کاری رۆژنامەوانی لە جەنگە نادیارەکاندا

10:28 - 2025-06-24
ئەرسەلان مەحمود
45 خوێندراوەتەوە

بۆچی رۆژنامەنووسان ناتوانن راستەوخۆ لە (مەیدانی جەنگ) ی نێوان ئێران و ئیسرائیل راپۆرت بکەن، ئایا لە راستیدا (مەیدانی جەنگ) بە مانا کلاسیکییەکەی لەم ململانێیەدا هەیە؟ وەڵامەکە لە تێگەیشتنی ئەم جەنگەدا (جەنگی سێبەر) وەک دیاردەیەکی فیزیکی و جوگرافی گۆڕاو بۆ دیاردەیەکی سایبەری، سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی دەنوێنێت، ئەم جەنگە سێ تایبەتمەندیی سەرەکی هەیە، کە وای لێدەکات رۆڵی رۆژنامەوانی تێیدا ئەگەر نەڵێین مەحاڵ، ببێتە چالێنجێکی زۆر دژوار.
بەپێچەوانەی جەنگە کلاسیکییەکان کە گۆڕەپانێکی دیاریکراویان هەبوو، وەک خەندەقەکانی جەنگی جیهانی یەکەم، یان جەنگی بیابان و کەنداو، جەنگی سێبەر هیچ سنوورێکی جوگرافی ناناسێت. هێرشی سایبەری Stuxnet لە 2010 کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی تێکدا، لە کۆمپیوتەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەڕێوەبرا. 
بۆردومانی کەناڵی IRIB لە هەفەتەی رابردوودا، لە ئاسمانەوە کرا، ئەم نموونانە پیشانی دەدەن کە (مەیدان) لەم جەنگەدا مەزاجییە، نەک فیزیکی. لە جەنگە تەقلیدییەکاندا، کاتی دەستپێکردن و کۆتایی جەنگ دیار بوو، بەڵام جەنگی سێبەری ئێران-ئیسرائیل بێوەستان بەردەوامە. تەنانەت لە کاتی ئارامییشدا، هێرشی سایبەری، چاودێری و کوشتنی نهێنی هەر هەبوون. 
ئەمە واتای ئەوەیە کە رۆژنامەنووس ناتوانێت بزانێت کەی «بچێتە مەیدان»، چونکە راستە جەنگەکە هەیە، بەڵام بەشێکی زۆری نادیارە. زۆرجار ناڕوونە کێ هێرشەکە دەکات. ئایا هێرشە سایبەرییەکە دەوڵەتییە یان کاری گروپێکە؟ ئایا تەقینەوەکە کاری دەوڵەتین یان ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی؟ ئەم ناڕوونییە رێگری لە رۆژنامەنووسان دەکات لەوەی سەرچاوەی باوەڕپێکراو بدۆزنەوە.

 

لە جەنگی جیهانیی کلاسیکدا، رۆژنامەنووسان دەتوانن پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەربگرن، بەڵام لە جەنگی سێبەردا، کێ بەرپرسە لە پاراستنی گیان و سەلامەتیی رۆژنامەنووسان؟

میدیا بۆتە بەشێک لە جەنگەکە
گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی تر کە رێگری لە ئامادەبوونی ‌رۆژنامەنووسان دەکات، ئەوەیە کە میدیا خۆی بووەتە بەشێک لە جەنگەکە. ئەمە بە سێ شێواز روودەدات: بۆردومانکردنی کەناڵی IRIB و کوشتنی چوار کارمەند، نیشانەی ئەوەن کە ناوەندەکانی میدیا بوونەتە ئامانجی راستەوخۆی سەربازی. 
کاتێک رۆژنامەنووس خۆی دەبێتە ئامانج، ئیتر ناتوانێت رۆڵی چاودێری بێلایەن بگێڕێت. 
بەپێی کۆمپانیای Cyabr، یەک لە چوار پۆستی سۆشیال میدیا دەربارەی جەنگەکە ساختەن و (ستراتیژی میدیایی ئاڵۆز)بەکاردەهێنن بۆ کاریگەریی لەسەر بیروڕای گشتی. 
میدیا لێرەدا نەک تەنها راپۆرت دەکات، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بۆ جەنگی دەروونی و پڕوپاگەندە. جەنگی زانیاری لە سۆشیال میدیادا بەشێکی گرنگە لە ستراتیژی هەردوولا. رۆژنامەنووسان لە ناو شەپۆلە بەردەوامەکانی زانیاری دروستکراودا، ناتوانن بە ئاسانی راستی لە درۆ جیابکەنەوە.
لە جەنگی جیهانیی کلاسیکدا، رۆژنامەنووسان دەتوانن پاراستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەربگرن، بەڵام لە جەنگی سێبەردا، کێ بەرپرسە لە پاراستنی گیان و سەلامەتیی رۆژنامەنووسان؟ کاتێک هێرشەکە لە سایبەرسپەیسەوە دێت، کام دەوڵەت یان رێکخراو دەتوانێت پاراستن دابین بکات؟ گوشار خستنە سەر رۆژنامەنووسەکان بە دەستگیرکردنی خێزانەکانیان، نیشانەی کێشەیەکی گەورەن لە جەنگی سێبەردا، سەرچاوەکان لە هەموو شوێنێک لەژێر چاودێریدان. ئەمە وادەکات کەس نەتوانێ قسە بکات، لێرەدا رۆژنامەنووس بێ سەرچاوە دەمێنێتەوە. لە لایەک تەکنۆلۆژیا دەتوانێ یارمەتی رۆژنامەنووسان بدات کە زانیاری کۆبکەنەوە. لە لایەکی ترەوە، هەمان تەکنۆلۆژیا بۆ چاودێریکردن و هەڕەشەکردن لە رۆژنامەنووسان بەکاردێت. ئەم دووانەییە کاری رۆژنامەوانی زۆر ئاڵۆزتر کردووە.
رۆبەرت کاپلان کە18 مانگ لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا کاری کردووە، دەڵێت: «هەرچەندە بوونی سەربازیی کەمتر بێت، سەرکەوتن زیاترە.» ئەم پرەنسیپە بۆ میدیاش راستە - لە جەنگێکدا کە نادیاری و نهێنی کلیلی سەرکەوتنە، شەفافیەت و راپۆرتی راستەوخۆ دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنیەتی نەتەوەیی. ئەم واقیعە پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی هەیە، لەوانە: پێناسەکردنەوەی رۆڵی رۆژنامەنووس، کە ناتوانێت تەنها چاودێری بێلایەن بێت کاتێک خۆی بەشێکە لە جەنگەکە. پێویستە رۆڵێکی نوێ بدۆزێتەوە کە تێیدا هاوسەنگیی لە نێوان راپۆرتکردن و پاراستنی خۆی و سەرچاوەکانیدا بپارێزێت. هەروەها شیکاری سایبەری و تەکنیکەکانی، دەبێت ببنە بەشێکی سەرەکی لە پیشەی رۆژنامەوانی بۆ تێگەیشتن لە جەنگە نوێیەکان. بەهۆی سروشتی فرەنەتەوەیی جەنگی سێبەریشەوە، رۆژنامەنووسان پێویستیان بە تۆڕێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ هاوبەشکردنی زانیاری و پاراستنی یەکتر.
پرسیاری بۆچی رۆژنامەنووسان لە مەیدانی جەنگی ئێران-ئیسرائیلدا نابیندرێن؟ لەڕاستیدا دەرگایەک دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە قووڵەکانی سروشتی جەنگ و رۆژنامەوانی لە سەدەی21دا. کاتێک جەنگ دەبێتە دیاردەیەکی مەزاجی، نهێنی و بەردەوام،  کاتێک میدیا لە چاودێرەوە دەگۆڕێت بۆ ئامانج و ئامڕاز، ئەوا پرسیارەکە نابێت ئەوە بێت کە بۆچی رۆژنامەنووسان نابیندرێن؟ بەڵکو دەبێت بپرسین: ئایا رۆژنامەوانی بە مانا کلاسیکییەکەی لەم جۆرە جەنگانەدا هێشتا مومکینە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگە نەک تەنها بۆ پیشەی رۆژنامەوانی، بەڵکو بۆ پاراستنی دیموکراسی و حەقیقەت لە جیهانێکدا کە تێیدا جەنگ بووەتە شتێکی نادیار و بەردەوام و هەمەلایەن.

 

گوساتنەوەی هەموو رووداوەکانی جەنگ لەسەر شانی رۆژنامەنووسانە

وتارەکانی نوسەر