لە یادی 47 ساڵەی شەهیدبوونی كاك ئارام-دا

09:31 - 2025-01-30
شوان کەریم کابان
49 خوێندراوەتەوە

شوان كەریم كابان


شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە سەركردایەتیی ی.ن.ك، چەند خەسڵەتێكی هەیە كە لە شۆڕشەكانی تری گەلەكەمان جیایدەكاتەوە، درێژخایەنیی شۆڕشەكە و بەردەوامی بۆ 15 ساڵ، خاوەنی زۆرترین شەهید، خاوەنی زۆرترین رووناكبیر و خوێندەوار، بوونی سكرتێر و سەركردە و كادرەكانی پێ بەپێی پێشمەرگە لەنێو خەڵك و لە ناوچە رزگاركراوەكان، لەنێو خەسڵەتی تایبەتیی بەخشینی زۆرترین شەهید لە درێژەی خەبات و تێكۆشانیدا، زۆریی ژمارەی سەركردە و كادرە هەرە پێشكەوتووەكانیەتی، بەجۆرێك كە لە مێژووی خەباتی نەتەوەكەماندا كەموێنەیە و سیمایەكی دیاری كاروانێكی پڕ لە هەوراز و نشێو و زەحمەت و دەردیسەرییە، كەم ساڵ هەبووە دەیان پێشمەرگە گیانی خۆیان نەكەنە قوربانی و لەنێویشیاندا چەندین سەركردە هەبوون.
ساڵی 1978 ساڵێكی پڕ ئازار و پڕ نەهامەتی بوو بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكۆتایی مانگی یەكدا، تەنگیسەر شایەتی شەهیدبوونی سەركردە و سەرپەرشتیاری ئەوسای كۆمەڵە و رووناكبیر و رۆژنامەنووس كاك ئارام بوو. كاك ئارام، دوای شەهیدبوونی كاك شیهاب و كاك جەعفەر و كاك ئەنوەر و بەندكردنی دەیان كادری پێشكەوتووی كۆمەڵە و پچڕانی رستی رێكخستنەكانی كۆمەڵە، شاسواری رەنجدەران، شانی دایە بەر ئەركێكی قورس و گران لە بارودۆخێكی سەختدا و پاش دامەزراندنی كۆمیتەی هەرێمەكان، توانی لەگەڵ هاوڕێكانیدا كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان رێكبخاتەوە و گوڕوتینی پێببەخشێتەوە، پاش ماوەیەك بۆ ئاسان كاركردن و سەرپەرشتی كاروباری كۆمەڵە، روویكردە ناوچەی قەرەداغ، بەداخەوە پاش ماوەیەك كاك ئارام لە گوندی تەنگیسەر لەلایەن جاشەكانی رژێمەوە شەهید دەكرێت و هەر لەوێش لەلایەن خەڵكەوە تەرمەكەی بەخاك دەسپێردرێت.
شەهیدبوونی كاك ئارام، برینێكی تری گەورەی كردە جەستەی یەكێتی و كۆمەڵەوە، ئەوەش هەست و سۆزی رێكخستنەكان و پێشمەرگەی جووڵاند و دەیان وتار و پەخشان و شیعر نووسران، یەكێك لەو شیعرانە شیعری –ئارام- بوو، كە كاك هەڤاڵ كوێستانی نووسی، كە خۆی رێكخستنی كۆمەڵە بوو، دواتریش بووە پێشمەرگە. ئەو شیعرە ساڵی 1983 لە تیپی مۆسیقای شەهید كارزان لەلایەن پێشمەرگە و هونەرمەند ئاراس ئیبراهیم ئاوازی بۆ دانرا و بە دەنگی پێشمەرگە و هونەرمەندی كۆچكردوو ئازاد خانەقینی و بە هاوكاریی دەنگی بەندە؛ لە یەكەم بەرهەمی تۆماركراوی تیپی مۆسیقای شەهید كارزاندا بڵاوكرایەوە و دەنگ و سەدایەكی زۆری دایەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی كاك ئارام، شاسوارەكەی رەنجدەران و سەرجەم شەهیدان.

وتارەکانی نوسەر