مەردان زەندی- ئەڵمانیا
هەموان باس لە پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە و گواستنەوەی 1.8 ملیۆن فەلەستینی، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ترەمپ دەیەوێت: سەرنجەکان لابدات لەسەر ئەوەی کە لە واشنتۆن روودەدات، هەروا هەنگاونان بۆ جۆرە فەرمانڕەواییەكی ناوەندی.
هەموو شتێک بەپێی پلانی ستیڤ بانۆن، راوێژکاری پێشووی ترەمپ دەڕوات کە ستراتیژی میدیایی تایبەتیی خۆی هەیە «تەقەکردن، ئاگرنانەوە بە رێژەیەکی خێرا» لەبەرئەوەی میدیا لە کەسانی گەمژە پێکهاتووە، ئەوان تەنها دەتوانن سەرنجیان لەسەر یەک شت بێت، بۆیە دەبێت بە لافاوێکی هەواڵی هەستیار بۆردومانیان بکەین و ئەوانیش کۆنترۆڵی ئەو شتانە لەدەستدەدەن کە بەڕاستی گرنگە:(تەقەکردن و خۆڵكردنە چاوی خەڵك).
وەك نووسەرێکی ئیسرائیلی دەڵێت، لەبەر ئەم هۆکارە، ترەمپ پێشنیازی ناڕاستەقینەی وەک کڕینی گرینلاند و داگیرکردنی پەنەما و گواستنەوەی فەلەستینییەکان بۆ ئەوێ دەخاتەڕوو، چونکە دەزانێت کە میدیاکان سەرقاڵی ئەو مانشێتانە دەبن، لەبری ئەوەی سەرنجیان لەسەر ئەو گۆڕانکارییە ریشەییانە بێت كە لەناو حکومەتی فیدراڵی ئەمریکادا روودەدەن.
روونیشی دەکاتەوە، لە کاتێکدا میدیاکان سەرقاڵی دیدگای ترەمپن بۆ غەززە، هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیک و خێرای حکومەتی ئەمریکا و دەزگای هەواڵگری لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت.
دەشڵێت لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئیلۆن ماسک و تیمەکەی کۆنترۆڵی سیستمی داتا داراییەکانی ئەمریکایان کردووە و پرۆتۆکۆڵە هەستیارەکانی ئەمنییان نەهێشتووە و بەرپرسانی باڵایان لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە و دەزگایەکی حکومییان داخستووە کە بودجەکەی یەکسانە بە تەنها 0.25 %ی سامانی ماسك.
لە لایەکی دیکەوە، شەش دەزگای حکومی پەنایان بۆ دادگاکان برد، کە فەرمانی دەستگیرکردنیان لە دژی ماسک و ترەمپ دەرکردبوو، بەڵام ئەوە پلانی ئەو ملیاردێرە خۆپەرستەی رانەگرت، کە بەردەوامە لە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە فیدراڵییەکان، بەهۆی ئایدۆلۆژیای لیبڕاڵی نوێی خۆی و هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی دەسەڵات و سامانەکەی بە شێوەیەکی بێ وێنە.
نووسەری ئیسرائیلی ئوریێل داسکاڵ، هۆشداری دەدات کە یەکێک لە پێشهاتە مەترسیدارەکان، هێرشکردنە سەر دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکایە.
ئیدارەی ترەمپ ئیمەیڵی بۆ سەرجەم کارمەندانی ئێف بی ئای(FBI) و سی ئای ئەی(CIA) ناردووە و لە بەرامبەر ئەوەی دەست لەکار بکێشنەوە، قەرەبوویان دەکاتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە بە ئامانجی لاوازکردنی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان، بۆ ئەوەی لە گەیشتن بە ئامانجەکانیدا كەند و كۆسپی لەرێدا نەبێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات کە بابەتەکە بەوەوە ناوەستێت، ئێستا ترامپ داوا دەکات ناسنامەی ئەو بریکارە فیدراڵییانە ئاشکرا بکرێت کە بەدواداچوونیان بۆ رووداوەکانی هێرشکردنە سەر کۆنگرێسیان کردووە لە 6-1-2021 ئەمەش ئەوان و بنەماڵەکانیان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە، بەپێی فەرمانە دادوەرییەکان، هەوڵی وەستاندنی ئەم کارە دەدەن. ئاماژە بەوەش دەکات، تەنانەت لەناو خودی کۆشکی سپیشدا، بەرپرسانێک هەن کە نازانن ماسک لە داهاتوودا چی دەکات؟
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە بڵاویکردەوە، ماسک بە ئاستێکی سەربەخۆیی بەهرەمەندە کە کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات، ئەمەش وایکردووە ببێتە سەرۆکی دیفاکتۆ، لەکاتێکدا ترەمپ بەرگێکی سیاسی بۆ دابیندەکات.
داسکاڵ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ لە واشنتۆن روودەدات، تەنها ململانێیەکی سیاسی نییە، بەڵکو داڕشتنەوەی ریشەیی حکومەتی ئەمریکایە، کە رەنگە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئەمریکا، بەڵکو کاریگەریی لەسەر ئاسایشی جیهانیش هەبێت، بە ئیسرائیلیشەوە.
لە کۆتاییدا دەڵێت، ئەگەر ترەمپ و ماسک بەردەوام بن لە جێبەجێکردنی دیدگای توندڕەویی خۆیان، جیهان رووبەڕووی سەردەمێکی نوێی ئاژاوەی سیاسی دەبێتەوە، کە کۆمپانیا گەورەکان وڵاتان کۆنترۆڵ دەکەن و حکومەتەکان بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەمەندترین کەسەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە.
ترەمپ چاوی بڕیوەتە خاکی غەززەی وێرانکراو