د.سمکۆ شوانی
دیموکراسی سیستمێکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای بەشداریی خەڵک لە بڕیاردان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دامەزراوە.
لەم چوارچێوەیەدا بڕیارە دەسەڵاتی هەڵبژێردراو رەنگدانەوەی ئیرادە و داخوازییەکانی گەل بێت و رۆڵی بنەڕەتیی هەبێت لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی جەماوەر و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانییان، بەڵام ئەو پرسیارەی کە دێتە پێشەوە ئەوەیە:
ئایا لۆژیکییە پێش ئەوەی خەڵک بە گوشار داواکانیان بیسەپێنن، دەسەڵات خۆی داواکانیان هەست پێبکات و جێبەجێیان بکات؟
دەسەڵاتی هەڵبژێردراو ئەو دەسەڵاتەیە کە بە دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەدا پێکدێت. بۆیە دەبێت بەرپرسانی هەڵبژێردراو نوێنەری راستەقینەی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بن و لە خزمەت ئەو بەرژەوەندییانەدا بن.
لەم روانگەیەوە دەسەڵات بەرپرسیارێتی گوێگرتن لە داواکارییەکانی خەڵک و جێبەجێکرنیانی لە ئەستۆدایە. ئەمەش بەشێکی سەرەکییە لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، کە لەسەر بنەمای بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە بڕیاردان دامەزراوە.
لە دیموکراسییەکی تەندروستدا، نابێت دەسەڵات لە خەڵک جیا بێتەوە، پێویستە پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و نوێنەرانی هەڵبژێردراو بەردەوام هەبێت. دەسەڵات دەتوانێت لە رێگەی چەند میکانیزمێکەوە داواکارییەکانی جەماوەر دەستنیشان بکات لەوانە:
- راپرسیی گشتی: دەتوانرێت راپرسیی وەرزی بکرێت بۆ زانینی گرنگترین پرس و پێداویستیی هاووڵاتییان.
- راوێژی راستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیان، لە رێگەی کۆبوونەوەی گشتی، کۆبوونەوەی کراوە، یان تەنانەت پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، هاووڵاتیان دەتوانن راستەوخۆ را و داخوازییەکانی خۆیان دەرببڕن، باسی شانە حزبییەکان لەولاوە بوەستێ.
- گوێگرتن لە کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گروپە پیشەییەکان، بەشێک لە پردی نێوان دەسەڵات و خەڵک پێکدەهێنن، بەو پێیەی ئەو قەوارانە دەتوانن راپۆرت و راسپاردە پێشکەش بکەن کە رەنگدانەوەی واقیع و پێداویستیی کۆمەڵگە بن.
- بەرپەرچدانەوەی قەیران: لە بارودۆخی قەیراناویدا ئەوە رووندەبێتەوە کە چۆن دەسەڵات دەتوانێت راستەوخۆ وەڵامدەرەوەی داخوازی و پێداویستییەکانی هاووڵاتیان بێت.
جێبەجێکردنی داواکارییەکانی جەماوەر تەنیا بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی دەسەڵاتی هەڵبژێردراو نییە، بەڵکو توخمێکی جەوهەرییە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی سیستمی دیموکراسی.
ئەگەر جەماوەر هەست بەوە بکات کە داواکارییەکانیان نابیسترێت، یان دەسەڵات بە ئاڕاستەی دابڕان لە نیگەرانییەکانیان کار دەکات، ئەمە رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی متمانە بە سیستمی سیاسی و پەنابردنە بەر ئەڵتەرناتیڤی نادیموکراسی، یان توندوتیژی.
جێبەجێکردنی داواکارییەکانی جەماوەر بە مانای باشترکردنی ئاستی ژیانی هاووڵاتیان دێت لە رێگەی پەرەپێدانی سیاسەتی گشتی کە تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی وەک پەروەردە، چاودێریی تەندروستی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئابووری.
کاتێک جەماوەر هەست دەکات هاوبەشە لەو بڕیارانەی کاریگەرییان لەسەر ژیانیان هەیە، ئاستی بەشداریی سیاسی و متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و حزب زیاتر دەکات.
رەنگە دەسەڵات رووبەڕووی چەندین گوشاری لایەنە جیاوازەکان ببێتەوە، جا چ ئابووری، کۆمەڵایەتی، یان گوشاری ئیقلیمی و تەنانەت لە لایەن زلهێزەکانەوە، بەڵام دەسەڵاتداران دەبێت هاوسەنگیی ئەم گوشارانە لەگەڵ ئەوەی کە بە پلەی یەکەم خزمەت بە بەرژەوەندیی هاووڵاتی دەکات، رابگرێت، بۆیە کلیلی سەرکەوتن لە توانای تێگەیشتن لە داخوازییەکانی جەماوەر و دابینکردنی چارەسەری واقیعییە لەسەر بنەمای زانستی، بە شێوەیەک کە سەقامگیریی دەوڵەت و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی مسۆگەر بکات.
دەسەڵاتی هەڵبژێردراو، درێژکراوەی ئیرادەی گەلە، هەربۆیە دەبێت بەردەوام ئاگاداری داواکارییەکانیان بێت و بەشێوەیەک وەڵامیان بداتەوە کە بەرژەوەندیی گشتی بەدیبهێنێت.