ئایا هیچ پاڕادۆکسێک (ناتەبایی) لەمە قووڵتر هەیە؟ سەرکردەیەک کە بیست و پێنج ساڵە، لە دوورترین دوورگەی دەریاییدا زیندانی کراوە، ئێستا بانگی کۆبوونەوەی کوردستانی بکات، ئەمە نەک تەنها گۆڕانکارییە لە هاوسەنگی دەسەڵات، بەڵکو نیشاندەری ئەوەشە کە راستی تراوماتیک (ئەو راستییەی سیستەم هەوڵی شاردنەوەیدا)، بەڵام هەرگیز ئەو خەونە رووی نەدا.
کۆبوونەوەی ریچووەلی سیمبۆلیک
ئۆجەلان لە ئیمڕالییەوە بانگی بافڵ تاڵەبانی، مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی و مەزڵووم عەبدی دەکات، ئایا ئەمە هەر بە راستی دیدارە یان شتێکی تر؟ لە دیدی منەوە، ئەمە «کۆبوونەوەیەکی نەمرە» - تەلیسمی سیاسی (دیاردەی جادووگەرانە) یان ریچووەلی سیمبۆلیک (ئاهەنگی نیشانەیی) کە تێیدا مێژووی سەرکوتکراو هەوڵی سەرلەنوێ ژیانەوەی خۆی دەدات، هەریەکە لەم ناوانە نوێنەرایەتی رەوتێکی سیاسی دەکەن: بارزانی وەک کۆنزەرڤاتیڤ، تاڵەبانی وەک لیبراڵ دیموکراتیک، و عەبدی وەک کۆمۆنیزمی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئۆجەلان چۆن دەتوانێ لە زیندانەوە بیانهێنێتە دەوروبەری میزی گفتوگۆ؟
کاتێک زیندان دەبێتە پیرۆزگە
ئەمە نیشاندەری ئەو پاڕادۆکسەیە کە پێی دەڵێن «دەسەڵاتی بێدەسەڵات»، کاتێک دەوڵەتی توندڕەو باوەڕی وایە کە بەدانانی رابەرێک لە دوورترین دوورگەکانی دەریادا، توانیویەتی بێدەنگی بکات، لە راستیدا پێچەوانەکەی راستە، لە جیاتی ئەوەی زیندان بکاتە مەقبەرە (گۆڕستان)، ئەو رابەرە کردییە پیرۆزگە (شوێنی پیرۆز). ئۆجەلان لە زیندانەوە کۆنتڕۆڵی پێڕەوی سیاسی دەکات، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە سیاسەتمەدارانی ئاسایی دەیکەن، ئەو وەک «دەنگی شوناسی کورد» کار دەکات - ئەو دەنگەی کە لە سەرۆک «مام جەلال»ەوە دەگوێزرێتەوە، ئەمە جۆرێکە لە «تیلیپاسی کۆمەڵایەتی» (پەیوەندی دەروونی لە دوورەوە).
دیداری پۆست مۆدێرن
لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدا، کاتێک دیداری فیزیکی جوانی مێژوویی خۆی لەدەست دەدات، دیداری راستەقینە بەشێوەی تر روودەدات، ئەوەی گرنگە مەزموونی گفتوگۆیە، نەک جوگرافیای ئەو، دیدارە خوازراوەکەی ئۆجەلان لە دوای سەرۆک «مام جەلال»، دەبێتە «دیالۆگی بەکارنەهێنراو» (گفتوگۆی پشتگوێخراو) - ئەو دیالۆگەی کە سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا بە فەرمی رێگەی نەدراوە، بەڵام دەبوو بەرەبەرە دەرگە و دەروازەی نوێی بۆ بکرێتەوە و ئەنجام بدرێت، نەک کار لەسەر داخرانی بکرێت.
لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدا، کاتێک دیداری فیزیکی جوانی مێژوویی خۆی لەدەست دەدات، دیداری راستەقینە بەشێوەی تر روودەدات
کۆنترادیکشنی کلاسیک
لەمەدا کۆنترادیکشنێکی کلاسیک (دژایەتی بنەڕەتی) دەبینین: حکومەتی تورکیا کە زۆر هەوڵیدا پێگەی هەمەچەشنە و بە تایبەت سیاسی کورد لەناو ببات، ئێستا هەمان ئەو ویستە نەزۆکەیە کە دەسەڵاتی سیمبۆلیک بەهێز دەکاتەوە.، هەر پێشەنگێتییەک کە لەبەرامبەر «تیرۆریست» و «شاخاوی» بوون کردیان، پێچەوانەکەی بوو بە واقیع و حەقیقەت، لێرەدا جیاوازی نێوان «دەسەڵاتی سەخت» (دیکتاتۆری، زیندان، سەربازی) و «دەسەڵاتی نەرم» (کاریگەریی فیکری، ئایدیۆلۆژی) بە روونی دەردەکەوێت، ئۆجەلان لە دەسەڵاتی سەختدا شکستی هێناوە، بەڵام لە دەسەڵاتی نەرمدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.
کاتێک مردن دەبێتە سەرکەوتن
ئەمە ئەو گۆڕانکارییە دەهێنێتەوە یاد کە لە مەسیحییەتدا روویدا، عیسا لە رووی سیاسییەوە بە شکستخواردو دادەنرا، بەڵام بەو مردنە بووە گەورەترین سەرکەوتووی مێژوو، هەروەها ئۆجەلان بە زیندانیکردن، بە خنکێندراو دەناسێندرا، بەڵام ئەو زیندانی کردە هەرە پلەی بەرزی سیاسی، ئەمە لە سایکۆئەنالیزی لاکانیشدا (روانینی دەروونی لاکان) باسکراوە: «دەرهێنانی سوژە» کاتێک کەسێک لەڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی فەرمی گوتارەوە دەگاتە ئاستی سەربەخۆیی.
هاواری مۆدێرنێتی، کاتی گفتوگۆ هاتووە
داواکاری ئۆجەلان بۆ ئەم دیدارە، لە راستیدا هاوارێکە بە ناو مێژوودا: کاتی گفتوگۆ هاتووە، بەڵام نەک گفتوگۆی ئاشتکردنەوە و لێبوردەیی کلاسیکگەرایی، بەڵکو گفتوگۆی «رەها کردنی مێژوو لە نیشتمانەکەی خۆیدا» ئەو مێژووەی کە زۆر درێژ لە کتوپڕی تراژیدیدا (کارەساتی دووبارە بۆوە) بە گەمارۆدراو کەوتووە.
لەم دۆخەدا، ئەگەر ئەو دیدارە رووبدات، ئەوە نابێت وەک سەرکەوتنی دیپلۆماسی تەماشا بکرێت، بەڵکو وەک گەڕانەوەی «کۆمەڵگەی شارەکی» (ئەو کۆمەڵگەیەی کە بە دیالۆگ و لێکدانەوە کێشەکان چارەسەر دەکات)، نەک بە زۆرداری و کۆنترۆڵکردن. هەر لەبەرئەوەیە داواکاری ئۆجەلان لە بنەڕەتدا هاوارێکە بۆ مۆدێرنێتەیی (هاوچەرخیبوون). ئایا ئێمە ئامادەین وەڵامی بدەینەوە؟ ئەم پرسیارە نەک تەنها بۆ کوردان، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگەیانەی کە هێشتا لە نێوان دەسەڵاتی سەخت و دەسەڵاتی نەرمدا، لە نێوان زۆرداری و دیالۆگ، لە نێوان کۆنەپەرستی و مۆدێرنیتیدا گیریان خواردووە.
دوورگەی ئیمرالی