لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، ترەمپ كە كاندیدی كۆمارییەكان بوو بەڵێنیدا، ئەگەر ببێتە سەرۆكی ئەمریكا لە ماوەی 24 سەعاتدا جەنگی روسیا و ئۆكرانیا كۆتایی پێدەهێنێت، بەڵام وا نزیكەی مانگێكە لە كۆشكی سپییە، بەلام بەڵێنەكەی جێبەجێ نەكردووە، دەكرێت ئەم بەڵێنە لەكاتی هەڵبژاردن بۆ راكێشانی جەماوەر و دەنگهێنان بێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن، ترەمپ لێدوانێكی تری داو وتی لەماوەی 100 رۆژدا جەنگەكە رادەگرێت، ئێمە لێرەدا باس لە هەڵوێست و دەرفەت و ئاڵەنگارییەكانی ئەو هەنگاوەی ترەمپ دەكەین.
سیاسەتی تێڵا و گێزەر
هەرچەندە ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پوتین دەربڕیوە، بۆئەوەی لەبارەی جەنگی ئۆكرانیاوە گفتۆگۆ بكەن، بەڵام لەبەرامبەردا پەیامێكی هەڕەشەئامێزی بۆ پوتین ناردووە، گەر رێكەوتن نەكەی سزا بەسەر وڵاتەكەدا دەسەپێنین، ترەمپ سیاسەتی تێڵا و گێزەر پەیڕەو دەكات كە لە چوارچێوەی پاداشت و سزا خۆی دەبینێتەوە، بەجۆرێك خواردنێكی چەور دەخاتە سەرمێزەكەی پوتین بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكرانیا، لە هەمان كاتدا زنجیرەیەك سزاشی نیشان دەدات، هەردوو هەنگاوەکەش بۆ ترەمپ قورس نییە، چونكە ئەو بە پیاوی بڕیار و رێكەوتنە خێراو قورسەكان ناوی دەركرووە، لە رووی ئابوورییەوە دەڕوانێتە دۆسییەكان و دەیەوێت جەنگەكە كۆتایی بێت، چونكە ساڵی رابردوو ئەمریكا بەبڕی 64 ملیار دۆلار هاوكاری سەربازیی پێشكەش بە ئۆكرانیا كردووە، بە راگرتنی جەنگیش ئەو بڕە پارەیەی بۆ دەگەڕێتەوە.
پوتین پاروەكە قوت دەدات
پوتین ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان راگەیاندووەو گومانی تێدا نییە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ترەمپ خاڵێكی گرنگی گۆڕانكاری دەبێت، بۆ هێوربوونەوەی جەنگی ئۆكرانیا، چونكە ترەمپ هاوڕێیانە مامەڵە لەگەڵ پوتین دەكات، لە کاتێکدا بایدن پوتینی بە بکوژ وەسف دەكرد. ئەمەش وا خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، کە پوتین لەگەڵ راگرتنی جەنگدا بێت، چونكە ئامانجەكانی خۆی بەدیهێناوە، 3 هەزار میل چوار گۆشەی لە خاكی ئۆكرانیا كۆنتڕۆڵ كردووە، سوپاكەشی لە پێشڕەویدایە، بەمەش دەتوانێت مەرجەكانی خۆی لە كاتی دانوستان بسەپێنێت، جیا لەوە، بەهۆی سزاكانی وڵاتانی خۆرئاوا شەكەت بووەو دەیەوێت ئاهێكی بەبەردا بێتەوە، لە هەمووشی گرنگتر وێنەیەكی سەركەوتن بە پوتین دەدرێت و جارێكی تر شانبەشانی سەرۆكی ئەمریكا دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.
ئۆكرانییەكان لە سەركەوتن دڵنیا نین
هەرچەندە ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا لەگەڵ دانوستاندایە، بەڵام پوتین رەتیكردۆتەوە لەگەڵیدا دابنیشێت، چونكە زیلینسكی بە سەرۆكێكی ماوە بەسەرچوو وێنادەكات و دەڵێت هەڵبژاردن نەكراوە لە ئۆكرانیا، هەربۆیە ترەمپ پلانی ئامادەكردووە کە بەزووترین كات هەڵبژاردن بكرێت لە ئۆکرانیا تاكو ئەو گرێیە بكاتەوە، زیلینسكیش لەگەڵ راگرتنی جەنگدایە بەتایبەت کە ترەمپ هەڕەشەی راگرتنی هاوكارییە سەربازییەكانی لێ كردووە، ئەوروپاش هاوكارییە سەربازییەكانی كەمكردۆتەوە، سوپاكەشی لە پاشەكشەدایە، لەماوەی ساڵێكدا سێ جار فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئۆكرانیای گۆڕێوە، ژێرخانی ئابووری و وزەی ئۆكرانیا وێران كراوە.
وڵاتانی ئەوروپا دابەش بوون
وڵاتانێك هەن لە ئەوروپا پوتین بە مەترسی دادەنێن، وەك ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا، وڵاتانێكیش هەن ئامادەن دەستوەردان لە دژی روسیا بكەن، وەك پۆڵەندا و دەوڵەتانی باڵتیك، وڵاتانێكیش هەن نزیكن لە روسیا، وەك هەنگاریا و سلۆڤاكیا و سربیا، ئەم دابەشبوونە روسیای بەهێز كردووە، جیا لەوەش ئەوروپا لەرووی ئابوورییەوە پاشەكشەی كردووە نرخی شتومەك گران بووە و بێكاری زیادی كردووە، هەربۆیە نازانن چۆن هاووڵاتیانی خۆیان قەناعەت پێ بكەن كە پارە بنێرن بۆ ئۆكرانیا، لە رووی سیاسییەوە كێشەیان هەیەو راسترەوەكان لەگەڵ بەردەوامی جەنگەكە نین، لەسەرو ئەوانەشەوە ئاوارەیەكی زۆر رووی تێكردوون و بوونەتە بارگرانی بۆیان، لەوەش خراپتر ترەمپ هەڕەشەی سەپاندی باجی كردووە بەسەر كاڵاكانی ئەوروپادا، هەموو ئەو فشارانە وادەكات ئەوروپا نەتوانێت بەردەوامی بە جەنگ بدات.
داواكاری لایەنەكان چین
ترەمپ دەیەوێت بە راگرتنی جەنگ، خۆی وانیشان بدات، پیاوی كارە قورسەكانەو خەرجییەكی زۆریشی بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئاستەنگەكانی بەردەمی، بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا و باڵی هەڵۆكانن لە ئەمریكا، كە لەگەڵ راگرتنی جەنگدا نین و روسیا وەك دوژمنی ئەمریكا دەبینن، هەربۆیە رەنگە كۆنگرێس ببێتە لەمپەر لەبەردەم ترەمپدا، روسیاش دەیەوێت گرنتی ئەوە بكات، ئۆكرانیا نەبێتە ئەندامی ناتۆ و ئۆكرانیاش دان بە سەروەری روسیا لەو ناوچەیەی وڵاتەكەیدا بنێت، كە روسیا كۆنترۆڵی كردووە، هەروەها سزاكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگیرێت، ئۆكرانیاش داوای گرنتی ئەمنی لە ئەمریكا دەكات، كە جارێكی تر روسیا نەبێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتەكەی و سوپای روسیا لە ناوچەكانی بكشێتەوە، ناوچەیەكی داماڵراویش لە چەك و هێزێكی ئاشتی پارێزی ئەوروپا لە نێوان روسیا و ئۆكرانیا دروست بكرێت، بەڵام روسیا رەتیدەكاتەوە هێزی ناتۆ نزیك وڵاتەكەی بێت، ئەگەریش بكشێتەوە لە خاکی ئۆكرانیا ئەوا لە ناوچە ستراتژییەكان ناكشێتەوە.
رەنگە ترەمپ هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوە، بەڵام سەختە بتوانێت رێکیان بخات.
*ماستەر لە زانستە سیاسییەکان