنيايى جۆرى (Quality Assurance) و بەرزكردنەوەى پلەى زانستيدا بچينەوە و هەنگاو بە هەنگاو چاكسازى لە مامۆستايانى زانكۆكاندا بكرێت.
14- پێداچوونەوە بە سيستم و پڕۆگرامى خوێندن و گۆڕانكارى گرنگە، بەڵام دەبێ لەسەر بنەما و ناوەڕۆك و پێويستى بە باشتركردن بێت، نابێ بەردەوام ئەو گۆڕانكاريیانە رووبدەن و سەقامگیریی دەروونیى مامۆستا و خوێندكار تێكبدەن. 
زۆرجار واكراوە بۆ هەموو گۆڕانكاريەك لە سيستم و رێنمايى دەبێ سەيرى ئەنجامەكەى بكەيت، واتە بە كردار ئەنجامەكەى ببينرێت، ئينجا بڕيار بدرێت كە ئەم گۆڕانكاريیە راست بوو يان نا، بەردەوام بين يان بيگۆڕين. دەبێ هەنگاوى پێش وەختە و زەمينەسازى بۆ بكرێت تاوەكو لە رووى دەروونیيەوە پەسەند کراو بێت و دژەكانى كەم بكرێتەوە.
15- سەربەخۆيى (دارايى، زانستى، كارگێریى) بدرێتەوە بە زانكۆكان و وەزارەت تەنها چاودێرى كارەكانيان بكات، لە هەر لادانێك بێتە دەنگ و قبوڵى نەكات.
16- بەردەوامیی پڕۆسەى ریزبەندى نيشتمانى زانكۆكان گرنگى زياترى پێبدرێت، چونكە هۆكارێكى چاكى كێبڕكێيە و كەموكووڕى و خاڵە لاوازەكانى چاك بكرێت و لەسەر ئەم بنەمايە مامەڵە لەگەڵ زانكۆ و پەيمانگاكان بكرێت، حكومى و تايبەت.
17- پێويستە زانكۆ حكوميیەكان بە وردى زانيارى و ئامار و داتاكان بنێرن بۆ وەزارەت لە خوێندنى بەرايى و باڵا و چەند مامۆستاى وانەبێژيان هەيە لە دەرەوەى زانكۆكان، ئايا چەند مامۆستايان دەچێتە زانكۆ و پەيمانگا تايبەتەكان، بۆ ئەوەى بەر لە بە هەدەردان بگيرێت وە كەرتێك لەسەر حسابى كەرتێكى تر كارەكان بەڕێ نەكات.
18- پێداچوونەوە بە (نيصابى) مامۆستايان بكرێت، هەماهەنگى لە نێوان ئەركى مامۆستا و بابەتى (دڵنيايى جۆرى) هەبێت، چونكە هەست دەكرێت ئەم كەم كردنەوەيەى (نيصاب)ى مامۆستا خراپ سوودى لێ دەبينرێت و پێويستى بە چارەسەر و وردبينى هەيە، چونكە زيانى (دارايى و زانستى دەگەيەنێ).
19- زۆربەى پۆستەكان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا (زانكۆ و پەيمانگاكان) بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێت، هەم جوان نیيە هەم زيانى دارايى دەگەيەنێ، بۆيە پێويستە چارەسەربكرێت، يان لاببرێن ياخود بكرێن بە (أصيل). 
20- خەڵكێكى زۆر لە تواناسازى (عیراق و كوردستان) چوونەتە دەرەوە بۆ خوێندن. ئەوانە ئەگەر لە كاتى خوێندن و لەناو پڕۆسەكە نەگەڕابنەوە، ئەوا لە رێگەی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ كراوە. بەڵام بەدەيان كەس هاتنەوە و دەست بەكاربوون كە دەبوايە تا5 ساڵ خوێندنى باڵا بەجێنەهێڵن، بەڵام بەبێ خزمەت كردن وەزيفەيان بەجێ هێشتوە (فصل) كراون، ئەو پڕۆسەيە پارەيەكى زۆرى هەرێمى تێچووە بۆيە دەبێ بەدواداچوونى وردتر بكرێت و يان بگەڕێندرێنەوە بۆ كوردستان و شوێنى كار يان تێچووى خوێندنەكەيان لێ وەربگيرێتەوە (چونكە پارەكە بەهەدەر دراوە).
21- بەراورد و هەڵسەنگاندن بكرێت لە نێوان (ياساى ژمارە 10ى ساڵى 2008 و ژمارەى پێويستى مامۆستايان لە هەر بەشێك و تواناى (فعلى) ئەو بەشە لە وەرگرتنى خوێندكار بەرايى و باڵا و ميلاكاتى (حەقيقى) زانكۆ و پەيمانگاكان (حكومى و تايبەت) لەبەرچاو بگيرێت، چونكە وا هەست دەكەم بابەتى ميلاكاتى حەقيقى و ئەركى پێويستى هەفتانەى مامۆستايان لە وانە وتنەوە ياخود توێژينەوە، پێويستى بە پێداچوونەوەيە. 
ئەگەر كار وا بڕوات زانكۆكانى (أطراف) لەچەند ساڵى داهاتوودا زيان دەكەن، چونكە ئەوانەى لەو زانكۆيانەن، داواى گواستنەوە دەكەن بۆ زانكۆ گەورەكان، (لێرەدا ئەركيان لە زانكۆ گەورەكان كەم دەبێتەوە) و زانكۆكانى (أطراف) تووشى بێ مامۆستايى دەبن، دەبێت بە (سەردان) و (موحازر) مامۆستاى دەرەوە بهێنن وە پارەيەكى زۆر دەكەوێ لەسەر زانكۆ و دارايى گشتى حکومەت. 

* سەرۆكى زانكۆى كۆيە

وتارەکانی نوسەر