لەهەر بستە خاکێکی کوردستاندا؛ دەیان چیرۆکی نەنووسراو هەن، رەنگە هەندێک نووسەر و رووناکبیر گرنگ بێت بۆی، چۆن باسی چیرۆکی نووسەرێکی تری بیانی بکات، بەڵام تۆ سەیرکە و دیققەت بدە، (کارین) لە ئەڵمانیاوە دێت و یەک چارەکە سەدەیە بە هەموو شێواز و رێگایەکی گونجاو چیرۆکی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بۆ ئێمەی ئەنفال زەدە باس دەکات و دەگێڕێتەوە. ئەو دەیەوێت پێمان بێژێ (ئێوە ئوممەتێکی زۆر فەقیرن؛ خۆتان نابینن، خوێن لە جەستەتان دەچۆڕێ، ئێوە فەقیرن، ناتوانن ئەم خوێن لەبەرچۆڕانەتان بکەنە بنەما بۆ دامەزراندنی ئایندە و ژینگەیەکی تەندروستی مانەوە و بەردەوامبوون).
ئەم پێشەکییەم بۆ ئەوەبوو بەڕەوانی و بێ پێچ و دەور بێژم، ئاواییەک و سەدان هەیە لە گەرمیان، هەریەکەیان چیرۆک و بەسەرهاتیان لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفالدا پڕە لەزامی بەسوێ، بەڵام خۆ تەنیا کولاندنەوەی زام یان برینی بەسوێ بەس نییە بۆئەوەی بەخۆمان بێژین ئێمەش خاوەنی قوربانین، لەمە گرنگتر ئەوەیە، چۆن زام یان برین بکرێتە هامیانی دروستبوونەوە و بنیادنانی ئایندەمان؟
بۆ من وەک رۆژنامەنووس و ئەنفال زەدەیەک، هیچ شتێک هێندەی کارکردن و هەنگاوی کەسوکارێکی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال دڵخۆشم ناکات، کاتێک دەبینم لەجیاتی گریان و شیوەن، بیر لە جێبەجێکردن یان بەکرداریکردنی بیرۆکەیەک دەکاتەوە و دەیکاتە هۆکارێک بۆ خۆدروستکردنەوە و بنیادنانەوە.
ئەنوەری حەمەلاو لە ئاوایی (تویکن) توکنی مەڵبەندی بەشێک لە نەبەردی و سەروەرییەکانی گەرمیان، لەپێش ئەنفال و کاتی ئەنفال و دوای ئەنفال؛ بەسادەیی و بیرکردنەوە خاکیانەکەی خۆی، بڕیار دەدات لەشوێنی (9) شەهیدی تاوانی جینۆسایدی خێزانەکەی، (9) نەمامی درەختی کنار بچێنێ، وەک ئاماژەیەک بۆ یادەوەریی خێزانەکەی و هاوکات وەک ئاماژەیەکیش بۆ مانەوە و بەردەمی ژیان و لەمانەش گرنگتر وەک ئاماژەیەکی تریش بۆ هەمیشە بەردەوامیی ژیان و پاککردنەوەی ئەو ژینگەیەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال وێرانی کرد.
ئەم قوربانییەی بەجێماوی دوای تاوانی جینۆسایدی ئەنفال؛ بیر لەوەش دەکاتەوە ئەگەر بیرۆکەی ناشتن یان چاندنی (9)نەمام وەک ئاماژە بۆ نۆ شەهیدی خێزانەکەی لە تاوانەکەدا سەربگرێ، ئەوا لە داهاتوودا بۆ تەواوی شەهیدانی تاوانەکە لە ئاواییەکەیاندا (تویکن) کە پێموابێت بە دیاریکراوی (337)شەهیدی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالە (337) نەمام بنێژێ.
کارەکە بێ سنوور پیرۆز و گرنگە؛ بەڵام گەرەکمە بیری هەموو لایەکی بخەمەوە کە بۆیە کەم باسی دیواربەندی ئەنفالکراوەکانی ئاواییەکانمان دەکرد، کۆمەڵێک مەزاق و لاقرتێیان پێمان دەکرد، خۆشبەختانە ئێستا دروستکردنی دیواربەند لە بەشێک لە ئاواییەکاندا بۆ ئەنفالکراوان بووەتە ئەمری واقیع و خەڵک لە گیرفانی خۆیان دروستی دەکەن و ئەمەش رێگە دروستەکەیە.
دڵنیاشم بیرۆکە و کارەکەی (ئەنوەری حەمەلاو) ساڵانی داهاتوو دەبێتە ئەمری واقیع و ئاوایی نشینەکان هەریەکەیان لای خۆیانەوە دەستی بۆ دەبەن و بەمەش گەورەترین بیرۆکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانی جێنۆسایدی ئەنفال و بەردەوامیدان بە مانەوە و ژیان و خۆبنیاتنانەوە دەخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.