دەشتەکانی میزۆپۆتامیا، کە گەوهەری شارستانییەتن، ئێستا شایەتحاڵی گۆڕانکارییەکی قووڵن کە هێشتا زۆرێک لە چاودێران وەک ئەوەی پێویستە لە دەلالەتەکانی تێنەگەیشتوون، ململانێی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل تەنها شەڕێکی دیکە نییە لە زنجیرە درێژەکەی کێشمەکێشە ناوچەییەکان، ئەمە نیشانەی کۆتایی سەردەمێک و دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە.
ناوەندی کێبڕکێی جیۆستراتیژی
لە رووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ ئەمڕۆ، ئەمە یەکەمینجارە دۆخێک دەبینن کە تێیدا ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە نە دەوڵەتە عەرەبییەکانن و نە هێزە عەرەبییەکانن، بەڵکو سێگۆشەی ئێران- ئیسرائیل- تورکیا بوونەتە ناوەندی کێبڕکێی جیۆستراتیژی، لەکاتێکدا تا هەنوکە، ناوەندی سیاسەتی ناوچەکە هەر جیهانی عەرەبی بوو، ئێستا خۆی لە پەراوێزی یارییەکەدا دەبینێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە پەیوەندیی بە چەندین فاکتەری ستراکچەرییەوە هەیە، یەکەم: لاوازبوونی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە ئەنجامی بەهاری عەرەبی و شەڕە ناوخۆیی و مەزهەبی و تائیفییەکان. دووەم: هەڵکشانی ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی کە دەیەوێت هەژموونی خۆی لە یەمەنەوە تا لوبنان فراوان بکات. سێیەم: پێشکەوتنی تەکنۆلۆژی و توانای ئیسرائیل کە مەودای جوگرافی چیتر کاریگەریی ئەوتۆی نەماوە.
ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە لەم ململانێیەدا، ماهییەتی تەکنیکی شەڕەکەیە. ئێمە لەبەردەم نموونەیەکی نوێی شەڕی هایبەریداین کە تێیدا ئامێرە پێشکەوتووەکانی شوێنکەوتن، هێرشە سایبەرییەکان و ئۆپەراسیۆنە وردەکان جێگەی تانک و تۆپ دەگرنەوە کە بە وردی شوێن جووڵەی بەرامبەر دەکەون و دەیکەن بە ئامانج، ئەمەش واتای ئەوەیە کە مۆدێلی کۆنی «قووڵایی ستراتیژی» چیتر کارا نییە. ئەم پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییە، پرسیارە قووڵە ئەخلاقی و یاساییەکان دەورووژێنێت، چ سنوورێک هەیە بۆ بەکارهێنانی زانیاریی کەسی لە شەڕدا؟ چۆن دەتوانین یاسا نێودەوڵەتییەکان نوێ بکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە نوێیانەی شەڕ؟
یەکەمینجارە دۆخێک دەبینن تێیدا ئەکتەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە دەوڵەتە عەرەبییەکان نین و سێگۆشەی ئێران- ئیسرائیل- تورکیا بوونەتە ناوەندی کێبڕکێی جیۆستراتیژی
خۆیان لە دۆخێکی هەستیاردا دەبیننەوە
وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و ئیمارات، خۆیان لە دۆخێکی هەستیاردا دەبیننەوە، لەلایەک نیگەرانن لە بەردەوامیی بەهێزبوونی ئێران و لەلایەکی دیکەشەوە دەترسن لە کاریگەریی جەنگەکە لەسەر ژێرخانی نەوت و ئابووری. ئەم دۆخە وایلێکردوون کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا بە شاراوەیی و نهێنی بهێڵنەوە و بەهێز بکەن.
عیراق، لوبنان، یەمەن و سوریا، ئەم وڵاتانەی کە نزیکن لە ئێران، ئێستا لە دۆخێکی هەستیاردان، لاوازبوونی توانای ئێران بۆ پاڵپشتیکردن لە میلیشیا هاوپەیمانەکانی رەنگە دەرفەتێک بێت بۆ ئەم وڵاتانە تا سەروەری خۆیان بگەڕێننەوە، بەڵام مەترسی ململانێی ناوخۆیی و دەستێوەردانی هێزەکانی دیکەش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
لە بەردەم هەڵبژاردەیەکی دژواردا
ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە هێشتا هێزی کاریگەری سەرەکییە لە ناوچەکەدا، خۆی لە بەردەم هەڵبژاردەیەکی دژواردا دەبینێتەوە. ئیدارەی ئەمریکی دەیەوێت «بەرزترین فشار» لەسەر ئێران بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی لە سەر مێزی وتووێژ ناچار بە خۆبەدەستەوەدانی بکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا تاران کە هەست بە مەترسی دەکات، دەتوانێ بەشێوەیەکی چالاک لە دانوستاندا بەشداری بکات؟ زیاتر لەوە، واشنتۆن پێویستی بە پاراستنی هاوسەنگییەکی وریایانەیە، پشتیوانیی لە ئیسرائیل بکات بەبێ ئەوەی راستەوخۆ تێوەبگلێت، دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانە عەرەبەکان بەبێ ئەوەی بەڵێنی زیادە بدات و هەوڵدان بۆ سەقامگیریی ناوچەیی بەبێ ئەوەی وەک لایەنگر دەربکەوێت.
ئەوەی تائێستا روونە، ئەوەیە کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە ناو قۆناغێکی نوێوە، کە تێیدا رێسا کۆنەکان چیتر جێبەجێ نابن. هاوسەنگیی ترس کە بۆ دەیان ساڵ ناوچەکەی پاراستووە، ئێستا شکستی هێناوە، دیپلۆماسیی نەریتی کە پشتی بە ناردنی نێردە و کۆبوونەوەی نهێنی دەبەست، ئێستا جێگەی خۆی داوە بە کردارە یەکلاکەرەوەکان و پەیامە راستەوخۆکان. ئایا ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی دامەزراندنی سیستمێکی نوێی ناوچەیی کە زیاتر سەقامگیر بێت، یان دەمانباتە ناو قۆناغێکی درێژخایەنی نائارامی و شەڕی بەردەوام؟
وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە توانای ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی گۆڕانکارییەکان و دەستپێشخەریی بۆ دروستکردنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ ئاسایش و هاوکاری، ئەگەر شکستیان هێنا لەم هەوڵەدا، ئەوا ناوچەکە رووبەڕووی دەیەیەکی دیکە لە ناسەقامگیریی و توندوتیژیی دەبێتەوە.
ئەم پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییە، پرسیارە قووڵە ئەخلاقی و یاساییەکە دەورووژێنێت، چ سنوورێک هەیە بۆ بەکارهێنانی زانیاری کەسی لە شەڕدا؟ چۆن دەتوانین یاساکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە نوێیەی شەڕ نوێبکەینەوە
تەکنەلۆژیای نوێ
دواجار ئەم ململانێیە وانەیەکی گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت لە جیۆپۆلەتیکی سەدەی بیستویەکدا کار بکەن: تەکنۆلۆژیای نوێ نەک تەنها ئامرازەکانی جەنگ دەگۆڕێت، بەڵکو خودی سروشتی هێز و هەژموونی جیۆپۆلەتیکیش دەگۆڕێت. ئەو ناوچانەش کە ئامادە نین بۆ ئەم گۆڕانکارییە، مەحکومن بە دواکەوتن لە گێمە نوێیەکەی هێزدا.
ئاراستەی ئایندەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی ململانێ و جەنگدا