پرژە زاهیر جەلال
دیاردەیەک هەیە پێی دەگوترێت خاوەندارێتی بەبێ تاپۆ، وەک روونە شۆستە، شەقام و جادەکان موڵکی گشتین، هاووڵاتیان بەبێ هیچ جیاوازییەک دەکرێت سوودی لێ ببینن. وەک چۆن ناکرێت ئۆتۆمبێل بەسەر شۆستەدا بڕوات، ئاواش ناکرێت پیادەڕەو بەسەر شەقامدا بڕوات، بەڵام لە زۆرینەی شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانیدا دەبینین دەیان ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی زۆر هەڵە و لە شوێنی نەگونجاودا پارک کراون، بە شێوەیەک شەقامەکە هێندە بەرینە زیاتر لە دوو ساید ئۆتۆمبێل دەتوانێت پێیدا تێپەڕێت، بەڵام تەنیا یەک ساید دەتوانێت بە هەزار دەردە سەری تێپەڕێت، لەبەرئەوەی سایدەکەی دیکە بە شۆستەکەشەوە بووەتە جێگەی پارکی ئۆتۆمبێل و عەرەبانەی میوە و لەفە، نموونە: شەقامی سی مەترییەکە لە سلێمانی..هتد. ئەمە بەبێ هیچ سزا و لێپێچینەوەیەکی پۆلیسی هاتوچۆ دەگوزەرێ کە رەنگە رۆژانە دەیان جار بەلای ئەو دیمەنەدا تێبپەڕن و سزایان نەدەن!.
جۆرێکی دیکە لە خاوەن موڵک هەیە، کە خاوەندارێتی شەقام و شۆستەکەش دەکەن پێیان وایە مادام لەپێش موڵکەکەیانە ئیدی بە تاپۆ هی خۆیانە.
ئەم دیاردەیه نەک هەندێک خاوەن موڵک، بەڵکو هەندێک کرێنشین و دووکانداریش دەگرێتەوە، ئاشکرایە سنووری موڵکداریی هەر کەسێک تا دیواری دەرەوەی موڵکەکەیەتی، لەپشت ئەو دیوارەوە کە شۆستە و شەقامە چیتر هی خاوەن موڵک نییە، بەڵکو مافی گشتییە، بەڵام بەداخەوە رۆژانە چەندین حاڵەتی لەم شێوەیە دەبینین، خاوەن ماڵ و دوکانداران شەقامە گشتییەکە بە دەبەی ئاو یان کیسی زبڵ دەگرن، تەنانەت هەندێک ئەوەندە پێیان راکێشاوە کە رێگرە رەنگ پرتەقاڵییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بە شەقامەکەوە جێگیر دەکەن.!
خۆ ئەگەر کەسێک لەو شوێنە بیەوێت ئۆتۆمبێلەکەی بوەستێنێت، ئەوا هەر زوو بۆی دێنە دەرەوە وەک کەمترین زیان ئۆتۆمبێلەکەت تەماتە و هێلکەباران دەکرێت، یاخود دەبێتە شەڕ و ناکۆکی، بە بیانووی ئەوەی شەقامەکە موڵکی ئەم ماڵەیە، تەنانەت هەندێک لەو ماڵانە گەراجی ئۆتۆمبێلیشیان نییە کە ئەم شەقامە داگیر دەکەن، لە هەمووی خۆشتر پاسێک هەیە لەسەر شەقامێکی گشتی ناوشار پارکی دەکات، بە دانانی بلۆک سێ مەتری دیاریکردووە بۆخۆی وەک گەراج، کە دەچێت بۆ کاریش چواردەوری شوێنەکەی خۆی بە هەمان بلۆک دەگرێت.!
ئەم رەفتارانەی هەندێک لە هاووڵاتیان جێی لێپێچینەوە و سزادانن، بەڵام لەوە زیاتر بێدەنگیی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەوبارەیەوە مایەی سەرسوڕمانە! لەبەرئەوەی ئەگەر هاووڵاتیان لە هەڵەکەیان ئاگادار نەکرێنەوە، یاخود شۆفێران و فرۆشیاری عەرەبانەکان لەسەر زیادەڕەویی و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان سزا نەدرێن، ئەوا ئیدی خەڵک سەروەر دەبێت نەک یاسا.