دیاردەی کۆچکردن یەکێکە لەو دیاردانەی لە کۆنەوە مرۆڤایەتی ناسیوویەتی، ئەگەرچی بەگوێرەی سەردەمەکان هۆکارەکانی دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی بارودۆخی جەنگ و ململانێی چەکداری و کارەساتی سروشتی و قەیرانی ئابووری هەمیشە هۆکارگەلێک بوون کە پاڵیان بە تاکەکان و بەتایبەتتر گەنجانەوە ناوە تا کۆچ بکەن لە وڵاتی رەسەنی خۆیان بۆ وڵاتی مەبەست لە پێناو داهاتوویەکی گەشتر و ژیانێکی شایستە تر. (دۆنالد بۆج) پێناسەی کۆچ دەکات بەوەی ئاماژەیە بۆ گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتووان و دووبارە خۆگونجاندنەوەیان لەگەڵ بوارە جیاوازەکانی ژیان لەکۆمەڵگەیەکی تر.
بێگومان هەر رەفتارێک کە مرۆڤ ئەنجامی دەدات کۆمەڵێک پاڵنەری ناوەکی هەیە، کە وای لێدەکات ئاڕاستە دەبێت بۆ کردنی ئەو جۆرە لە رەفتار، هەندێک لەم پاڵنەرانە ناودەبرێت بە (غەریزە) وەک ئەوەی تیوری (غرائز) پێیوایە کە لە ناخی مرۆڤدا بەشێوەیەکی خۆڕسک و لەگەڵ دروستبوونی کۆمەڵێک غەریزە هەیە کە ژیان و داهاتووی مرۆڤ ئاڕاستە دەکات.
لەمبارەوە (ماکدوجل) پێناسەی دەکات بەوەی کە بریتییە لە: ئامادەباشییەکی دەروونی جەستەی بۆماوەیی کە یارمەتی تێگەشتنی مرۆڤ دەدات لە ژینگەی چواردەوری و دواتر جۆرە وروژاندنێكی هەڵچوونی لا دروست دەکات کە رەفتاری ئاڕاستە دەبێت بەرەوکردنی کارێک و هێنانەدی ئامانجێک.
بە گشتی ماکدوجل چەند غەریزەیەکی دیارییکردووە کە لە نێو خودی مرۆڤەکان هەیە و بەرپرسە لە هەر رەفتار و هەڵسووکەوتێک کە ئەنجامی دەدات ئەوانیش (خواردن، سێکس، ترس، پاراستن، پاڵپشتییکردن، توڕەبوون، حەزی زانین، کۆبوونەوە، تەمەڵی، یارمەتی، پێکەنین و دڵخۆشی، حەوانەوە، خەو، کۆچ) واتە کۆچکردن یەکێکە لەو غەریزانەی کە ماکدوجل لە مرۆڤدا دیارییکردووە، تەنانەت (لامارک) پێی وایە زۆرێک لە رەفتارەکانی مرۆڤ ئەگەر تەماشای بکەیت کاریگەریی غەریزەکانی پێوە دیارە.
کەواتە بەپێی ئەم بۆچوونە، مرۆڤ هەرکات هەستی بە نائارامی کرد لەو شوێن و جێگایەی تیایدا دەژی، ئەمە دەبێتە هاندەرێک کە کاریگەریی غەریزەی کۆچ، پاڵی پێوە دەنێت تا شوێن و جێگاکەی بەجێبهێڵێت و رووبکاتە شوێن و جێگایەکی تر.
لەلایەکی دیکەوە زانایەک هەیە بەناوی (کانون) کە چەمکێکی دانا بە ناوی (الهیوستازی-الاتزان الحیوي) هاوسەنگى زیندەیی، مەبەستی لێی ئەوەیە کە جەستەی مرۆڤ سیستەمێکی جێگیری هەیە کە پارێزگاری لە مانەوەی دەکات لە ژیان و یارمەتی دەدات بۆ کارلێکردن لەگەڵ ژینگەی چواردەوری و دەڵێت: هەرکاتێک مرۆڤ بەهەر هۆکارێکی ناوەکی یان دەرەکی باڵانسی تێکچوو، ئەوا پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی کۆمەڵێک پڕۆسەی جێگرەوە بۆ گێڕانەوەی ئەم هاوسەنگییە و ئەگەر نەیتوانی سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا پاڵنەرەکانی دەوروژێن و ئاڕاستەی رەفتاری دەکەن بەرەو ئامانجێکی دیارییکراو لە پێناو نەهێشتنی ترس و دڵەڕاوکێ و گەڕانەوەی هاوسەنگی دەروونی و ناوەکی.
لە پرۆسەی کۆچ هەمان شت تێبینی دەکرێت هەروەک (کانون) باسی لێوە دەکات. بێگومان ئەگەر مرۆڤ لە خاک و زێدی خۆی هەستی بە ئارامی دەروونی کرد و هاوسەنگیی ناوەکی پارێزراو بوو چ پێویست دەکات ژیان و ماڵ و کەسوکاری جێبهێڵیت و رووبکاتە وڵاتێکی دیکەی زۆر جیاواز لە زمان-ئاین-کەلتور-یاسا و ستایلی ژیان کردن؟! هەروەها پەنا بەرێتە بەر چەندین رێگای مەترسیدار کە زۆرجار مەترسیی و سەرکێشییەکە بە ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی دەکات و لە زۆرێک لە نموونەکانیش بەرچاومان کەوتووە کە کۆتایی بە گەنجی و ژیانییان هاتووە بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی باشتر لەوەی ئێستا هەیەتی، کەواتە ئەمە کاریگەریی غەریزەی خۆشەویستی بۆ مانەوە (حب البقاء) وا لە مرۆڤ دەکات رێگایەکی نادیار بگرێتە بەر لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی ناوەکی و دەرەکی.
لەلایەکی دیکە (لیڤن) دەڵێت: رەفتاری مرۆڤ بریتییە لە کارلێکی نێوان خودی مرۆڤ و ژینگەی چواردەوری، تەنانەت پاڵنەرە ناوەکییەکانی مرۆڤ دەرئەنجامی وروژێنەری دەرەکی دروست دەبێت. کەواتە لێرەوە دەردەکەوێت، کە بوونی مرۆڤ ژیانکردنی لەنێو دەستە و گروپ و کۆمەڵگا و کاریگەربوونی بە هەموو ئەو بارودۆخە سروشتی و ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و یاسایی وتەندروستی و ئایینی ...هتد هۆکارگەلێکن بۆ کۆچ کردن.
*سەرۆکى بەشى کارى کۆمەڵایەتى لە زانکۆی سلێمانى