بۆچی ئێمە وەک کۆمەڵگە ئەم جۆرە توندوتیژییەی دەسەڵات لە هەولێر پەسەند دەکەین و بە ‹ئاسایی›ی دەزانین؟
دیمەنی بەرەنگاربوونەوەی مامۆستایان لە دێگەڵە، نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو ستەمکاری و پارادۆکسەیە کە لە سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت. لێرەدا دەسەڵاتی هەولێر کە خۆی بە نوێنەری دیموکراسی و فیدراڵ وێنا دەکات و دەزانێت بە شێوەیەکی دژە دیموکراسی و فیدڕاڵ مامەڵە لەگەڵ داواکارییە رەواکانی خەڵکدا دەکات، هەر وەک چۆن سەرمایەداریی جیهانی لەژێر ناوی ئازادیدا، خەریکی بەرهەمهێناوەی کۆیلایەتییەکی نوێیە.
کاتێک پارێزگاری هەولێر دەڵێت ‹تاقەتی وەرگرتنی میوانە رەزاقورسەکانی نییە›، ئەمە تەنها دەربڕینێکی زمانەوانی سادە نییە، بەڵکو نیشانەی ئەو توندوتیژییە سیمبولیکەیە کە دەسەڵاتی هەولێر بەکاری دەهێنێت.
وشەی ‹میوان› لێرەدا ستراتیژییەکی ئایدیۆلۆژییە بۆ ئەوەی مافی هاوڵاتیبوون لە خۆپیشاندەران بسەنێتەوە و بیانکاتە ‹ئەوی تر›، کەسانێک کە لە دەرەوەی بازنەی ‹ئێمە›دان. ئەمەش هەمان ئەو میکانیزمەیە کە کۆلۆنیالیزم بەکاریدەهێنا بۆ بە ‹بەربەری› ناساندنی خەڵکی داگیرکراو.
رێگری کردن و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ دژی مامۆستایان کە خۆیان سیمبولی رۆشنگەری و فێرکردنن، پێمان دەڵێت کە چۆن دەسەڵاتی هەولێر دژی هەر جۆرە رۆشنگەرییەکە کە ببێتە هۆی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی.
ئەمە ئەو شتەیە کە پێیدەوترێت توندوتیژی سیستماتیک، کە لەژێر پەردەی یاسا و نەزمدا خۆی حەشارداوە.
مامۆستایان لێرەدا نوێنەرایەتی ئەو هێزە مەعریفییە دەکەن کە دەتوانێت پەردە لەسەر درۆی گەورەی سیستم هەڵبماڵێت.
لێرەدا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە بۆچی خۆپیشاندەران ناڕەزایی دەردەبڕن؟ بەڵکو ئەوەیە کە بۆچی ئێمە وەک کۆمەڵگە ئەم جۆرە توندوتیژییەی دەسەڵات لە هەولێر پەسەند دەکەین و بە ‹ئاسایی›ی دەزانین؟
ئایا ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە ئێمە لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای باڵادەستدا بیردەکەینەوە، کە تێیدا توندوتیژی دژی ‹ئەوانی تر› وەک شتێکی سروشتی دەبینرێت؟ ئەمە هەمان ئەو میکانیزمەیە کە لە سەرتاسەری مێژوودا بۆ پاساودانی جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی بەکارهاتووە.
ئەم دۆخە پێمان دەڵێت کە چۆن دەسەڵات لە رێگەی زمان و کردارەوە هەوڵی داپۆشینی راستییەکان دەدات، بەڵام هەر ئەم هەوڵدانە بۆ داپۆشین، خۆی دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی راستییە شاراوەکان.
کاتێک دەسەڵاتی هەولێر هەوڵ دەدات مامۆستایان و فەرمانبەران وەک ‹میوانی رەزاقورس› پێناسە بکات، لە راستیدا لاوازی خۆی و ترسی لە گۆڕانکاریی ئاشکرا دەکات. ئەم هەڵوێستە پێماندەڵێت کە نەخێر، کێشەی سەرەکی لە هەولێرە نەک لە بەغداد، ئەمەش ئەو راستییەیە کە دەسەڵات هەوڵی شاردنەوەی دەدات.
ئەم قەیرانە پێمان دەڵێت کە چۆن سیستمی دەسەڵاتی تاکڕەو لە هەولێر، لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، خەریکی بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە چەوسێنەرەکانە لە رێگەی دروستکردنی دووبەرەکی و دابەشکردنی کۆمەڵگە بۆ ‹خۆیی› و ‹نامۆیی›. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە پێویستە لەسەری بوەستین و بیری لێبکەینەوە: ئایا ئەم سیستمە چەند درێژە دەکێشێت پێش ئەوەی لە ناوەوە هەڵبوەشێتەوە؟