چەند سەرنجێکی رەخنەگرانە لە واقعی کوردستان

10:16 - 2024-04-21
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
75 خوێندراوەتەوە

  پێش ئەوەی بچمە ناوەڕۆکی بابەتەکەم، دەمەوێ هەردوو دەستەواژەی ئێمە و ئەوان، بۆ ئێوەی خوێنەر ڕوون بکەمەوە.
(ئێمە) مەبەستم زۆرینەی خەڵکی دڵسۆزی کوردستانە، یان ڕۆشنبیران و نوسەران و کەسوکاری شەهیدان، هەموو ئەوانەی لە دۆخی بەرێوەبردن و کاربەدەستانی هەرێم ڕازی نین، ڕەخنەو پێشنیاری دڵسۆزانەیان هەیە. وە مەبەست لە (ئەوان) ئەو کۆمەڵە بچووکەن لە هەرێمەکە کە تەحەکوم بە فەرمانڕەوایی و بازاڕ و سامانی وڵاتەوە دەکەن و بەهۆیانەوە کوردستان گەیشتۆتە دۆخێک خەریکە دەستکەوتەکان دەکەونە بەر مەترسییەوە، بۆیە لێرەوە دەستەواژەی (ئێمەو (ئێوە)ی بۆ بەکاردێنم.

ئێمە حەزمان دەکرد کوردستان یەک مەرجەعی سیاسی هەبوایە و داهات و خەرجی شەفاف بوایە، ئێوە دەتانەوێ کەس پێتان نەڵێ (من أین لك هذا) 

ئێمە حەزمان دەکرد کوردستان یەک مەرجەعی سیاسی هەبوایە و داهات و خەرجی شەفاف بوایە. ئێوە دەتانەوێ کەس پێتان نەڵێ (من أین لك هذا) و خۆتان لە خەڵکی کوردستان پێ راسترە و بەچاوی کەم سەیری میللەت دەکەن.
ئێمە هەموو خاکی کوردستان (شار، شارۆچکە، گوند) بە یەک چاو سەیر دەکەین، ئەگەر بە کفری نەگرن لێمان، خاکی کوردستان لەلای ئێمە پەرستگایە، ئێوە: بۆ بەرژەوەندیی کەسی و حزبی، بەپێی بەرژەوەندییەکان و ویستی ڕۆژگار مامەڵە بە وڵاتەوە دەکەن.
ئێمە بیر لەوە دەکەینەوە کە ڕۆژگارێک دابێ هەموو تاکێکی کوردستان، پڕ بە گەروی خۆی بانگەوازی ئازادی و ئاشتی بکات لە کوردستانێکی دادپەروەردا، ئێوە خەریکی ئەوەن چۆن ئازادی تەنها بۆ گوێڕایەڵیی ئێوە بێت، دادوەر و دادگاکانیش لە ژێر کۆنترۆڵتاندا بێت.
ئێمە ئەو ژیانەی بیری لێدەکەینەوە، پڕە لە میهر و سۆز، پڕە لە جوانی و رێز، پڕە لە گوتار و گفتوگۆی بەپێز، ئێوە هەموو بیر و فۆکەستان لەسەر ئەوەیە، چی دەڵێن ئێمەش بیڵێینەوە و بەداخیشەوە کە هەندێکجار خەریکی بڵاوکردنەوەی رق و کۆنەقینن. ئێمە رقمان لەوانەیە کە دەیانەوێت خەڵکەکەمان بە چاوچنۆکی پەروەردە بن و گومانیان لە ئایندەی خۆیان هەبێت، ئێوە هەر خەریکی بە گەورە پێشاندانی ئەوانەن کە پەروەردەیەکی لاواز و خواریان هەیە و خۆیان بە کوڕی ئێرە نازانن پێیەکیان لە هەندەرانە و رۆژئاوا بە ماڵی راستەقینەی خۆیان دەزانن، پارە و سەرمایەی ئێرەش دەبەن بۆ ئەوێ.
ئێمە زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو حەقیقەت و جوانی هەنگاو دەنێین، ئێوە دەتانەوێ ساردمان بکەنەوە، ئیدیعای ئەوە دەکەن کە رێگای چوونە پێش پڕە لە دڕک و ماری دووسەر، ئەوە تەنها ئێوەن کە دەتوانن پردی پەڕینەوە و گەیشتن بن و کەسی تر ئەو مافەی پێنەدراوە و مۆڵەتی نییە بۆ ئەم کارە، ئێمە چیتر نامانەوێ راستییەکانی ژیان بە پەڕۆی کۆنە دابپۆشین، بەڵکو پەردە و لێڵییەکان لابدەین و خەڵک راستییەکان ببینێت و قسەی دڵی خۆی بکات.، ئێوە خەریکی دروشمدانن، دەتانەوێ خەڵک چاوکراوە نەبێ و رواڵەتەکانی دەرەوەی ژیانیان بەباق و بریق پێ نیشان بدەن و تەماحەکانی خۆتانیان لێ بشارنەوە. ئێمە، دەمانەوێت گەورەکانی نیشتمان بە گەورەیی و گزگلەکانیش بە بچووکی بە رۆڵەکانمان و نەوەی ئێستا بناسێنین. ئێوە، خەریکی ئەوەن بچووکەکانمان بۆ بەگەورە و پیاو خراپانی وڵات لێبکەن بە قارەمان. ئێمە، دەمانەوێت رۆڵەکانمان فێری ئەوە بکەین ژیان بە شتە رووکەشەکانی نەپێون، بەڵکو بەدوای پەنهانیەکان و شتە شاراوەکانیدا عەوداڵ بن . ئێوە پێچەوانەکەتان پێخۆشە، تاوەکو رۆڵەکانمان ئەوە نەزانن کە چی لە ژوورە تاریکەکان کۆبوونەوەکان دەگوزەرێت. ئێمە، میللەتەکەمان بانگهێشت دەکەین بۆ مردن لەپێناوی ئازادیدا، بانگهێشتیان دەکەین تا دوژمنەکانی خۆیانیان خۆشنەوێ.ئیوە، بەبیانووی جیاجیا و ناڕەوا خەریکن خەڵکەکە سارد دەکەنەوە و ناسنامەی دوژنمان لێ دەگۆڕن.
* سەرۆکی پێشووی زانکۆی کۆیە

وتارەکانی نوسەر