وەک دەزانین کێشەکانی ئینتەرنێت بەردەوام روو لە زیادبوونە، لەم دنیا دروستکراوە رووناکەدا هەموو شتێک تاریکە، هەموو کەسێک نەناسراوە، دەرفەتی تەواو بۆ هەڵە و تاوان رەخساوە، هەر کەسێک لێرە چەکێکی مەترسیداری پێیە کە ترسناکترە لە هەر چەکێکی دنیای راستی بۆ مرۆڤکوژی، رەنگە ئێمە ئیتر راهاتبین لەوەی ئاسایی سەیری ئەم داهێنانەی بەردەستمان بکەین، ئەوەندە ئاسایی بووەتەوە لەلامان نەک گەورە ساڵان، بەڵکو منداڵانیش وەک خۆڵ ئامێری زیرەک و ئینتەرنێت رژاوە لەبەر پێیان، تەواو بێ کاردانەوە بووین لەوەی رۆژانە چاومان به دیمەنێکی نەشیاو هەڵبهێنین، گوێمان بە هەواڵێکی دڵتەزێن پڕبکەین، ئەمە خاڵێکی زۆر مەترسیدارە کاتێک ئینتەرنێت وەک ماددەی بێهۆشکەر مرۆڤایەتی بەرەو بێ هەست بوون و بێ کاردانەوەیی دەبات.
یەکێک لەو چەکانەی لێرە دەدرێت بە مرۆڤ (ماسک)ە هەر کەسێک ماسکێک بۆخۆی هەڵدەبژێرێت کە لەگەڵ دەروونی خۆیدا بگونجێت، جا وای بەحاڵی ئەوەی دەروون نەخۆشە، کە بە داخەوە هۆکاری تاوان و کێشەکانی کۆمەڵگە ئەو ماسکدارە دەروون نەخۆشانەن، لە تیکتۆک ڤیدیۆیەک دادەبەزێنن دەنووسن: جۆینی تێلیگرامەکەمان بکە بۆ دەستکەوتنی مەلەفی خەڵکی بە وێنە و ڤیدیۆ.!
کاتێک جۆینی ئەو گروپە دەکەیت، بۆ هەندێک وێنە و ڤیدیۆ داوای پارەت لێ دەکرێت، هەڵبەتە بە ناردنی کارت، بۆ هەندێک وێنەش دەڵێن، ناتوانین بۆت بنێرین، لەبەرئەوەی خاوەن مەلەفەکە پارەی بۆ ناردووین بۆ کەسی نەنێرین.!
لێرەدا تێدەگەیت هەم مادی و هەم دەروونییەن کەسەکە راو کراوە.!
سەرت دەسوڕمێ لەوەی لەناو ئەو گروپانەدا دەیبینیت، زۆر بگەڕێی وێنەی خۆت و خێزانەکەت دەدۆزیتەوە.!نازانیت چۆن و لە کوێ دەستیان کەوتووە، دەکەویتە گومان لە هەر تاکێکی خێزانەکەت کە وێنەکانی دزە پێکردبێت.
زۆرجار ئەم وێنە خێزانییانە لە ئایپادی منداڵەوە دزه دەکات، کاتێک نەزانانە تیکتۆک و ئەپەکانی دیکە بەکاردەهێنن و راو دەکرێن لە لایەن ئەو کەسانەوە، بێگومان ئەم کارە قێزەونە بۆ تاڵکردنی ژیانی تایبەت و کۆمەڵایەتی قوربانییەکانە، لە پێناو دەستکەوتنی پارەدا، هەندێک جاریش لەپێناو پارە نییە تەنیا چێژ بینینە لە ئازاردانی خەڵک و بینینی ترسەکانیان، ئەوەی جێی ترس و نیگەرانییە هەندێک لەم باند و گروپانە لە دەرەوەی وڵاتن کە دەستی یاسا و سزا پێیان ناگات، هەندێکی دیکەیان دۆستێکی دوور یان نزیکی خۆتە، بەڵام لەم دنیایەدا دوژمنتە، لەم بارودۆخەدا کەسی قوربانی کە تووشی دڵەڕاوکێ و تۆقین بووە بەبڵاوبوونەوەی وێنە تایبەتەکانی و هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار ناتوانن بە زوویی هاوکاری بن، ناچار لەبەر کاردانەوەی خێزانەکەی پەنادەباتە بەر خۆکوشتن.
باشترین چارەسەر بۆ رێگریکردن لەم دیاردەیە، بۆئەوەی هیچ کەسێک تووشی داوی ئەم گرووپانە نەبێت و وێنە و ڤیدیۆ کەسییەکانی پارێزراو بێت، بلۆک کردن و رەشکردنەوەی تیکتۆکە، جۆین نەکردنی گروپ و چەناڵەکانی تێلیگرامە، منداڵەکانتان لە تیکتۆک بپارێزن، کورد وتەنی: خۆپاراستن لە چارەسەرکردن باشترە.