دینامیکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان

09:49 - 2025-01-29
د. سمکۆ شوانی
291 خوێندراوەتەوە

 د. سمکۆ شوانی

ئەو فاکتەر و رووداوانەی  کاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسی  لە هەرێمی کوردستان دروستدەکەن، پێیاندەوترێت دینامیکی سیاسی، وەک: مێژوو، کەلتور، ئایین، ئابووری، میدیا، بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، گۆڕانی دیمۆگرافی و فاکتەری جیۆپۆلەتیکی و... هتد.

هەندێک لەو هۆکار و فاکتەرانە بریتین لە:
1- فرە حزبی و ئایدیۆلۆژیای جیاواز: هەرێمی کوردستان خاوەنی پانتاییەکی گەورەی دەربڕینی رای جیاواز و پێشکەوتنخوازییە و لەو پێناوە ئەگەر باجی گەورەشی دابێت، هەمیشە کۆڵی نەداوە لەوەی دەنگ و رەنگی جیاواز هەبێت.
2-  پەیوەندییە حزبیەکان: ململانێ و جیاوازی لە ئایدۆلۆژیا وستراتیژی حزبەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر رەوتی سیاسەت لە هەرێم، دروستکردووە، بەتایبەتی لە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵ کە کۆمەڵێک کێشە و داواکاریی گەلی کوردستان، تا ئێستا بە هەڵپسێردراوی ماونەتەوە وەک کێشەی ناوچە زەوتکراوەکان و مەسەلەی نەوت و ئابووری و موچە و هێز و سنوور، هتد.. 
3 -فاکتەرە ئابوورییەکان: سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت و غاز، لە هۆکارە سەرەکییەکانە و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی هەرێم دروستکردووە. 
4- پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا: ناتەبایی و دەنگی  جیاواز لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان، وایکردووە هەمیشە لە بەرامبەر بەغدا لاواز دەربکەوین، لەبری ئەوەی ئێمە داخوازییەکانمان بسەپێنین بەسەر ئەواندا، ئەوان مەرجەکانیان دەسەپێنن.
5- کاریگەرییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان:
سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێ (تورکیا، ئێران، سوریا) رۆڵی هەیە لە ئاراستەکردنی سیاسەت لە هەرێمی کوردستان.  بۆ نموونە دەستێوەردانەکانی تورکیا لەژێر پاساوی دژایەتی (پەکەکە).
6- پرسی کورد: خواستەکانی گەلی کوردستان بۆ جیابوونەوە و ریفراندۆم یا سەربەخۆیی زیاتر لە فاکتەرە بنچینەییەکانن کە دینامیکی سیاسی لە ناوچەکەدا لە قاڵب دەدەن.
7- ئاڵەنگاریی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی جەماوەری:    ناڕەزایەتی و داواکارییە جەماوەرییەکان بۆ نەبوون و یا کەمی خزمەتگوزاری  لە ناوچەکەدا هەیە. ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو کاتەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دەسەڵات و سیاسەتەکەی کاریگەریی هێزی دەرەکی پێوە دیارە.
8- هێزی سەربازی: پێشمەرگە نوێنەرایەتی هێزی سەرەکی سەربازیی هەرێمی  کوردستان دەکات، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لەپرسە ئەمنییەکانی وەک رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەر بارگرژییەک.
9-  گەندەڵی کارگێڕیی و لاوازی دامەزراوەکان: دروستبوونی قەیرانەکانی بێ مووچەیی و ناڕێکی و جیاوازی لە خزمەتگوزاری و دروستکردنی پشێوی کۆمەڵایەتی و لاوازیی هەستی هاووڵاتیبوونی لای تاکی کۆمەڵ دروستکردووە.
سەرەنجام ئەو فاکتەرانە و چەندین فاکتەری تری وەک جیۆپۆلۆتیک و گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان و تێکەڵکردنی دەسەڵاتەکان و ناشەفافی حکومڕانی و تاکڕەوی لە بڕیاردان و حکومڕانی و بەرتەسکیی چالاکی شارستانی و خوڵقاندنی قەیران و قات و قڕی، لەو هۆکارانەن دینامیکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە قاڵب دەدەن و کاریگەرییان بەسەر سیاسەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

وتارەکانی نوسەر