سەردەشت وەك قوربانی تاوانی جەنگ و مرۆیی

10:42 - 2025-07-06
تەها سلێمان
48 خوێندراوەتەوە


شاری سەردەشت دەكەوێتە رۆژهەڵاتی كوردستان؛ شارێك بەسروشت لە ناوچەیەكی كوێستانیدا دروست بووە و بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەكە بەزنجیرە چیا دەوردراوە و دۆڵ و زێی بچووك و چەندین تایبەتمەندی تر، شاری سەردەشت لە شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری جیا دەكەنەوە و لێرە كاتی باسكردنیان نییە و لە رابردوو لە لێكۆڵینەوەیەكی مەیدانی وردا باسمان كردووە .
لە جەنگی نێوان (عیراق-ئێران)دا شاری سەردەشت و دەوروبەری وەك زۆربەی شار و شارۆچكەكانی تر، دەبنە ئامانجی پەلامارەكانی عیراق و بەدیاریكراوی لە كۆتایی مانگی 6ی ساڵی 1987 لەڕێگەی فڕۆكە و بۆمبی كیمیاوییەوە پەلاماری شارەكە دەدرێت و لە یەكێك لە بەڵگەنامەكانی رژێمی بەعسدا هاتووە ژمارەی قوربانییەكان (155) كەس بوون، ئەگەرچی بەپێی سەرچاوەكانی تری بەردەست ژمارەی قوربانییەكان (130) كەسن و زیاتر لە (4000 بۆ 4500) كەسیش برینداربوون و تا ئێستاش كاریگەرییەكانی تاوانەكە لەڕووی (مرۆیی و خستنەوەی وەچە، ژینگەیی) بەردەوامییان هەیە، چونكە هەم لەڕووی مرۆیی لەژێر كاریگەرییەكانی ماددە كیمیاوییەكاندا بەشێوەیەكی بۆ ماوەیی منداڵی ناتەواو لە دایك دەبن و هەمیش ژینگەی شارەكە هێشتا لە ژێر كاریگەرییە كیمیاوییەكاندایە و چەندین دەرهاویشتە و كاریگەری جیاجیای هەیە و چەندین توێژینەوەی زانستی بەردەستن بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونەی سەرەوە. 
ئەوەی كە تائێستا جێگەی رەخنە و سەرنجی بنەڕەتییە ئەوەیە كە دۆسییەی كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت، بەلۆكاڵی و لەچوارچێوەی خەمی تەنیا دانیشتووانی شارەكەدا ماوەتەوە، واتا نەبووەتە خەم و پرسێكی گشتی هەم لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی كوردستان و هەمیش لەسەر ئاستی ئێران و وەك تریش تا ئێستا دەوڵەتی عیراق وەك میراتگرەوەی حكومەتی پێشوو (سەردەمی تاوانەكە) نەخراوەتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئاكاری! 
بەپێی وردبوونەوە لەهەموو رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، تاوانی كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت ( تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆیی)یە، لەچوارچێوەی جەنگی (ئێران-عیراق) دا و لەلایەن رژێمی بەعسەوە کراوە، لە هەمانكاتدا بە تەواوی مانا تاوانەكە دژی خەڵكی سیڤیل بووە، كەچی تائێستا نە دەوڵەتی ئێران و دادگاكانی دۆسییەكەی بەشلگێرانە وەرگرتووە و كاری لەسەرناكا؛ نە دەوڵەتی عیراق و هیچ یەكێك لە دادگاكانی بەرپرسیارێتی تاوانەكە هەڵدەگرێ و پشتڕاستی ناكاتەوە؛ لەكاتێكدا بەرپرسیارێتی پلەیەكی ئەنجامدانی تاوانەكە لەئەستۆی دەوڵەتی عیراق (رژێمی بەعس)دایە و لەدژی شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئێراندا کراوە. 
یادكردنەوەی ساڵانەی تاوانەكە كارێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقیی گرنگە كە خەڵكی سەردەشت دەیکەن، بەڵام لەمەش گرنگتر ئەوەیە حكومەتی خۆجێی شارەكە و كەسوكاری قوربانییەكان، سكاڵای یاسایی لەسەر ئاستی دەوڵەتی ئێران دژی عیراق و لەسەر ئاستی خودی دەوڵەتی عیراق دژی تاوانەكە و لەسەر ئاستی دادگا نێودەوڵەتییە دانپیانراوەكان تۆمار بكەن؛ گرنگترین بابەت لەم سكاڵایەدا قەرەبووی (ماددی و مەعنەوییە) كە بێ چەند و چوون مافی رەوای قوربانیانی تاوانەكەیە (تاوانی جەنگ و تاوانی مرۆیی) و ئەمە جگە لەوەی قەرەبووكردنەوەی تەواوی شارەكەیە بە پاككردنەوەی لە كاریگەرییە بۆ ماوەییەكانی ئەو چەك و بۆمبە قەدەغەكراوانەی لەپەلاماردانی و وێرانكردن و پیسكردنی ژینگەكەی بەكارهێنراوە، چونكە ئەوەی بەشێوەی مەیدانی نەچێتە سەردەشت و پەڕاوی بەڵگەنامە و لێكۆڵینەوەكان نەبینێت و هەڵینەداتەوە و لەنزیكەوە كاریگەرییەكان نابێنێت، نازانێت و تێناگا شارێك كە بۆ ئەوكاتە كۆی دانیشتوانەكەی نزیكەی (12000) هەزار كەس بێ و (4500) كەسی بە چەكی كیمیایی برینداربێت، چ تاوانێك کراوە!

وتارەکانی نوسەر