زولفان غەریب رەحیم
دەتوانین بڵێین كورد رۆژنامەی سەنگین و بە ئیلتیزامی هەیە، ئەو راستییەش وەك رۆژی رووناك ئاشكرایە، كە لە مێژووی رۆژنامەگەرییدا كوردستانی نوێ رۆڵێكی گرنگی هەبووە، لە دەرخستنی توانای ژنان لە وتارە بەپێز و بابەتەكانی تایبەت بە ئازادی ژن و یادەكانی خەباتی جیهانی ژنان بۆ ئازادی و هەڵمەتی 16 رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لاپەڕە و گۆشەی گرنگی بەخشیووە بە ژنان.
ئەم رۆژنامە سەنگینە بووەتە سەكۆیەك بۆ دەرخستنی كەسایەتی بەرزی ژنانی شۆڕشگێڕ و قەڵەم بەدەست كاتێك دەیانەوێت رۆژانە ئایدیا و دید و بۆچوونی خۆیانی تێدا بڵاوبكەنەوە و وەك سەنگەری بەرگری ژنان لە وتارەكانیاندا سوودی لێوەربگرن، بۆئەوەی ببێتە هەوێنی گۆڕانكاریی و هاندانی قەڵەم بەدەستان تا سەربەستانە بە رۆژنامەی خۆیانی بزانن.
ئەم رۆژنامەیە بەشێك لە خانمە بەتواناكانی لە بواری نووسین و سیاسەت و كارگێڕیدا بە كۆمەڵگە ئاشناكردووە و رۆژانەش ئەو وتار و نووسینانەی تایبەتن بەو دیدەی خوێنەران، شانازییەكی تری كوردستانی نوێ ئەوەیە كە بۆ خستنەڕووی كێشەكانی ژنان و ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر رەگەزی مێ دەکرێت هەمیشە ئامادە و بایەخداربووە.
لە كۆتاییدا بە زمانێكی پاراو دەتوانین بڵێین ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لەكاتی خوێندنەوەی ئەو رۆژنامەیەدا هەموو رۆژێك لە سەرجەم بوارەكانی كۆمەڵگەدا بابەت و وتار و چالاكی جۆراوجۆر بەرچاودەكەون لەناویاندا بەتایبەتیش چالاكییەكانی ژنانە.