دۆسییەی جینۆساید لە- کوردستانی نوێ دا

11:11 - 2025-01-09
تەها سلێمان
68 خوێندراوەتەوە

ساڵانێکە هاوڕێیەتیم لەگەڵ (کوردستانی نوێ) دا هەیە؛ ماوەیەک بەووتارو ماوەیەکیش بەگۆشە (سوژن) و ئێستاش بەگۆشەیەک و سەرپەرشتی لاپەڕەیەک (جینۆسایدنامە) لەگەڵیدا بەردەوامم. دەمەوێ لەم ستوونەدا دووقسەی هەق بۆ (کوردستانی نوێ) لەبارەی (دۆسییەی جینۆساید) –وەو بکەم، کاتێک دەڵێم (جینۆساید) مەبەست لەتاوانەکانی (جینۆسایدی ئەنفال، جینۆساید و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، جینۆسایدی فەیلییەکان، جینۆسایدی بارزانییەکان، ڕاگواستن و جینۆسایدی قەڵادزێ، جینۆسایدی ئێزدییەکان، جینۆساید لەباکوری کوردستان، جینۆساید لەسەردەشت و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جینۆساید لەڕۆژئاوای کوردستان) ە. 
بۆ ئەم دووقسە هەقەی کە وتم بۆ کوردستانی نوێ دەیکەم؛ پێویستم بەوە نییە کەس کۆمەکم بکات و بیرم بخاتەوە، چونکە خۆم وەک نووسەر و ڕۆژنامەنووس هەم شاهیدحاڵم و هەمیش بەشدار لەنووسین بۆ دۆسییەی جینۆساید لەڕۆژنامەکەدا. 
دەمەوێ دانیپێدا بنێم؛ تا ئێستا هەرچیم نووسیبێ و ناردبێ بۆ کوردستانی نوێ لەبارەی (جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان) بۆ یەکجاریش یەک ووتار و یەک نووسین و یەک گۆشەو چوزانم هیچ نووسینێکم لەبارەی (جینۆسایدەوە) ڕەتنەکراوەتەوە و بڵاوکراوەتەوە. 
بۆ نموونە دۆسییەی تایبەتم لەسەر (تاوانەکانی جینۆساید لەباشوور، تاوانەکانی جینۆساید لەباکوور، تاوانەکانی جینۆساید لەڕۆژئاوا، تاوانەکانی جینۆساید لە ڕۆژهەڵات) ئامادەکردوە و کوردستانی نوێ یەک دێڕو وشەشی لێنەبڕیوە و سانسۆری نەکردوە و بڵاوی کردۆتەوە. 
ئەمە دەرخەری ستراتیژی کارکردنی راستەقینەی ڕۆژنامەکە و سیاسەتەکانێتی، کە نەیویستووە و نایەوێ (دۆسییەی تاوانەکانی جینۆساید) پشتگوێ بخات، بەڵکو بەردەوام وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی کارکردنی و لەئەولەویاتەکانی ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی ئەژماری کردوە. 
دەشمەوێ دەرفەت بقۆزمەوەو بەبنزارێکی گەرمیانییانەی پڕچێژ بێژم (کورستانی نوێ وەختوناوەخت بیوسە ماڵی گشتمان)؛ جا ماڵێک هی گشتمانیش بێت، ئەوێ گشتمان دەستمان پێوەبێ و نەهێڵین ئەی ڕۆژنامە کاغەزییە ڕۆژانەییە ناوازە وەهیچ هۆکارێ دەست بۆ زەعیفکردنی نەورێ.
دواقسەی هەقیشم ئەوەتا (کوردستانی نوێ) تەنیا ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردستانە، لەجیاتی ساڵ بۆ ساڵ بابەت و نووسین لەسەر تاوانەکانی جینۆساید لەدژی گەلی کوردستان بڵاوبکاتەوە، لاپەڕەیەکی هەفتانەی بەناوی (جینۆسایدنامە) تەرخان کردوە و کراوە و ئازادە بەڕووی ئەو قەڵەمانەی لەسەر ئەم بابەتە دەنووسن. 
ئەمانە و جگەلە دووتوێی یان دۆسییەی ناوبەناو لەسەرتاوانەکان و بڵاوکردنەوەیان، ئومێدی ئەوەم هەیە، لەداهاتوویەکی نزیکدا، لاپەڕەی (جینۆسایدنامە) ببێتە دۆسییەکی هەفتانەی چوارلاپەڕەیی و ئەمەش دەبێتە یەکێکی تر لەسەروەرییەکانی (کوردستانی نوێ) لەئاست بەرپرسیارێتی ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیدا.
ئەم شاهێدی دانەم لەبری پیرۆزبایی لە سەرجەم ستافی (کوردستانی نوێ) یەو دڵنیاشم ئەوانیش بەسینگێکی فراوانەوە (لەکەنەداوە تا سلێمانی) لێمی قبوڵ دەکەن.

وتارەکانی نوسەر