چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کاتێک هەموو بەدەست خۆڵبارینەوە ژیانمان ئەوەندەی دیکە لێ ناخۆش بوو، ئەو خۆڵبارینەی نەک بە هەموو تەمەنی خۆم بگرە رەنگە هەرگیز دۆخی لەو جۆرە لەم وڵاتەدا رووینەدابێ، کە بەداخەوە هەموو دەزانین دواجار نابێت و لە هەر ساتێکدا بێت دووبارە دەبێتەوە.
لەو رۆژانەی خۆڵباریندا سۆشیال میدیا پڕ بوو لە وێنەی خۆڵبارینەکەی عیراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، هەر وەکو چۆن کاتی بەفر بارین پڕ دەبوو لە وێنەی جوانی بەفر، بەڵام ئەمجارە وێنەکان لەو واقیعەی تێیداین زیاتر رایدەچڵەکانین کە ئاخۆ ئەمە وێنەی ئێستامان بێت، دەبێت چ داهاتوویەکی وێرانتر چاوەڕێمان بکات؟ هەموو پرسیاری ئەوەمان دەکرد ئاخۆ هۆکارەکان چین و لەوەش گرنگتر چارەسەرەکان چین؟
دەزانین جگە لە وشکەساڵیی، کێشەکە لە خواروو و ناوەڕاستی عیراقەوە دروستبووە، دوای لەناوچوون و بڕینەوەی ئەو هەموو دارخورما و وشککردنی هۆڕەکانی خوارووی عیراق لەلایەن رژێمی پێشووەوە، ئینجا شەڕی داعش و چەندین هۆکاری دیکە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەم وێرانییەی ئەمڕۆ تێیکەوتووین و ئەگەر چارەسەری خێرا و ریشەیی بۆ نەکرێت، رەنگە پەنجا ساڵی دیکە کەس نەتوانێت لەم وڵاتەدا بژی.
ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە بزانین چارەسەر چییە و بە هەموو هەوڵی بۆ بدەین، وەکو چۆن وڵاتانی پێشکەوتوو لە خەمی پاراستنی ژینگەی خۆیاندان، ئێمەش بە هەمانشێوە، راستە چارەسەرە بنەڕەتییەکان و سەوزکردن و رواندنی درەخت دەبێت بە رێژەیەکی زۆر لە خواروو و ناوەڕاستی عیراقدا بکرێت، بەڵام کورد نابێت دەستەوسان بوەستێت و لەوەشدا چاوەڕێی دەستی بەغدا بکات، بەڵکو دەبێت خۆمان دەستبکەین بە سەوزکردنەوەی کوردستانەکەمان، تا هیچ نەبێت بەشێکی کەمی ئەو کاریگەرییە خراپانەی گۆڕانی ژینگە و کەشوهەوای عیراق کارمان لێبکات، یەکەم هەنگاویش بۆ ئەوە بە خۆشحاڵییەوە سەرۆک بافڵ تاڵەبانی ئەو هەنگاوەی راگەیاند بە چاندنی یەک ملیۆن درەخت و سەوزکردنی هەرێمەکەمان، بەو هیوایەی دوا هەنگاو نەبێت و حکومەتی هەرێم و هەر کەس و لایەنێک کە بانگەشەی خەمخۆریی بۆ خەڵک و ژینگەی کوردستان دەکەن، دەستبکەن بە پلان و پڕۆژەی لەو جۆرە و هەموو پێکەوە یەک بگرین بۆ باشکردنی ژینگەی کوردستان، تا داهاتوویەکی وێرانتر چاوەڕێی خۆمان و منداڵەکانمان نەکات.