ئەوانەی پارەکانیان بردووە بۆ بانکەکانی دەرەوە!

11:24 - 2023-07-13
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
261 خوێندراوەتەوە

پ. د. وەلی مەحمود  حەمەد

 ماوەیەکە دەنگۆی ئەوەی پارەیەکی زۆر بۆ بانکەکانی ئەوروپا و دەرەوە نێردراوە و گوایە موڵکی کەسانێکی سەر بە حزبەکانن. 
سەرمایەدار لە هەموو نەتەوەیەکدا هەیە، دەتوانن پارەکانیان لە بانکە جیهانییەکان دابنێن. هەرچەندە ئەوەش بێ گلەیی و گازاندە نییە، چونکە زیانی گەورە بە ئابووریی خۆیان دەگات، لەبەر ئەوەی ئەو پارانە لە وڵاتەکانی خۆیان کۆدەکرێتەوە و دەبرێنە وڵاتانی تر و سەرمایەگوزاری پێدەکرێت، خێروبێرەکەی بۆ ئەو جێگەیە دەبێت کە پارەکەی بۆ دەبەن.
ئەم دیاردە خراپە هەیە و روودەدات، بەڵام لە کاتی ئاسایی و بوونی دەوڵەت و حکومەتداری و لەو کاتانەی کە کێشەی سەربەخۆیی و دامودەزگاکان و سوپا و سنوور ..هتد هەموویان لە خەم رەخسییون.
دەشکرێت حزب ببێتە خاوەنی پارە و دواتر بتوانێ ئەو پارەیە بخاتە کار و قازانج پەیدا بکات و ببنە خاوەنی کارگە و بازرگانیکردن و دانانی کۆمپانیا، بەڵام ئەمەش لە حاڵەتی ئاسایی و بوونی دەوڵەت و دامودەزگای رێکخراو بە یاساو رێنماییدا دەبێت کە تیایدا دیاریکراوە گیرفانی حزب و حکومەت جیاوازن. 
ئەوەی زۆر ناسروشتییە، کوردستان هێشتا نە ئازاد و سەربەخۆیە و نە دەرودراوسێ هاوکارمانن بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین، نە سوپایەکی یەکگرتووی ناحزبی بە دیسپلینمان هەیە، نە کارگەی وامان هەیە کە پێویستییەکانمان دابینبکات. 
نەشمانتوانیوە چەند سەرچاوەیەکی داهات مسۆگەر بکەین، هێشتا گرفتی نیشتەجێبوون چارەسەر نەکراوە، هێشتا ئاسمانی کوردستان و خاکی کوردستان پارێزراو نییە، کێشەی کارەبا و دەیان کێشەی ترمان هەیە، بەڵام بە سەرسوڕمانەوە جارجار لە سایت و پەیج و رۆژنامەکان و لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەم هەرێمە و پەیجە جیهانییەکان، باسی ئەوە دەکرێت کە چەند کەسایەتییەکی سەر بە چەند حزبی کوردستان، چەندین ملیار دۆلاریان لە بانکەکانی دەرەوە دانابێت. 
ئەمە کارەساتە ئەگەر راست بێت، چونکە وڵاتێک لە هیچ خەمێک نەڕەخسیبێت، مووچەی چەندین مانگی مووچەخۆرانی نەدابێ و چەندین ملیار دۆلار قەرزدار بێت، چۆن دەبێ چەند بەرپرسێکی لە ماوەیەکی کەم و لە چەند ساڵێکدا بووبن بە خاوەنی دەیان ملیار دۆلار، بەوەشەوە نەوەستابن ئەو پارانەشیان بردبێتە دەرەوە. 
بۆیە دەبێ حکومەتی هەرێم وەڵامی رەسمی ئەو دەنگۆیانە لەسەر  ئەو کەسایەتییانە بداتەوە، خۆ ئەگەر راست بن دەبێ داوا لەو دەوڵەتانە بکرێت کە ئەم پارانە بلۆک بکەن.
پێویستە رووبەڕووی دەزگای دەستپاکی و دادگا بکرێنەوە، روونی بکەنەوە کە چۆنیان پەیداکردووە؟ بە پێچەوانەوە ئەم بێدەنگییە خراپە و متمانەی خەڵک بەم حکومەت و حزبانە لە دەستدەدرێت، چونکە وەڵام نەدانەوە واتای راستیی دەنگۆکانە. 
چ کارەساتێکە ئەگەر بەم چەند ساڵەی حکومەتی کوردیی هەرێم کە بە خوێن و فرمێسک هاتۆتە بەرهەم، ئەم گەندەڵییانە روویان دابێ؟!

 

بردنەدەرەوەی پارەی زۆری وڵات، زیان بە بوژانەوەی ئابووریی وڵات دەگەیەنێت

وتارەکانی نوسەر